ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەمڕۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە

ئەمڕۆ 26ى حوزەیران بە ڕۆژى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان دانراوە و لە سنوورى پارێزگاى سلێمانییش لە شەش مانگى ئەمساڵدا 240 کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر دەستگیر کراون.

لە ساڵى 1987 نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیارى دا 26ى حوزەیرانى هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان کە لە سەرتاسەرى جیهاندا ژمارەیەکى زۆرى خەڵک پێوەى ئالوودە بوون و وێڕاى زیانى تەندروستى بۆ تاک، زیانى ئابوورى و کۆمەڵایەتیش بە وڵاتان دەگەیەنێت.

لەسەر ئاستى حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش هەنگاوى پێویست نراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى ماددەى هۆشبەر، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتى تەندروستى دەستى کردووە بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە عەقڵییەکان و هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی و دروستکردنی سەنتەرەکانی چارەسەری و ڕاهێنانەوەى تووشبووان دەست پێ کردووە.

هاوکات لەگەڵ ڕۆژى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى ئامارى دەستگیرکراوانى بەکارهێنەران و بازرگانانى ماددە هۆشبەرەکانى لە ماوەى شەش مانگى ئەمساڵدا ڕاگەیاند کە 240 تۆمەتبار دەستگیر کراون کە  11 کەس لەو تۆمەتبارانە لە ڕەگەزی مێن.