لە پەرلەمانی عێراق، هەوڵێكی تازە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دەدرێت و واژۆی 100 پەرلەمانتار كۆدەكرێتەوە.
عودەی عەواد، پەرلەمانتاری عێراق بڵاویكردەوە: "100 واژۆی پەرلەمانتارانمان بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی كۆ كردووەتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە نووسراوێكی بڵاو كردووەتەوە كە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە و تیایدا هاتووە: "بەپێی ماددەی 61ی دەستووری عێراقی و ماددەی 56ی سیستەمی ناوخۆی پەرلەمان، داواكارین بابەتی دابەزاندنی نرخی دۆلار، لەنزیكرین دانیشتنی پەرلەمان بخرێتە ڕوو".
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021، بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام نرخەكە بەجۆرێكە بۆ هاووڵاتی نرخی 100 دۆلار زیاتر لە 148 هەزار و 500 دینارە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بەرزیی نرخی دۆلار و خراپیی دۆخی ئابووری، كاریگەریی خراپی بۆ سەر هاووڵاتییان هەیە و دەبێت نرخی دۆلار كەم بكرێتەوە".
پێشتر پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە: "تاوەکوو سێ ساڵی دیکە ناتوانین بەهای دۆلار بەرمابەر بە دینار بگەڕێنینەوە بۆ نرخە کۆنەکەی".