گرووپی لەیاسا لادەر.. کۆدێک بۆ بەردەوامیی هێرشی بێ سزادان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ئاسۆ فەتاح 23/06/2022

گرووپی لەیاسا لادەر.. کۆدێک بۆ بەردەوامیی هێرشی بێ سزادان

کاتێک یەکەم هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ڕێگای مووشەک و دڕۆن دەستیان پێ کرد، وشەیەکی نوێ بە ناوی گرووپی (لەیاسا لادەر) لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق داهێنرا، کە دەناسرا و نەداناسێندرا، بەڵام بە هێرشكار تۆمەتبار دەکرا . هەرچەندە ئەو وشەیە لە عێراقدا نوێ بوو، بەڵام لە وڵاتانی دیکە مێژوویەکی هەبوو، مێژوویەک پڕ لە هێرشی بێ بنەما، بۆ سەر شوێن و کەسانی مەدەنی و سیاسی، لەلایەن کەسانی پڕچەککراوی سەر بە حکوومەت، یاخود باندەکانی مافیایی داگیركاری دەسەڵات.

ئەو هێرشانە لە مێژوودا تەنیا بە مەبەستی چاوترساندن و دەرکردنی ڕکابەرەکانی گرووپە تۆتالیتارەکان كراون، بەڵام دەوڵەتەکان لە ناساندنی ئەوان خۆیان بەدوور گرتووە و تەنیا پەنجە بۆ شوێنی نادیار ڕادەكێشن، بەبێ ئەوەی ناو و ناونیشانی ئەوان بە کۆمەڵگا ڕابگەیەنن، یان تووشی سزایان بکەنەوە، لەکاتێکدا ئەو گرووپە لەیاسابەدەرانە، تەنانەت بۆ هێرشکردنە سەر نەیارەکانی خۆیان لەناو جادەش، هیچ کات دەمامک و ڕووپۆش بەکار ناهێنن.

ئەوەش سەیرترە، سەرەڕای ئەوەی ئەو گرووپانە لەلای خەڵك و کۆمەڵگا و حزبە سیاسییەكانی ئەو وڵاتانە ناسراون، بەڵام بۆ حکوومەت و دەزگاکانی یاسایی، بە نەناسراو ناویان دەبەن؟ ڕێگادان بە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەو گرووپانە، واتا ڕێگاخۆشکردن بۆ قڕکردنی دەسەڵات و لادانی ڕکابەرەکان و دەستگرتن بەسەر جەمسەرەکانی دەسەڵات و داهات و ... هتد. واتا زاڵبوون بەسەر وڵات و سازکردنی سیستەمی تاکەکەسی و دیکتاتۆری.

ئەزموونی ئەو گرووپانە لە وڵاتانی دراوسێ، نەك تەنیا بووەتە هۆی دەرکردنی گرووپە ڕیفۆرمخوازەکان لە دەسەڵات، بووەتە هۆی کەوتنی کۆی دەسەڵات بەدەست یەک لایەنەوە و لە دەرەنجامدا وڵاتیان وێران بووە.

ئەو کەسانەی وا لە عێراقیش، وەک کەسانی لەیاسا لادەر ناو دەبرێن، بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق و هێزەکان دیارن، ئامانجیشیان دیارە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئامادە نییە بیانناسێت. تەنانەت کاتێک هێرشیان کردە سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیران، یان ڕۆژنامەنووس و کەسانی ڕەخنەگر لە دەسەڵات، ئەو گرووپانە بە نەناسراوی مانەوە، ئەوەش واتای ئەوەیە، ئەو هێزانە توانیویانە ترسی خۆیان بخەنە ناو دڵی سیاسی و دەسەڵاتی عێراقی و ئێستا ڕوویان لە کوردستان کردووە.
لە تێڕوانینی حکوومەتەکانی عێراق، ئەو هێرشانەی سەر کوردستان. هەرچەند لە کاتی جیاواز و بۆ سەر شوێنی جیاواز و بە هۆکاری جیاواز کراون، بەڵام لەلایەن یەک گرووپەوە کراون، کە ئەوەش لەیاسا لادەرە! ئەو گرووپە ناونیشانی دیار نییە، بەڵام دەتوانێت خاوەنی چەك و خومپارە و کاتیۆشا بێت، كەچی ناوی دیار نییە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا و سێ هێرشی دوایی، چەند شوێنێكی ستراتیجیی پیشەسازی و سەرچاوەی داهاتی کوردستان کرانە ئامانج، كە بەپێچەوانەی جاران، فڕۆکەخانە نییە، شوێنێک نییە کە ئەمریکییەکانی لێ بێت و لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە سزای بەداوە بێت. ئەوان ئێستا لە هەموو کات زیاتر ڕوون بوونەتەوە كە هەر ئەو گرووپانەن هەوڵ دەدەن پلانەکانی حکوومەتی کوردستان ڕاوەستێنن و لە پلانی گازی خۆی پاشگەزی بکەنەوە، تاکوو خزمەت بە بەرژەوەندیی وڵاتانی پاڵپشتیی خۆیان بکەن. بەردەوامیی ئەو هێرشانە هیچ سوودی بۆ عێراق نابێت و ئەگەر حکوومەتی عێراق ڕێگا لەو گرووپانە نەگرێت، دەبنە هۆی وێرانی و کێشەی زیاتر و لەوانەیە بە شێوازی دیکە وەڵامیان بدرێتەوە.

لێرەوە پێویستە و داوا دەکرێت، حکوومەتی عێراق چی دیکە بە شاراوەیی مانەوەی ئەو گرووپانە ڕێگا بۆ بەردەوامی لەو هێرشانەیان خۆش نەکات و وەڵامی جدییان بداتەوە و سزایان بدات. ئەو هێرشانە لەناو عێراق دەکرێن، بۆیە کۆی هێزەکانی سەربازی و ئەمنیی حکوومەتی عێراق بەرپرسن لە بەردەوامیی ئەو هێرشانە و پێویستە لەسەریان وەڵامیان بۆ ئەو گرووپانە هەبێت، بەڵام ئەگەر هەوڵ بدرێت ئەو جارەش تەنیا بە گرووپی لەیاسالادەر ناویان بێنن، با هەموو بزانن، ئەو گرووپانە ناویان دیارە و بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق ناسراون.