له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، له 9ی نیسانی 2003دا، كورد ڕۆڵێكی گه‌وره و كاریگه‌ریان له دووباره هەستانەوە سەرپێی عێراقدا بینی، به شێوه‌یه‌ك، وه‌ك ھاوكار و ھاوبه‌شێكی سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌ریكا و سه‌ركرده عێراقییه‌كان ده‌ركه‌وتن و ئه‌م ده‌وڵه‌ته ھه‌ڵته‌كیوه‌یان له بناغه‌وه تا ڕادەیەك بووژانده‌وه و خستیانه‌وه سه‌ر ڕێڕەوی خۆی.
دواتریش له پرۆسه‌ی نووسینه‌وەی ده‌ستووری عێراقدا، كورد په‌رۆشتر له عێراقییه‌كان، یارمه‌تیده‌ری سه‌ره‌كی بوو له خه‌می ھه‌بوونی ده‌ستوورێك كه گره‌نتيی مافی عێراقییه‌كان و به‌تایبه‌ت كورد بكات.
دوای ئه‌وه‌ی دەسەڵاتدارانی عێراق له چه‌ند ڕێگایەكی جیاواز شكستیان ھێنا له له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی ھه‌رێمی كوردستان، ھه‌ر له بڕینی بودجه و مووچه‌وه، تا ھێرشی سه‌ربازی، ئێستا دوایین كارتی فشاریان، بابه‌تی نه‌وته.
ئه‌و داواكارییانه‌ی حكوومه‌تی عێراق له ھه‌رێمی كوردستانی ده‌كات
سه‌ره‌ڕای ئه‌وەی یاسای نه‌وت و غاز له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌رنه‌چووه، كه به‌پێی ده‌ستووری عێراق ده‌بوو ده‌ربچێت، به‌غدا ئامانجیەتی به زۆرداری، خۆی به‌سه‌ر سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بسه‌پێنێت، ئه‌ویش:
یه‌كه‌م: به‌غدا داوای كردووه خاوه‌نداریی سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی به ناوی عێراقەوە بكرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌قێكی یاسایی و ده‌ستووری بۆ ئه‌م داوایه‌ی عێراق هه‌بێ و ڕێ به عێراق بدات ئه‌و داواكارییه بكات.
دووه‌م: به‌غدا به هه‌رێمی كوردستانی گوتووه، بۆتان نییه هیچ كۆمپانیایه‌ك بۆ به بازاڕكردنی نه‌وتی كوردستان دروست بكه‌ن.
سێیه‌م: به‌غدا به هه‌رێمی كوردستانی گوتووه، ده‌بێ هه‌موو نه‌وته‌كه ڕاده‌ستی ئێمه بكرێت و ئێمه ده‌یفرۆشین و پاره‌كه‌ش هه‌مووی ده‌خرێته سه‌ر هه‌ژمارێكی بانكی، به ناوی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و دوور و نزیك هه‌رێمی كوردستان بۆی نییه یه‌ك دینار له‌و هه‌ژماره بانكییه ڕابكێشێت.
ئه‌وه‌ی ئومێدیه‌تی یان ده‌یه‌وێ بیكات، له‌ناوبردنی سێكته‌ری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه، به‌ڵام پرسیاره ڕژده‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا هیچ گره‌نتییه‌ك هه‌یه له‌م عێراقەدا، كه 100 ساڵه دژ به خاك و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه، نه‌وتی خۆت ڕاده‌ستی بكه‌ی و به‌غدا مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت؟
هه‌رێمی كوردستان هێشتا نه‌وتی خۆی نه‌فرۆشتبوو، به‌غدا له شوباتی 2014دا مووچه و بودجه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی بڕی. ئه‌وه‌تا له مانگی پێنجی ئه‌مساڵی 2022داین، حكوومه‌تی عێراق ته‌نیا یه‌ك جار 200 ملیار دیناری بۆ هه‌رێمی كوردستان ناردووه، كه ده‌بوو لا‌نی كه‌م یه‌ك ترلیۆن دیناری بناردایه.
