لەبارەی دابەشکردنی مووچە پێش جەژنی قوربان، گوتەبێژی حکوومەت رایدەگەیەنێت: وەزارەتی دارایی وادەی دابەشکردنی مووچە دیار دەکات.
د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەزارەتی دارایی پەیوەستە بە بابەتی دابەشکردنی مووچە، وەکو حکوومەت پێشتر رامانگەیاندبوو لە داهاتی بەردەست ئەولەویەت بۆ مووچەیە، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکەین کاتی دابەشکردنی مووچە دیار بکات".
ئەمڕۆ 27ی 6 کۆتایی به دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج هات و چاوەڕێ دەکرێت پێش جەژنی قوربان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش بکرێ.
لەسەرێکی تر،سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان لەلایەن گرووپە چەکدارەکان، جووتیار عادل گوتی: "وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەین ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنین، ئێستا هەموو کۆمپانیاکان کاری خۆیان دەکەن".