کوردبوون لە کۆبوونەوەی ناتۆدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ئاوارە هەورامی 29/06/2022

کوردبوون لە کۆبوونەوەی ناتۆدا

چەند هەفتەیەکە ئازارێکی بەردەوام ناخی هەژاندووم و ھەست بە خەمێکی گەورە دەکەم و ئەم ئازارە نوێ نییە و بە دەیان جار دووبارە بووەتەوە، بەڵام ھەر جارەی بە جۆرێک. ھێرشی دوژمنان بۆ سەر خاکی کوردستان لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان، فرۆشتنی خاکی کوردستان بە دەستی کورد بە دوژمنانی کورد، لەسێدارەدانی چالاکوانی ھەموو بوارەکانی کورد بە دەستی دوژمن، دووبەرەکیی ماڵی کورد. ئەم جارەش سیاسەتی ھەڵەی پارتێکی کوردی وایکرد جارێکی دیکە برینەکانم بکۆلێنەوە.

لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، گەورەترین و مێژووییترین کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ بەڕێوە دەچێت، ئێمە تاکە کەناڵی کوردین لێرە ئامادەین، بەپێچەوانەی ھەموو جارەکانی دیکە، کە لە کۆبوونەوە و چالاکی و کۆنفرانسی گەورەی وڵاتان بەشدار بووم، بۆ گواستنەوە و رووماڵی ھەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە کوردستان و جیھان، کە بەردەوام وزەیەکی تایبەت و ھەستێکی خۆشی پێ دەبەخشیم، کاتێک ناوی کورد دەھات، شانازییم بە کوردبوونم و کوردستانی بوونمەوە دەکرد و ئێستاش ھەناسەکانم بەس بۆ کوردستان دێ، بەڵام بەداخەوە، ئەمجارە و دەتوانم بڵێم بۆ یەکەمجارە، وەک جارەکانی دیکە باسی قارەمانێتیی پێشمەرگە و شەڕی پێشمەرگەی دژ بە تێرۆریستانم گوێ لێ نابێت. مرۆڤ هەست دەکات دنیا و مێشکی سەرکردەکان وەک کۆمپیوتەر، یان هەر ئامرازێکی زیرەک وایە، کاتێک دۆگمەی سڕینەوە لێ دەدەیت، ھەموو زانیارییەکانی لایان پاک دەبێتەوە. لەم کۆبوونەوە جیهانییەی، کە هەموو چاوی دونیای لەسەرە، بە ھۆی ھەڵەی یەک پارتی کوردییەوە، کە ناوی کوردم گوێ لێ دەبێت، وشەی دواتری تیرۆریستە، لەگەڵ ئەوەی دەشزانم تەنیا مەبەستیان پەکەکەیە و دیسانیش ئازار و خەمێک ھەموو جەستەمی داگرتووە. چەندین شۆڕشی ڕەوا، شەهید، لەدەستدانی چەندین سەرکردەی بەئەمەک، لەپێناو بەرزڕاگرتن و پاراستنی ئەو ناوە جوانەی کورد و کوردستان بە درێژیی تەمەنی شۆڕشەکانی کارێکی نەکردووە ئەو ناوە لەکەدار بکرێت، بەڵکو هەمیشە شانبەشانی داواکردنی مافە رەواکانی گەلەکەمان، کاریان بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی کوردستان کردووە و هەمیشەش دوور بووە لە ناوزەدکردن بە وشەی نەشیاو، وەک ئەوەی ئێستا لەسایەی پارتێکەوە، لە گەورەترین و مێژووییترین کۆبوونەوەی لوتکەی سەرانی گەورە وڵاتانی کۆبووەوە لەژێر چەتری ناتۆ، بەو جۆرە ئازاراوییە ناوی کورد بهێنن.

کورد و کوردبوون بۆ من، یانی ھێز، یانی باوەڕ، یانی ژیان، یانی مرۆڤایەتی، یانی ئازایەتی، یانی شۆڕش، یانی بەرگری، یانی خەبات، یانی پێشمەرگە، یانی شەھید، یانی کەرامەت، یانی وڵاتپارێزی، یانی خۆشەویستیی دایکم بۆ خاکی کوردستان.