پسپۆڕێکی یاسایی: پێویست نییە جگە لە هێزە ئەمنییەکان، کەس چەکی پێ بێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پسپۆڕێکی یاسایی: پێویست نییە جگە لە هێزە ئەمنییەکان، کەس چەکی پێ بێت

 “ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجومەنە خۆجێییەکان دەبێت سوور بن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە"

 

پسپۆڕێکی یاسایی باس لە گرنگیی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ قەدەغەی بەکارهێنانی چەک و فرۆشتنی بەئاشکرا دەکات و دەڵێ، دیارە کێ پارێزگاریی لە ئەمن و ئاسایشی وڵات دەکات، پێویست نییە جگە لە هێزە ئەمنییەکان کەس چەکی پێ بێت. 

د. رێبوار محەمەد، پسپۆڕی یاسا و مامۆستای زانکۆ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “لە هەرێمی کوردستاندا ئەستەمە ماڵ هەبێت و چەکی تێدا نەبێت، زۆربەی ئەو چەکانەش نایاسایین، ئەو قسانەش، کە لەسەر بابەتی عەشایەری و دوژمنداری دەکرێن و بە گرنگی دەزانن چەکیان هەبێت، ئەوەش نایاساییە، چونکە راستیی ئەوەیە، دەوڵەت پارێزگاریی لە تاکەکانی کۆمەڵگا دەکات، هیچ تاکێک پێویستی بەوە نییە بە چەکی خۆی پارێزگاریی لە خۆی بکات، چونکە ئەرکی دەوڵەتە پارێزگاریی لە تاکەکانی بکات“.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ بڕیارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ قەدەغەکردنی چەک زۆر بە گرنگ دەزانێت، پێی وایە، کە نابێت لەبنەڕەتدا چەک بە دەست کەسانی مەدەنییەوە بێت و بەکاری بهێنن، چونکە تەنیا هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و پێشمەرگە، کە پارێزگاریی لە وڵات دەکەن، مافی هەڵگرتنی چەکیان هەیە، دەڵێ؛ پێم وانییە جگە لەم هێزانە کەس پێویستی بە هەڵگرتنی چەک هەبێت.

د. رێبوار محەمەد گوتیشی: “رەنگە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت، هەندێک خەڵک هەوڵی ئاستەنگ دروستکردن دەدەن، بۆیە دەبێت سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنە خۆجێیەکان، پارێزگارەکان و هێزە ئەمنییەکان لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە سوور بن، ئەگەر چەکی نایاسایی لە دەستی خەڵکدا نەمێنێت، ئەوا کاریگەریی زۆری لەسەر کەمبوونەوەی تاوانی کوشتن دەبێت“.

هاوکات مامۆستاکەی زانکۆ دەڵێ: “بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت جێگای دەستخۆشییە و دەبوو زووتر دەربکرایە، ئومێد دەکەین جێبەجێ بکرێت، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکداین، کە دیاردەی چەکداری تێیدا زاڵە و چەکفرۆشتن تا ئەمڕۆش بەئاشکرا هەبووە“.