كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی غازی هەرێمی کوردستان فشارێكی سیاسییە

د.هاوڕێ مەنسوڕبەگ: هێرشی میلیشاکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و غاز درێژکراوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییە

لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا، لەلایەن میلیشاکانەوە دوو هێرشی مووشەکی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیماراتییەوە بەڕێوە دەبرێت. شارەزایەک لە کەرتی وزەش پێی وایە، پڕۆژەی غازی کوردستان، دوژمنی سەرسەختی هەیە و هێرشەکان لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە، بە سیاسی دەستیان پێکردووە.

د.هاوڕێ مەنسوڕبەگ، شارەزا لە کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر کێڵگەی غاز لە کۆرمۆر، بەشێکە لە درێژکراوەی ئەو سیاسەتەی، کە بە ئاراستەکردنی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان گیراوەتە بەر، کە دژایەتییەکە ئێستا بە فشارکردن لە ڕێگەی هێرشی میلیشیاکانەوە بۆ سەر کێڵگەی نەوت و غاز دەکرێن، تاوەکوو بە هیچ شێوەیەک غازی هەرێمی کوردستان نەبێتە بەدیلی ئەو غازەی کە لە دەوڵەتێكی دراوسێوە رەوانەی عێراق دەکرێت.

گوتیشی: ”بەرهەمهێنانی غازی سروشتی چ لەناو عێراق بێت لە باشوور، یان لە هەرێمی کوردستان، دوژمنی زۆری هەیە، یان پڕۆژەی دابینکردنی کارەباش بە هەمان شێوەیە، هەر بۆیە هەر هەنگاوێک لەو بوارە لە عێراق و کوردستان بنرێت، لەلایەن هێزە میلیشیاکانەوە هەوڵی شکستپێهێنانی دەدرێت، ئەو میلیشیایانەی بوونەتە پارێزەری بەرژەوەندیی وڵاتانی ئیقلیمی.“

ئەو شارەزایە لە کەرتی وزە زیاتر روونی کردەوە، دەبوو پڕۆژەی غازی کوردستان وەکوو چارەسەرێک بۆ پێویستییە زۆرەکانی غاز لە عێراق سەیر بکرێت و بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی دابنرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، بە بەدیلی غازی وڵاتێكی دراوسێ دەزانرێت! و هەئەوەش وای کردووە لەلایەن میلیشاکانەوە هێرش بکرێتە سەر کێڵگەکان، تاوەکوو بە هەر شێوەیەک بێت بەرهەمهێنان رابگیرێت و بەرز نەبێتەوە.

گوتیشی: ”ئێستا ساڵانە لەلایەن عێراقەوە غازێکی زۆر کە رەنگە تەنیا بۆ ئەمساڵ یەك ملیار و نیو دۆلار بێت، لە ئێرانەوە هاوردە کرابێت، هەر بۆیەش میلیشیاکان ئەوە بە مەترسی دەزانن و پێیان وایە، بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان لێدان دەبێت لەو پارەیەی کە ئێران لەو ڕێگەیەوە دەستی دەکەوێت، چونکە عێراق ساڵانە بە بڕێکی زۆر غاز لە ئێران دەکڕێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەی ئەو سەرچاوە گەورە داراییە لە ئێران وشک نەبێت.“

هەر پەیوەست بەم پرسە، ئەمڕۆ شەممە، 25ی 6ی 2022، کەناڵی (ئەلحوڕە) لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە لە سەرەتای مانگی رابردووشدا، بە هەمان شێوە هێرشێكی مووشەكی هاوشێوەی ئەوەی چەمچەماڵ، لە پاڵاوگەی كار لە هەولێر رووی داوە، ئەگەرچی تاوەکوو ئێستا بە فەرمی هیچ گرووپێك بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم هێرشانەی رانەگەیاندووە، بەڵام گرووپە چەكدارەكان، كە هەندێك لە بەرپرسانی عێراقی دەڵێن لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەكرێت، پێشتر بەرپرسیارێتیی هێرشی هاوشێوەیان لەئەستۆ گرتووە.