كۆشكی سپی پاڵپشتی لە فرۆشتنی فڕۆكەی F16 به‌ توركیا ده‌كات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

 كۆشكی سپی پاڵپشتی لە فرۆشتنی فڕۆكەی F16 به‌ توركیا ده‌كات

لە كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە مەدرید، توركیا ڤیتۆی لەسەر ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ هەڵگرت، ئەمەش وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و بەتایبەت ئەمریكای دڵخۆش كرد، بۆیە كۆشكی سپی، پاڵپشتی خۆی بۆ فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی F16 بە توركیا نیشاندا.

فینانشیال تایمز بڵاوی كردووەتەوە، توركیا ناكۆكی و كێشەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا كەم كردووەتەوە و كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆش لە مەدرید، هەلێكی باش بوو بۆ توركیا و وڵاتانی ئەورووپا كە لە یەكتری نزیك ببنەوە.

فەرماندەی خانەنشینكراوی ئەمریكی بەناوی بین هۆدگس، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”ئیدی پێویستە ئەمریكا لە دەریای رەش بە چاوێكی زۆر ستراتیژیانە سەیری رووداوەكان بكات، هەروەها پەیوەندی خۆشی لەگەڵ توركیا ئاسایی بكاتەوە“.

سیناتۆر لیندسی گراهام، لەبارەی فڕۆشتنی فڕۆكەی F16 بە توركیا پێیوایە، پێویستە ئەو فڕۆكەیە بە توركیا بفرۆشرێت، لەوڕووەوە پاڵپشتی خۆشی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دەربڕی.

گوتیشی: ”هەرچەندە لەگەڵ توركیادا بۆچوونی جیاوازمان هەبێت و ناكۆك بین لە چەند رووەیەكەوە، توركیا لە ناتۆ هاوپەیمانمانە و لە جوگرافیایەكی سەربازی سەختدا، لەڕووی سەربازییەوە پاڵپشتی توركیا بین، بۆ بەرژەوەندی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریكا گونجاوە“.

لە 2021، توركیا بە فەرمی داوای كرد ئەمریكا 40 فڕۆكەی F16ی پێبفرۆشێت، بەڵام ئەمریكا بە ئەرێنی وەڵامی توركیای نەدابووەوە، تا كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە مەدرید، گەییشتنە رێككەوتن و وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئیدی توركیا دەتوانێت F16 لە ئەمریكا بكڕێت.

جێگری وەزیری بەرگری ئەمریكا، پاڵپشتی خۆی بۆ فرۆشتنی F16 بە توركیا دەربڕی و گوتی، ئەمە بۆ ئاساییشی ناتۆ و هەروەها ئەمریكاش گرنگە.

هەموو ئەم رێككەوتنانە دوای رەزامەندی توركیا هات بۆ بوونە ئەندامی سوید و فینلەندا لە ناتۆ، بەڵام رۆیتەرز جیا لە هەموو ئەو پێشبینی و گوتانە، دەڵێت لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ، نە ئەمریكا هیچ داواكارییەكی لە توركیا هەبووە، نە توركیاش هیچ داواكارییەكی لە ئەمریكا هەبووە.

دوای ئەوەی توركیا مووشەكی بەرگری S400ی لە رووسیا كڕی، ئەمریكا وەكوو سزایەك بۆ توركیا كە بەبێ پرسی ناتۆ ئەو هەنگاوەی ناوە، بۆیە فرۆشتنی فڕۆكەی F16ی بە توركیا راگرت.

ئەوەی زۆر قسەی لەسەر دەكرێت لەو كۆبوونەوەیە، توركیا بۆچی هەڵوستی خۆی گۆڕی و رێگەیدا سوید و فینلەندا ببنە ئەندامی ناتۆ، لە كاتێكدا پێشتر رەجەب تەییب ئەردۆغان، دەیگوت با خۆیان ماندوو نەكەن، پشتگیری لە وڵاتێك ناكەین ببێتە ئەندامی ناتۆ، كە پاڵپشتی لە تیرۆر بكات، مەبەستی پەكەكە و یەپەگە بوو.

ئاژانسی ئێكۆنۆمیست بڵاوی كردووەتەوە، ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ، بەسەركەوتوو لێی هاتە دەرەوە، چونكە ئەوەی ویستی بەدەستی هێنا.

سوید و فینلەندا، رەزامەندیان دەربریوە، نزیكەی 30 كەسی سەر بە پەكەكە، كە ئێستا لەو دوو وڵاتە دەژین رادەستی توركیا بكرێنەوە، بەڵام بەو مەرجەی كە دەبێت لەژێر چاودێری یاسای نێودەوڵەتییەكان بێت.

هەروەها ئەو دوو وڵاتە گەمارۆی فرۆشتنی چەكیان لەسەر توركیا هەڵگرت، كە پێشتر بە هۆی ئەوەی توركیا هێرشی كردبووە سەر یەپەگە لە رۆژئاوای كوردستان، وەكوو سزایەك بۆ توركیا فرۆشتنی چەكیان راگرتبوو.

هەروەها، بەڵێنیان داوە كە بەهیچ شێوەیەك رێكە نەدەن پەكەكە و گولەنییەكان هیچ چالاكییەك ئەنجام بدەن و رێگەیان لێ بگرن، هەر ئەمەش داواكارییەكانی توركیا بوو و بەدەستی هێنا