قەت (مەوتنی)یەكەیان بە (ئەی ڕەقیب)ی کوردی ناگۆڕنەوە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 23/06/2022

قەت (مەوتنی)یەكەیان بە (ئەی ڕەقیب)ی کوردی ناگۆڕنەوە!

‏‎قەت نابیستی كەسێكی چاوكز ئاوات بە نابینایەك بخوازێت، چونکە چاوکز ئەگەری ھەیە بە چارەسەرکردن چاوەکانی چاک ببنەوە، بەڵام نابینا ھەتا ماوە ھەر نابینا دەبێت. کەچی زۆرن ئەوانەی لێرەن و لە لوتکەی دەسەڵاتدان، مووچە و ئیمتیازاتی زۆریان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاواتەخوازن چاوکزێكی کورد بە نابینایەكی عەرەبی عێراقی بگۆڕنەوە!

‏‎لە ھەرێمی کوردستاندا، رێژەیەكی دیاری دانیشتوانی شارەکانی ئێستا عەرەبی عێراقین و هاتوون، چەند ساڵێكی دیكە ئەگەر ڕێگایان پێ بدرێت و کارئاسانییان بۆ بکرێت، ژمارەی عەرەبی عێراقی لە شارە کوردییەكان زۆرتریش دەبێت، بەڵام ھەرگیز لە یەک عەرەبی پەنابەر یان هاتوو یان گەشتیار بۆ كوردستان، نابیستی بڵێت: ”حکوومەتی کوردیم دەوێت و حکوومەتی عەرەبیم ناوێت.“

عەرەبی عێراقی، شکستخواردووترین حکوومەتی خۆیان بە سەرکەوتووترین حکوومەتی کوردی ناگۆڕنەوە، هەرچەندە لەسایەی خراپیی حوکمڕانیی خۆیان هەڵاتوون و ھاتوونەتە ئێرە و حکوومەتی کوردستانیان لە دڵەوە سەد ئەوەندەی حکوومەتی خۆیان پێ باشترە. ئەوان ھەمیشە داوای گۆڕینی حکوومەت دەکەن، بەڵام لە رەگ و ڕەچەڵەکەوە نا، بەڵکوو گۆڕینی كەس و حزب، بەو مانایەی كە ھەر عەرەب حوکمڕانییان بکات، نەک لە ڕەچەڵەكێکی دیكە بێت. ئەوان ھەرچەند تووڕە بن، ھەر دەڵێن (مەوتنی مەوتنی)، قەت ناڵێن (ئەی رەقیب)!

‏‎بەپێچەوانەوە، زۆرن ئەوانەی لە دڵەوە ئاواتەخوازن حکوومەتی کوردستانی نەمێنێت و حکوومەتی عەرەبی، کە حەسەن پلایسێک، یان ئەبوو عیزرائیلێک ببێتە والیی شارە کوردییەكان، لەگەڵ ئەوەش بەناچاری نەبێت ھەرگیز ئامادە نین بۆ یەک سات و چرکەش لەژێر حوکمڕانیی والیی ئەوان بن و لە خۆشترین شارەکانی ئەوان بن، کە شاری خۆشیان نییە.

‏‎زۆریشن ئەوانەی لە تێری و خۆشیدا، بە دەست لەسەر سنگ دانان (مەوتنی مەوتنی)ی ئەوان بە حەماسەت و پڕ لە دڵەوە دەڵێنەوە! ھەر بڕیارێکی عێراقی کە بزانن زیان لە هەرێمی كوردستان دەدات، ئەگەر لە زەرەری خۆشیان بێت، ئاواتەخوازن ھەر لە ساتی دەرچوونیدا جێبەجێ بکرێت، ھێندە بەپەلەن، نایانەوێت بە ڕێکاری یاساییشدا تێبپەڕێت، کە چەند ڕۆژ و مانگی پێدەچێت تا جێبەجێ دەکرێت!

‏‎ئاساییە بڵێی با حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت و خۆمان یان حزبێکی دیكەی کوردی حکوومەتی ھەرێم بگرێتە دەست، بەڵام نەک وەک نوێنەری حزبی یەک کورسیی 4G، کە نیوەی بە قەرزە، بە بەھاراتی عەرەبی و فارسی و تورکییەوە بۆنی ڕووخانی دەسەڵاتی کوردی بکەی!

ئەوان چونكە ملكەچ و خۆچەمینن، ھەمیشە چاوەڕێی خەڵکی دیكەن کە بێن حوکمڕانییان بکات، ھەرگیز شتێک ناکەن لە حزبی دەسەڵاتدار باشتر بن، بەڵکوو تەنیا چاوەڕێی شکست و ڕووخانی حکوومەتی کوردی دەكەن، ھەر دەمیان بکرێتەوە داوای گوڕینی ڕەچەڵەکی حکوومەتی کوردستانی دەکەن، نەک گۆڕینی كەس و حزب لە حکوومەتی کوردیدا. ئەوانەی شەرعییەت بە حکوومەتی کوردستانی نادەن، عەرەبێکە، یان تورک و فارس، یانیش كەس و حزبێکی بە رواڵەت كوردییە، كە لە ڕاستیدا لە عەرەب عەرەبتر و لە تورك تورکتر و لە فارس فارسترە.

‏‎بەو ھەموو کەموکورتییەی کە حکوومەتی کوردستانی ھەیەتی، خەڵکی کوردستان ھێندە شەقامی سەد و بیست مەتری و سەد و پەنجا مەتریی بینیوە، ئیدی شەقامی پێنچ سەد و ھەزار مەترییش لە شارەکانی کوردستان ھەبێت، لایان شتێکی ئاسایی دەبێت و ھەر باسی ناکەن، بەڵام عەرەبی عێراق، ھەر شەقامێکی قیرتاوی جوان ببینن، لەخۆشیدا دەفڕن و ھەر باسی دەکەن و دەمیان ناکەوێتە سەر یەک، چونکە لایان نامۆیە و خۆیان ھەر لەنێو زێراب و شەقامی توڕابی پڕ لە بەرد و چاڵ بینیوە. ئەمە تەنیا ھەر شەقام، جگە لە ئاوەدانی و ئارامی و ھەموو بوارێکی دیكەی ژیان، کە ھەرێمی کوردستان سەد ساڵ زیاتر لەپێش عێراقەوە.

نازانم ئەوانەی لێرە، کە زیاتر لەوان عێراقچین، دەیانەوێت شارەکانی کوردستان وەکوو کام شاری عێراق بن، بۆ ئەوەی شەرعیەت بە پیلانی خۆیان بدەن، کە حکوومەتی کوردی نەمێنێت؟ ھەتا لە کەرتی پەروەردە و تەندروستیی ھەرێمیش، کە کەموکورتییشی هەیە، سەد ساڵ لەپێش عێراقەوەیە و جیاوازیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ھەموو ڕوویەکەوە، ھێندەی جیاوازیی نێوان ئەمریکا و پاشكەوتووترین دەوڵەتی ئەفریقیایە.