بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمان: میدیای ئەلیكترۆنی پێوستی بە ڕێكخستنەوە ھەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمان: میدیای ئەلیكترۆنی پێوستی بە ڕێكخستنەوە ھەیە

''بێسەروبەریی تێدایە''

بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو بێسەروبەرییەی میدیای ئەلیكترۆنی دەبێت ڕێك بخرێتەوە كە بەشێكی زۆریان بوونەتە كێشە و ھەواڵی ناڕاست بڵاو دەكەنەوە و ھاووڵاتییان بێھیوا دەكەن. دەشڵێت، بەشێك لەو میدیا ئەلیكترۆنییانە ھی كەسانی ناسراون و بەو ڕێگەیە دژی ھەرێمی كوردستان بەكار دەھێنرێن.

موحسین دۆسكی، بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ماوەی چەند ھەفتەیەكە دەبینین ژمارەیەكی زۆر میدیای ئەلیكترۆنی دەستیان كردووە بە ھەڵمەتێكی بڵاوكردنەوەی ھەواڵی ناڕاست و بێھیواكردنی ھاووڵاتییان، كە گوایە خەڵكی كوردستان بەرگری لە ھەرێمی كوردستان ناكات، ئەو میدیا ئەلیكترۆنییانە ھی كەسانێكن كە دەیانناسین، خەڵكیش باش دەیانناسێت، بەڵام ئەو ھەوڵەشیان ھیچ سوودێكی نابێت، دەركەوتووە كە خەڵكی كوردستان لە ڕابردوودا چۆن بەرگریی لە ھەرێمی كوردستان كردووە، بەداخەوە بەشێك لەو كەسانە نانیان لەو جۆرە ئیشانەدایە.

بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیری دەشڵێت: ”ئێمە لە ڕابردوودا ھاوارمان كرد و ھەوڵمان دا ئەنجوومەنی میدیای ھەرێمی كوردستان دابمەزرێت، یاسای كاری ڕۆژنامەوانیمان ھەیە، بەڵام میدیای ئەلیكترۆنی جێگەی لەو یاسایەدا نەكراوەتەوە، پێوستە لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی میدیاییدا، میدیای ئەلیكترۆنییش ڕێك بخرێتەوە و لەو بێسەروبەرییە دەربھێنرێت''.