كێ وانه‌ی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی ده‌ڵێته‌وه‌؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
مه‌عروف حه‌مه‌د سه‌عید 29/06/2022

كێ وانه‌ی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی ده‌ڵێته‌وه‌؟

ئه‌ركی سه‌ختی كارگێڕیی قوتابخانه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و مامۆستایه.

پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی بنچینه‌ و سه‌ره‌تای چوونی قوتابییه‌ بۆ قوتابخانه‌، ئه‌و قۆناغه‌ ده‌سپێكیكه‌ بۆ بنیادنانی بناغه‌یه‌كی تۆكمه‌ و به‌هێز بۆ داهاتووی قوتابی، قوتابی دووچاری ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ ماڵ و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ده‌چێته‌ ژینگه‌یه‌كی نوێ كه‌ كۆمه‌ڵێك منداڵی دیكه‌ و مامۆستا ده‌بینێت كه‌ پێشتر نه‌یبینیون و له‌و باره‌ نوێیه‌دا بۆ یه‌كه‌م جار ده‌بێت په‌یوه‌ست بێت به‌ یاسا و ته‌نانه‌ت كاتی نوستن و هه‌ستان و چوون و هاتنه‌وه‌ و یاریكردنیشی گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت؛ ئه‌و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كا كه‌ ئیتر كه‌وتووەته‌ قۆناغێكی سه‌ختتر. له‌و كاته‌دا منداڵ پێویستی به‌ پشتیوانی و ده‌ستگرتن و هاوكاریی قوتابخانه‌ و باوانیشی ده‌بێت تاكوو بتوانێت له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكارییه‌ نوێیه‌دا له‌ ترس و نیگه‌رانی ڕزگاری ببێت و خۆی بگونجێنێت و تێیدا سوودمه‌ندیش ببێت. بۆیه‌ پێویسته‌ مامۆستا كه‌شوهه‌وایه‌كی گونجاو و له‌بار دروست بكات، سه‌رنجی قوتابی ڕابكێشێت كه‌ قوتابخانه هاوشێوه‌ی ماڵ چێژبه‌خشه‌ و قوتابیان و مامۆستاكان وه‌كوو باوك و برا و هاوڕێی ئه‌ون و جێی مه‌ترسی نین بۆ ئه‌و، لێره‌دا مامۆستا ئه‌ركێكی قورسی له‌ئه‌ستۆیه‌ و ئه‌ركی قوتابخانه‌ش له‌و قورستره‌ كه‌وا كامه‌ مامۆستا بۆ پۆلی یه‌كه‌م دیاری ده‌كات كه‌ ئه‌و توانا و خه‌سڵه‌تانه‌ی هه‌بێت و خاوه‌نی ئه‌زموون و كارامه‌یی بێت و له‌ ئاست ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ گه‌وه‌ره‌یه‌دا بێت.

دڵسۆزی و توانای به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی مامۆستا بۆ وتنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌وه‌ بێت كه‌ مامۆستاكه‌ كه‌سێكی هێمن و له‌سه‌رخۆ و ئارامگر بێت و به‌سه‌لیقه‌ و دڵسۆز بێت و پیشه‌كه‌ی خۆش بوێت و گرینگی به‌ بواری په‌روه‌رده و فێركردن بدات.

پێویسته‌ وه‌ك هاوڕێ و كه‌سی قوتابی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكات و به ‌كرداری جوان و قسه‌ی خۆش سه‌رنجی قوتابیان بۆ لای خۆی ڕابكێشێت تا قوتابی هه‌ست به‌وه‌ بكا كه‌ هاتووه‌ته‌ ژینگه‌یه‌كی له‌بار و گونجاو بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردن. هه‌ست به‌وه‌ بكا كه‌ مامۆستاكه‌ی وه‌ك كه‌سی خۆی وایه‌، دڵسۆزی و خه‌مخۆریی خۆی به‌ وته‌ی شیرین و خۆش و به‌ كرداری په‌روه‌رده‌یی و په‌یڕه‌وكردنی ڕێگاكانی وانه‌وتنه‌وه‌. سه‌رنج و هه‌ستی قوتابیان بۆ لای خۆی ڕاكێشێت و هیچ كات قوتابی ڕووشكێن نه‌كات، هه‌میشه‌ هانده‌ر و پاڵپشت بێت بۆیان و زیاتر لەو‌ قوتابیانه‌ نزیك ببێته‌وه‌ كه‌ له‌وانی دی ئاستیان لاوازتره‌، له‌ كاتی نووسین و ده‌ربڕیندا هاوكاریان بكات و هانیان بدا.

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مامۆستا وا بكات قوتابی به‌ كه‌سی خۆی داده‌نێت و زیاتر گوێی بۆ ده‌گرێت و لێی فێر ده‌بێت و له‌ قوتابخانه‌ بێزار نابێت، شاره‌زایی و خاوه‌ن ئه‌زموونیی مامۆستا هه‌رچه‌ند بێت پێویسته‌ به‌رده‌وام سه‌ردانی مامۆستای دیكه‌ بكات بۆ بینینی له ‌كاتی وانه‌گوتنه‌وه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر كه‌ڵك له‌ شاره‌زایی وه‌رگرێت.

