ئەگەر ھەموو شتێک لەم وڵاتە خراپ بێت کە بێگومان ھەمووی خراپ نیە، بەڵام ئارامی و ڕاشکاوی و راستگۆیی و جدییەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نەک ھەر باشە، بەڵکوو ناوازەیە و ھەر زۆر زۆر باشە.
نەک لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکوو لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەتا لە ڕۆژئاواش و ئەمریکاش کە بە دایکی دیموکراسییەت ناسراوە، نەبووە و نابێت کە سەرۆکێک بەم ڕادەی سنگفراوانی و كراوەییە، رووبەڕوو و بە بانگهیشتی خۆی، گوێ لەو رەخنانەی میدیاكاران بگرێت كە ئاراستەی دەكرێن بۆ ماوەی سێ سەعات زیاتر، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە کاردانەوە و ھەڵچوونێكی ھەبێت و قسەیەکی توند بكات، جگە لە وەڵامی روون و راشكاو و بەڵگەدار.
زۆربەی زۆری قسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە نێوان میدیاكاران و سەرۆك وەزیران، بۆ خودی کاک مەسرور بوون نەک حکوومەتەکەی! بەڵام ئەوە نەک ھەر ھیچ كاردانەوەی ناجۆری نەبوو، بەڵکوو ھەتا سیما و رووخسار و زمانی جەشتەشی زۆر سروشتی و ئاسایی بوون، ھیچ تووڕەییەکی لێ بەدی نەکرا، بە شێوەیەک ئارام و لەسەرخۆ بوو کە من پێموایە ئەو ئارامیەی مەسرور بارزانی، بەشی ھەموو سیاسی و بەرپرسە باڵاکانی جیھان دەکات بە زیادەوە.
من قسەم لەسەر ئەوە نیە کە ئەوانەی میدیاکاران گوتیان ڕاست و لەجێ و ورد بوون یان نا! بەڵام مەسرور بارزانی زۆر بەڕێزەوە و زۆر بە ڕاشکاوی و بە داتا و بەڵگەوە وەڵامی یەک بەیەکیانی دایەوە و كاتیش كراوە بوو لەبەردەم هەموان بۆ هەر قسەیەك كە بیكەن، وەڵامەكانی مەسرور بارزانی پێویستی بە ڕوونکردنەوەی من و ھیچ کەسێكی تر نیە، بەڵام قسەم لەسەر ئازادیی ڕادەبرینە کە گوتیان: ”نیە یان پاشەکشەی کردووە لەم کابینەیەدا!“
من تا ئێستاش تێناگەم ئەو بەڕێزانە ئازادیی ڕادەربڕین بە چی تێگەیشتوون؟ ئایا ئازادیی ڕادەربڕین بەوە تێگەیشتوون کە خەڵكێك (ئازادانە) بە ئامانج و ئەجیندای سیاسیی ئەم و ئەو، هەوڵی رووخاندنی هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی بدەن و ئەگەر بۆیان نەڕووخا و رێگرییان لێ كرا، ئیدی (ئازادیی ڕادەربڕین) نیە! پێم بڵێن لە چ وڵاتێكی دونیادا، دژایەتیی وڵات و نیشتمانی خۆت، ئازادیی رادەربڕینە؟
ئایا ئازادیی رادەربڕین ئەوەیە خەڵكێك (ئازادانە) لە میدیای كوردیەوە ھاوار بکەن کە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەست بەسەر بیرە نەوتیەکان و ھەرێمی کوردستاندا بگرێت، گەر سەری نەگرت ئیتر ئازادیی ڕادەربڕین نیە! ئایا ئازادی ئەوەیە دادگایەكی عێراقی یان ھەر کەسێک بڕیارێک دژی ھەرێمی کوردستان دەربکات دەبێت جێبەجێ بکرێت و تۆش دەهۆڵی بۆ بكوتیت، گەر جێبەجێ نەکرا و دهۆڵەكەت دڕاو دەرچوو، ئیتر ئازادیی ڕادەربڕین نیە!
ئایا ئەگەر كەسێك بە ناسنامەی (رۆژنامەنووس)ەوە تاوانێكی كۆمەڵایەتیی كرد، یان تاوانێكی دژی ئەمنییەتی خەڵكی كوردستان كرد، پۆلیسی و ئاسایش پێیان زانی و درا بە دادگا و خرایە زیندانەوە، ئیتر ئازادیی رادەربڕین كۆتایی هات؟ راستییەكەی نەک ھەر ڕۆژنامەنووس بەڵکوو ھەتا دادوەر یان پەرلەمانتار یان ھەر کەسێک کە تاوانی کرد و بەسەریدا ساغ بووەوە، دەبێ بچێتە بەردەم دادگا و سزای یاسایی و عادیلانەی خۆی وەربگرێت، دەبێ رۆژنامەنووس و میدیاكاران پێش هەموو كەس لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا بن.
ئاخر هیچ ماقووڵ نیە، تۆ لەو شارەی خۆتی تێدا دەژیت و كاری میدیایی لێ دەكەیت، خەڵك هەیە بەڕاستی لەسەر كۆمێنت و راپۆرتی رۆژنامەوانی و چالاكیی مەدەنی گیراوە یان تیرۆر كراوە، بەڵام تۆ دەنگت لێوە نایەت و هیچ هەڵوێستت نیە و هیچیش باسی ناكەیت، كەچی لە شارێكی تر، چەند كەسێك لەسەر كاری سیخووڕی و دژ بە ئەمنییەتی هەرێمی كوردستان گیراون و دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و لە میدیاوە تەواوی بەڵگە و دەنگەكانیان بڵاو كراوەتەوە، لەمەیاندا تۆ رۆژانەی هاوارم بۆ دەكەیت: ”ئازادیی رادەربڕین نیە“ بەڵام لەئاست كەیسەكانی نێو شارەكەی خۆت، كڕ و كپ و بێدەنگیت.