كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی بازرگانی: پارەی تەواو بۆ سەبەتەی خۆراكی مانگانە دابین كرا

"ئەمڕۆ  دەست بە دابەشكردنی سەبەتەی پێنجەمی خۆراك دەكرێ"

 بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرای كرد، لە رێگەی یاسای ئاسایشی خۆراكەوە، پارە بۆ شەش سەبەتەی خۆراك دابین كراوە.

لەمیا هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیكردنی خۆراك لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە كەناڵی فەرمیی (عێراقییە)ی راگەیاند: "لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا بۆ ئەمساڵ، پارەی شەش سەبەتەی خۆراک دابین کراوە و مانگانەش تاوەكوو كۆتایی ساڵ دابەش دەکرێ".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، گوتیشی: "شەش سەبەتەی خۆراک وەک پاڵپشتیی ستراتیجی بۆ ئاسایشی خۆراکی ئەمساڵ لە یاساکەدا جێگیر کراوە، هەروەها ماددەکانی نێو ئەو شەش سەبەتە خۆراكەی ئەمساڵ حەوت مادەن".

لەبارەی جۆری مادەکانیشەوە ئاشكرای كرد، ئارد و برنج و شەکر و زەیت و دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەکان لە سەبەتەی خۆراکەکەدا دەبن.

لە 8ی6ی 2022 پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک دا و پەسەندی کرد.

لای خۆیەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هەر بابەتێك پەیوەندیی بە سەبەتەی خۆراك و پسوولەی خۆراكەوە هەبێت و لە عێراق جێبەجێ بكرێت، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە".

شایانی باسە، عەلا جبوری، وەزیری بازرگانیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: "ڕۆژی یەکشەممەی 26ی6ی2022، پێنجەم بەشەخۆراک لە سەبەتەی خۆراکی ساڵی 2022 دەگاتە بەغدا و پارێزگاکانی تر".

ئاماژەی بەوەش دا، هەموو مادەکانی خۆراک بە تەواوی و بەبێ دواکەوتن و لە یەک کاتدا بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرێت، گوتیشی: "لە رۆژی یەکشەممە خۆراک دەدرێتە بریکارەکان و دەبێ ڕاستەوخۆ بەسەر هاوڵاتییان دابەش بکرێ".