كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

كرێی وه‌رگرتنی منداڵ له‌ داینگه‌ ئه‌هلییه‌كان دیاری كرا

کرێی داینگەكان بۆ وەگرتنی منداڵ لە سنووری هەولێر دیاری كرا، پێویستە سەرجەم داینگەكان پابەندی ئەو بڕیارە بن.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر ڕایگەیاند، بە یاوەریی عەبدولباست عەبدولسەمەد، بەڕێوەبەری بەشی داینگەكان لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم داینگە ئەهلییەكانی هەولێر كۆ بوونەتەوە و نوێترین ڕێنوێنی و ئاگادارییان بە بەڕێوەبەری داینگەكان داوە و کرێی وەرگرتنی منداڵ لە داینگەكانیش دیاری كراوە.

گوتیشی: لەو كۆبوونەوەیەدا داینگەكان لە سەر بنەمای پەروەردە، تەندروستی، بینایە، ستاف، خواردن، چالاكیی هونەری، وەرزشی و گواستنەوەی منداڵان هەڵسەنگێندران و پلەبەندی کران و كرێی وەرگرتنی منداڵ لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتییەوە بڕیاری بۆ دەرچوو.

یوسف چاوشین باسی لەوەش كرد کە داینگەكان لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێرەوە بەپێی ستاف و خزمەتگوزاری بەسەر سێ پلەدا پۆلین كران و كرێی وەرگرتنی منداڵ لە داینگەكان بەپێی پلەبەندی و خاڵەكانی داینگەكان بەم شێوەیە دەبێت:

پلە یەك: (90 - 100) خاڵ، 250 تا 300 هەزار دینار دەبێت.

پلە دوو: (70 - 90) خاڵ، 150 تا 250 هەزار دینار دەبێت.

پلە سێ: (50 - 70) خاڵ، 50 تا 150 هەزار دینار دەبێت.