كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چەکدارانی داعش لە مووسڵ کۆ دەکرێنەوە

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: تەواوی سنووری سووریا و عێراق تەلبەند دەکرێت


ئەو چەکدارە هەڵاتووانەی داعش کە لە سووریاوە بۆ عێراق دەگەڕێنرێنەوە، لە کەمپێکی مووسڵ نیشتەجێ دەکرێن، ئەوەش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق دەزانرێت. نوێنەری هەرێمی کوردستانیش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئاماژە بەوە دەكات، ئەو چەکدارانە لە ڕێوشوێنی تونددان و تەواوی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا تەلبەند دەکرێت.

هەفتەی رابردوو زیاتر لە 200 چەکداری دیکەی داعشی عێراقی، لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە (هەسەدە)، کە بەردەوام لە کەمپەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیانەوە، بەتایبەتی کەمپی (هۆڵ و گوێران) داعشە دەستگیرکراوەکان رادەکەن، رادەست بە حکوومەتی عێراق کرایەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، کە پێشتریش چەند کاروانێکی دیکەی ئەو چەکدارە داعشانە رەوانەی عێراق کراونەتەوە کە بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، هەموو ئەو چەکدارانەی گەڕێنراونەتەوە لە کەمپێکی مووسڵ نیشتەجێ کراون، کە ئەگەری ئەوە هەیە، هاوشێوەی ئەو چالاکییانەی ئەو چەکدارانە بۆ خۆدەربازکردن لە کەمپەکانی سووریا کردوویانە، لە مووسڵ و عێراق دووبارەی بکەنەوە، ئەوەش بە مەترسیی گەورە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و ئاسایشی عێراق بەگشتی دەزانرێت.

لەمبارەیەوە، لیوا عەبدلخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، ئەوە راستە لە مووسڵ لە کەمپێکدا کۆ کراونەتەوە، بەڵام لە ڕێوشوێنی تونددان و مەترسییان نییە، بەتایبەتی لەسەر هەرێمی کوردستان، گوتیشی: ”ئەو داعشانە، کە هێنراونەتەوە، دادگاییکردنیان و بڕیار لەسەر دانیان وا ئاسان نییە، چونکە ژن و منداڵیان تیادایە و هەیە، ئەوانەی تاوانیان کردووە، ئەوە بەپێی یاسا رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێنەوە.“

لیوا عەبدولخالق ئاشکراشی کرد، ئێستا رووبەرێکی کەم ماوە و تەواوی سنووری عێراق و سووریا تەلبەند دەکرێت، گوتیشی: ”دوای ئەو تەلبەندکردنە، ئیتر بڕینی ئەو سنوورانە ئاسان نییە، هەرکەس بێت و بچێت، لە ڕێی یاساییەوە دەبێت و بەوەش مەترسیی داعش لەسەر عێراق کەمتر دەبێتەوە.“

بەڵام، شێروان جەمال، پەرلەمانتاری پارتی لە عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە: "گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی پێشتر داعش بوونە بۆ عێراق، مەترسیی لەسەر ڕەوشی ئەمنیی عێراق بەگشتی دەبێت، چونکە پێویستە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدا بن و پاشماوەکانی داعش بگەڕێندرێنەوە ئەو پارێزگایانەی، پێشتر لێوەی ھاتوون.''

پەرلەمانتارەکەی عێراق دەشڵێت: "بەشێکی ئەو خێزانانەی کەسوکاری داعشن، ھێشتا پەیوەندییان لەگەڵ داعشدا ماوە و چەندین جاریش لە کەمپی ھۆل ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە.“

شێروان جەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "مەترسیی ئەو کەسوکارانەی داعش لەوەدایە، بە ھزری داعش پەروەردە کراون و ئەو گەنجانەی لەنێو داعشدان و تازە پێدەگەن، ناکرێت تێکەڵی کۆمەڵگەی عێراقی ببنەوە، چونکە مەترسیی ھەیە دیسان ئەوانیش بەو فکرە توندڕەوە کاری تیرۆریستی بکەن.“

پێشتریش لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا ئاماژە بەوەش درابوو، کە رێکخراوی داعش منداڵانی ناو کەمپەکان دەباتە دەرەوە و لە بیابانەکانی سووریا راهێنانیان پێ دەکات، ئەمەش وەکوو هەوڵێک بۆ ئەوەی ئەندامی زیاتر بۆ رێکخراوەکە کۆ بکاتەوە‪.