بانكی ناوەندی دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بانكی ناوەندی دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕەوە

 

بانكی ناوەندی عێراق، زیاتر لە 234 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دەخاتە بازاڕەوە. ئەوەش بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر بووە، لەگەڵ ئەوەش دا، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار هەر بەرزە.

بانكی ناوەندی عێراق، ئاشكرای كرد رۆژی یەكشەممە 26ی 6ی 2022 بڕی 234 ملیۆن 628 هەزار دۆلار دەخاتە ناو بازاڕەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، پێنجشەممەی رابردوو، 23ی 6ی 2022 بانكی ناوەندی230 ملیۆن 628 هەزار دۆلاری خستووەتە ناو بازاڕەوە

بانكی ناوەندی رایگەیاندووە،لە دۆلاری فرۆشراوی رۆژی یەكشەممە كۆی گشتیی پارەكە 20 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوەی دیكە، كە 188ملیۆن و 569هەزاردۆلار بوو، بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لەدەرەوەی وڵات.

هەر لە بەیاننامەكەدا خراوەتە ڕوو، لە پرۆسەكەدا 29 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوە و 23 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 245 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە.

لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 148 هەزار و 400دینارە.

بەراورد بە سەرەتای هەفتەی رابروو، بانكی ناوەندی دۆلاری زیاتری فرۆشتووە، چونكە سەرەتای هەفتەی رابردوودا 222 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕ، بەڵام لەكۆتایی هەفتەی رابردوودا زیاتر بووە لە 230 ملیۆن دۆلارو سەرەتای ئەم هەفتەش بە فرۆشتنی دۆلاری زیاتر دەستی پێكردووە.

لە مانگی ڕابردوودا بەرزترین ڕێژەی فرۆشتنی ڕۆژانەی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی 206 ملیۆن دۆلاری بووە.

لای خۆیەوە شێروان ئەنوەر مستەفا، ڕاوێژکاری هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دۆلاری زیاتر خراوەتە بازاڕ، بەڵام نرخی دۆلار بەراورد بە پێشتر، ئەم هەفتە هەر بەرز ماوەتەوە و نرخی دینار دابەزیوە، كەواتە دۆلار خواستی زۆری لەسەرە و ئەگەریش هەیە بۆ وڵاتان بڕوات".

ئاماژەی بەوەش دا، بانكەكان دەیانەوێت نرخەكە بە جۆرێك بێت، ئەوانیش قازانج بكەن، بەڵام دۆخەكە بەجۆرێكە، هاوسەنگی تێك چووە و دۆلاریش بەرزە، "دەبێت رێگری بكرێت لە بردنە دەرەوەی دۆلار، كە ئەوە وای كردووە، نرخی دۆلار بەرزتر بێت لەو نرخەی بۆی دیاریكراوە و پێویستە بانكی ناوەندی سیاسەتێكی روونتر پەیڕەو بكات".

كۆتایی هەفتەی رابردوو، عودەی عەواد، پەرلەمانتاری عێراق بڵاویكردەوە: "100 واژۆی پەرلەمانتارانمان بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی كۆ كردووەتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە نووسراوێكی بڵاو كردووەتەوە كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە و تیایدا هاتووە: "بەپێی ماددەی 61ی دەستووری عێراقی و ماددەی 56ی سیستەمی ناوخۆی پەرلەمان، داواكارین بابەتی دابەزاندنی نرخی دۆلار، لەنزیكرین دانیشتنی پەرلەمان بخرێتە ڕوو".

بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021، بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام نرخەكە بەجۆرێكە بۆ هاووڵاتی نرخی 100 دۆلار زیاتر لە 148 هەزار و 500 دینارە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بەرزیی نرخی دۆلار و خراپیی دۆخی ئابووری، كاریگەریی خراپی بۆ سەر هاووڵاتییان هەیە و دەبێت نرخی دۆلار كەم بكرێتەوە".