وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر بەردەوامە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر بەردەوامە

بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕای گەیاند، بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەی کۆرمۆر بەردەوامە و هەناردەكردنی گازیش بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاساییە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی کردەوە شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر فەرمانی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەسەرپەرشتی ئەحمەد موفتی بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان گەیشتنە كێڵگەی كۆرمۆر و لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای دانە غاز كۆبوونەوە و لە نزیكەوە لە زیانەكانی هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر كێڵگەكەیان كۆڵیەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە رێگەی یەیجی فەرمی وەزارەتەوە هاووڵاتییانی كوردستان دڵنیا كردەوە كە هێرشەكە زیانی گیانی نەبووە و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەكە بەردەوامە و كۆنترۆڵی زیانە ماددییەكان كراوە، هەناردەكردنی گازیش بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاساییە".

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری دامەزراندنی ژوورێكی ئۆپراسیۆنەكان درا، بەسەرپەرشتی بریکاری وەزارەت و ئەندامبوونی لایەنە پەیوەندارەکان.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕێگه‌ی مووشه‌كه‌وه‌ جارێکی دیکە هێرش كرایه‌ سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر له ‌شاردێی قادر کەرەم لە سنوری شارۆچکەی چه‌مچه‌ماڵ.