مامۆستا ئه‌ركێكی ویژدانیی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر تاكوو بۆ داهاتوو نه‌وه‌یه‌كی تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتوو ئاماده‌ بكا، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو تواناكانی خۆی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترینی قوتابیان لێی فێر بن و لێی تێبگه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باشترین و ڕاستترین هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری مامۆستا قوتابییه‌ نه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیار و به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌یی، جیا له‌ ئه‌ركی فێركردن كه كاری سه‌ره‌كیی مامۆستایه‌، له ‌هه‌مان كاتدا ڕه‌چاوی لایه‌نی مرۆڤیی بكات به‌رامبه‌ر به‌ قوتابییه‌كان و هیچ كات له‌و بڕوایه‌دا نه‌بێت كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌به‌رده‌میدان منداڵن و هیچ نازانن و ده‌رك به‌ هیچ ناكه‌ن، پێویسته‌ زۆر وریای هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی بێت و هه‌ر ڕه‌فتارێك كه‌ بینوێنێت هه‌وڵ بدات وه‌كوو په‌ند و وانه‌یه‌ك بێت بۆ قوتابییه‌كانی و ته‌نانه‌ت به‌ درێژایی ته‌مه‌نییان له‌گه‌ڵیاندا بمێنێته‌وه‌ و بتوانن كه‌سایه‌تیی خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئامۆژگاری و گوته‌ و بیره‌وه‌رییه‌كانیدا هه‌ڵچنن. هه‌رگیز له‌بیرم ناچێت كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ت مامۆستای پۆلی یه‌ك بووم، له‌و پۆله‌دا قوتابییه‌ك هه‌بوو له‌ڕووی تێگه‌یشتن و فێربوونه‌وه‌ باش نه‌بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆرم هه‌وڵ له‌گه‌ڵی ده‌دا كه‌چی نه‌گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ بۆ پۆلی دوو ده‌رچێت. ڕۆژێكیان به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ داوای لێ كردم بۆ پۆلی دووه‌م ده‌ریچوێنم و منیش پێم گوت كه‌وا ئاستی لاوازه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ر گوتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ساڵی سێیه‌‌میەتی له‌و پۆله‌یه،‌ بۆیه‌ تاكوو به ‌یه‌كجاری له‌ قوتابخانه‌ شكست نه‌هێنێت وا پێی باشه‌ ده‌رچێت. ئه‌وه‌ بوو بڕوام به‌ قسه‌كانی هات و قوتابییه‌كه‌ گه‌یشته‌ پۆلی دوو، له‌ ده‌سپێكی ساڵی نوێی خوێندن چوومه‌ پۆلی دوو قوتابییه‌ك ده‌ستی به‌رز كرده‌وه‌ و پێی گوتم: ''مامۆستا، ته‌واو من چیتر ده‌رسه‌كانم ناخوێنم و ئه‌ركه‌كانیشم ئاماده‌ ناكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فلانه‌ قوتابییه‌ نه‌یده‌خوێند و وه‌كوو ئێمه‌ ناجیح بوو... ئێستا هاوپۆلمانه‌)!؟ زانیم مه‌به‌ستی كامه‌ قوتابییه‌، پێم گۆت: ''ئه‌و هاوڕێی ئێوه‌یه‌ و سێیه‌م ساڵی بوو له‌ پۆلی یه‌ك، ئاخۆ ئێوه‌ به‌وه‌ ڕازی نین كه‌ ده‌رفه‌تێكی دیكه‌مان پێی دا تاكوو له‌ قوتابخانه‌ بمێنێته‌وه‌ و به‌ته‌واوی له‌ خوێندن دانه‌بڕێت؟) دواجار قوتابییه‌كه‌ش گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ كارێكی خراپمان نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی هه‌لی درێژه‌دان به‌ خوێندمان بۆ ئه‌و قوتابییه‌ ڕه‌خساند.

ژماره‌ی زۆری قوتابی له‌ پۆل كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕێژه‌ی به‌شداریكردنی قوتابیان هه‌یه‌ له‌ چالاكیی ناو پۆل، لێره‌دا پێویسته‌ مامۆستا ڕه‌چاوی ئه‌و قوتابییانه‌ بكات كه‌ ئاستیان لاوازه‌ و هه‌وڵی زیاتریان له‌گه‌ڵ بدا و هانده‌ریان بێت و هه‌میشه‌ به‌ هاندان پاداشتی قوتابیان بداته‌وه،‌ تاكوو قوتابیانی دیكه‌ش چاوی لێكه‌ن  و ئاستی زانستییان به‌رزتر بكه‌نه‌وه‌ و له‌نێو قوتابیاندا پێشبڕكێ دروست بێت.

هێمنی و له‌سه‌رخۆیی مامۆستا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر داهاتووی قوتابی ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوتابی هه‌میشه‌ لاسایی مامۆستا ده‌كاته‌وه‌ و ڕادده‌ی هۆشیاری و دووربینیی مامۆستا له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌بێت به‌بێ جیاوازی و به‌ ڕه‌چاوكردنی جیاوازیی تاكه‌كه‌سی به‌شداری به‌ هه‌موو قوتابیان بكا و هیچ قوتابییه‌ك فه‌رامۆش نه‌كرێت له‌ناو پۆل، هه‌میشه‌ قوتابیان بدوێنێت و لێیان نزیك بێت... به‌شدارییان پێ بكات له ‌هه‌موو چالاكییه‌كی ناوپۆل و ئه‌وانه‌ی كه‌ ناتوانن هه‌ستیان ده‌رببڕن كارئاسانییان بۆ بكات و هانیان بدا تا ئه‌وانیش متمانه‌یان له‌لا دروست بێت و هه‌وڵی خۆیان زیاتر بخه‌نه‌ گه‌ڕ.

 

مەعروف حەمەد سەعید، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی خه‌بات