شارەوانی هەولێر، ئاشكرای كرد، 110هەزار زەوی کارت تاپۆ کراون و سێ مانگ بۆ خاوەنی زەویەکان دیاریکراوە، تاوەکوو مامهڵهیان تەواو بكهن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی 6ی 2022،سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر،بڵاوی کردەوە "بەردەوامین لە پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان، لەماوەی رابردووشدا زیاتر لە 110 هەزار پارچە زەوی کارت تاپۆ کراون".
شارەوانی داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات، کە زەوییەکانیان کارتە و کراونەتە سەنەد، "سەردانی شارەوانی بکەن بۆ ئهوهی مامەڵەی تاپۆکردنیان دهستپێبكهن، بە پێچەوانەوە دوای ماوەی دیاریکراو رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر".
سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، ئاشکراشی کردووە، لەکۆی زیاتر لە 160 هەزار کارت تاوەکو ئێستا زیاتر لە 110 هەزار کارت گۆڕدراون بۆ تاپۆ (سەنەد)، 15 هەزار کارتی دیکەش رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی تاپۆ کراون بۆ گۆڕینیان بۆ (سەنەد)، ئێستاکار لەسەر ئەو زەوییە کارتانەش دەکرێن، کە کێشەیان تێدایە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێن".
ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: " زیاد لە 110هەزار زەوی کارتمان تاپۆ کردووە، ئەوەش لەبەرژەوەندی موڵکی هاووڵاتییان، بۆیه دەبێت خاوەنی کارتە تاپۆکراوەکان سەردانی شارەوانی بکەن و مامەڵەی خۆیان تەواو بکەن".