ھه‌نگاو و ئامانجه‌كانی به‌غدا بۆ سڕینه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان
1- له ساڵی 2014دا بێویژدانانه مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له دژی حكوومه‌تی ھه‌رێم ھان بدات و ئه‌م قه‌واره‌یه له‌ناو بچێت.
2- له شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش، حكوومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی نه‌یهێشت چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و یارمه‌تیی سه‌ربازی و دارایی بگاته هه‌رێمی كوردستان. عه‌بادی مه‌به‌ستی بوو له‌م ڕێیه‌وه توانا سه‌ربازییه‌كانی ھه‌رێم لاواز بكات، تا به‌ئاسانی بكه‌وێته ده‌ست داعش، كه‌چی ده‌ره‌نجامه‌كان پێچه‌وانه بوونه‌وه، پێشمه‌رگه توانیی ئه‌فسانه‌ی داعش تێكبشكێنێت.
3- له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، له ڕێی داگیركاریی ئاشكراوه، ھه‌وڵیان دا ئه‌م قه‌واره‌یه له‌ناو ببه‌ن و به یه‌كجاری بیسڕنه‌وه، به‌ڵام پێشمه‌رگه له داستانی پردێ و سحێلا به‌رامبه‌ر پیلانی ئه‌وان و وڵاتانی (هه‌رێمی) وه‌ستایه‌وه و ئه‌م ھه‌وڵه‌ی له‌ناو برد.
ئێستا‌ش به‌ناوی دادگای فیدڕاڵییه‌وه هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌ستی ئیراده‌ی ئه‌وان بێت. بێگومان ھه‌رێمی كوردستان ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ فێڵ و پیلانی نه‌یارانیدا ھه‌یه و له‌مه‌شدا سه‌رناكه‌ون.
قه‌واره‌ی ھه‌رێمی كوردستان، قه‌واره‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوورییه، ده‌وڵه‌تانی دونیا و ناوچه‌كه باش ئه‌و جیاوازییانه‌ی نێوان ھه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌بینن، بۆیه له‌ژێر ھه‌ر فشارێكدا، ناتوانن ئیراده‌ی خه‌ڵك كوردستان به بڕیاری ئاراسته‌كراوی سیاسی بشكێنن.
لەڕاستیدا ھێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی گرووپە میلیشیاکانی عێراق و نزیک لە ئێران، بەدەر لەوەی مەبەستی سەرەکی ترساندنی کۆمپانیا نەوتییەکانی لەسەرە و ھۆکارێکە بۆ ڕازیکردنی ھەرێمی کوردستان بە بەشێک لەو بڕیارە سیاسییانەی کە دادگەی فیدراڵی لەبارەی نەوت و غازی ھەرێمەوە داویەتی، لەپاڵ ئەوەشدا، ترسێکی گەورەی ئێرانە بەوەی، ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کێڵگەی کۆرمۆرەوە ببێتە سەکۆیەکی مەزنی بازرگانیی غازی سروشتی بۆ دونیای دەرەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئابوورییە سەربەخۆیەکەی ھەرێمی كوردستان، کۆتایی بە ھەموو ئەو ئالنگارییانە دەھێنێت، کە ھەفتانە لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە ئاراستەی ھەولێر و لەدواییدا، کێڵگەی کۆرمۆر کران.
چارەسەری ڕیشەیی
خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم عەقڵیەتەی ئێستای بەشێک لە سەرکردە عێراقییەکان، بە کاریگەریی وڵاتانی ئیقلیمی پەیڕەوی دەکەن، ئەستەمە، بەڵام (یەکگرتوویی نێوماڵی کورد لەم قۆناغەدا، بەدەستھێنانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، گەڕانەوە بۆ سازان و تەوافوق لەگەڵ عێراق، لەسەروو ھەموویانەوە، ئیرادەبەھێزی و سازش نەکردن) باشترین ئەو بژارانەن، کە لەپێش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستاندان، چونکە لە یادمان نەچێت، کێشەی کورد لە بەغدا پێش ئەوەی كێشەی نەوت بێت، شەڕی خاک و مافی نەتەوەییە.