كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی رۆشنبیری: رێککاری یاسایی توند دەگرینە بەر

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم میدیا و بیستراو و بینراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هۆشدارییان دەداتێ لە ئەگەری بڵاو کردنەوەی هەر بابەتێک لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان رێککاریی توندی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە "ئاگاداری گشت میدیا بینراو و بیستراو و پۆرتاڵ رایەڵە ئەلیکترۆنییەکانیان دەکەینەوە کە خۆیان بەدووربگرن لە بڵاو کردنەوەی هەر بابەتێک کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی ترس و گومان بێت لە سەقامگیریی هەرێمەکەمان، چونکە بڵاو کردنەوەی ئەم بابەتانە ناچنە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕینەوە بەتایبەتیش لە باری هەستیاریی ئێستادا کە هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەک لەلایەن نەیارانییەوە رووبەرووی چەندین شێوازی دوژمنکاریانەی پڕ مەترسی بووەتەوە".

وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بە ئەوەش داوە "لەم کاتەدا ئەم هەڵسوکەوتە نابەرپرسانە لەلایەن هەر دەزگا و رایەڵێکی میدیاییەوە بکرێت دوورە لە یاسا و لۆژیک و پێچەوانەی ماددەی سێیەم- بڕگەی سێیەمە لە (رێنمایی رێکخستنی فریکوینسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان) بۆیە وەزارەتمان ئەرکی خۆیەتی کە رێککاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکارانی یاسا و رێنماییەکانی بگرێتە بەر".