دیسانەوە عەبدولسەتاری مەجیدی!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 27/06/2022

دیسانەوە عەبدولسەتاری مەجیدی!

عەبدولسەتاری مەجیدیی پێشتر كۆمەڵی ئیسلامی و ئێستا كۆمەڵی دادگەر، جار جار و بۆ ماوەی چەند خولەكێك لە ئیشمان دەكات، بەڵام لەبەر ھەندێك قسە و كۆمێنت و پۆست و نووسینە سەیر و سەمەرەكانی كە ڕەنگە ھەندێك خەڵكی عەوامی پێ فریو بدرێت، دەبێ ناو بەناو شوێن ئەم عەبدولسەتاری پێشتر كۆمەڵی ئیسلامی و ئێستا دادگەرە! بكەوین.

لە درێژەی ھەڵڕشتنی داخی خۆی و حزبەكەی بە دەزگا دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و بە خەڵكی كوردستان، لەپای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی عێراقدا، دەنگیان پێنەدا و ئاوە و ئاویان برد! عەبدولسەتار دەڵێت: ”لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایە نابینی وەک هەرێمی کوردستان سەروەریی پێشێل بکرێت و خاکی بۆردومان بکرێت، کەچی دەسەڵاتە سیاسییەکەی نە توانای وەڵامدانەوەی هەبێت، نە جورئەتی ڕاگرتن و ناڕەزایی و، زۆر جاریش لە ئاستی ئەو پێشێلکارییانەدا بێدەنگن.“

1- جارێ ئەگەر باس باسی پارێزگاریكردنە لە سەروەریی وڵاتێك، نازانم بۆچی ئەم عەبدولسەتارە ڕێك و ڕاست ئاماژە بە مادەی 67ی دەستووری عێراق ناكات كە تیایدا هاتووە: پارێزگاریكردنی سەروەریی عێراق، بەشێكی سەرەكیی كاری سەركۆماری عێراقە جا ھەر كەس سەركۆمار بێت.

خۆ سەیرە عەبدولسەتار كە بەتەمای پەرلەمانتاری بوو لە بەغدا، ئەوەش نەزانێت كە ھەتا ئێستا ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بۆیە دەشبێت سەروەریی ھەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە سەروەریی عێراق لە لایەن عێراقەوە بپارێزرێت، بەڵام چی بكەین كە عێراق ھەتا ئێستاش نەك ھەر سەروەریی خۆی پێناپارێزرێت، بەڵكوو بە مانای دەوڵەتی نوێ ئەسڵەن ھەر دەوڵەتی تیا نیە!

بێگومان ئەوە من نیم كە دەڵێم عێراق دەوڵەتی تیا نیە، بەڵكوو لە 13–2-2021دا مستەفا كازمیی سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتی: ”لەوەتەی ھاتووم دەمەوێت بینای دەوڵەت لە عێراقدا بكەم!“ ئێ كە گوتت دەمەوێت بینای دەوڵەت لە عێراقدا بكەم، كەواتە دەوڵەت لە عێراقدا نیە بۆیە دەتەوێت بینای بكەیت، بەڵام ئایا بۆچی عەبدولسەتاری مەجیدی خۆی لە ڕەخنەگرتن لە عێراق دزیوەتەوە و ھەر سەری كردووەتە سەر دەزگا دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان؟ ئەوەیان نازانم! 

2- عەبدولسەتاری مەجیدی دەڵێت: ”دەسەڵاتی سیاسیی ھەرێمی كوردستان، لەئاست بۆردومان و پێشێلكردنی سەروەریی ھەرێمی كوردستان، بێدەنگن و ھیچ ناكەن و ھیچ توانایەكیان نیە!“ بەڵام ئایا ئەوە ڕاستە؟

با باسی پێشووتر نەكەین و تەنیا باسی دەنگ و ھەڵوێست و كاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەین لە بەرامبەر بۆردومانە مووشەكیەكان بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، باشە ئەی ئەوە ھەر سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەبوو كە لە بەشێك لە پەیامێكیدا جگە لە پەیوەندی و ئاگاداركردنەوەی ھاوبەشە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق، لەسەر ئاستی ناوخۆی ھەرێمی كوردستانیش، گوتی: ”وه‌زیرانی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆم ڕاسپاردووە هه‌موو رێكارێكی پێویست بگرنه ‌به‌ر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت و غاز و ھەر لە چوارچێوەی پلانەکەشدا، لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە ڕێك كەوتووین و لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێکاری زیاتر دەگرینە بەر“؟ ئایا بەلای عەبدولسەتارەوە، ئەمانە دەنگ و ھەڵوێست و كاروكردەوە نین؟

ئێ باشە ئەگەر عەبدولسەتاری مەجیدی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ھەڕەشانەی سەر ھەرێمی كوردستان، دەنگ و ھەڵوێستی كاریگەرتر لە دەنگ و ھەڵوێستی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان شك دەبات \بەڵام واقیعی و مومكین بێت\ با بفەرمووێت و بیخاتە ڕوو، ھەرچەندە دڵنیاشم ئەگەر خەڵكی وەك عەبدولسەتار لە ھەرێمی كوردستان بڕیاربەدەست بێت، ئەسڵەن ھەرێمی كوردستان نامێنێت و خۆ ئەگەر داعش وەك جاران زیندوو ببێتەوە، ئەو كاتە بە دووری نازانم بە بەیعەی عەبدولسەتارەكان ھەرێمی كوردستان بكرێتە بەشێك لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتەكەی داعش و عەبدولسەتاریش ببێت بە والیی یەكێك لە پاێزگاكانی ھەرێمی كوردستان.

جا خوێنەرانی ئازیز سەرنج بدەن، ئەم پیاوە عاقڵ و لێزان و شارەزا و بەئاگایە! لەوەتەی كۆمەڵی ئیسلامیی جاران و دادگەریی ئێستا، بەشداریی پەرلەمان و حكوومەتی پێ كفر نیە و بە كارێكی شەرعیی دەزانێت! هەموو خول و كابینەیەك، یان وەزیرە یان پەرلەمانتارە، یان كاندیدێكی دۆڕاوە.. توو ویژدانتان، دۆخی سیاسیی كوردستان ئارامتر و ئاساییتر بوایە، خەڵكی ئاوها هی ئەوە بوو ببێتە وەزیر و پەرلەمانتار؟ هەی ماڵی وێرانم بۆ خۆمان!