كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 23/06/2022

داهات و ئازاد! وەڵامێك بۆ ئاسۆس هەردی

دیداری پڕ لە گفتوگۆ و پڕ پرسیار و وەڵامی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە بەرپرسانی یەكەمی دەزگا میدیاییە كاریگەرەكانی كوردستان، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لەسەر بانگهێشتی خودی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو و پاشان تەواوی گفتوگۆكە بێ سانسۆر و لێبڕین و وەك خۆی لە میدیاكاندا بڵاو كرایەوە، دەنگدانەوە و قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام بەگشتی را و بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە هەم كۆبوونەوەكە دەستپێشخەرییەكی پێویست و گرنگ بوو، هەمیش گفتوگۆكە بەرهەمدار بوو.

بەڕێز ئاسۆس هەردی، یەكێك بوو لەو میدیاكار و نووسەرانەی وتارێكی لەبارەی هەندێ لایەنی ئەو دیدارە گفتوگۆئامێزە نووسی، جا لەبەر ئەوەی لەنێو نووسینەكەیدا، رۆشنایی خستووەتە سەر بابەتێك كە تەنیا من لەو دانیشتنەدا تەڕحم كرد و سەرۆكوەزیرانیش رای خۆی لەبارەوە دەربڕی، ناچارم وەڵامێك بۆ ئەو بەڕێزە و روونكردنەوەیەك بۆ میدیاكاران و خوێنەرانی هێژا بنووسم.
كاك ئاسۆس هەردی، سەرەتا وەك خۆی نووسیویەتی: ”سەرسام بووم بە جورئەت و راشکاویی هەندێ لەو هاوکارە ئازیزانەم کە بوێرانە و راستگۆیانە، هەندێ لە كێشەکانی ئازادیی رادەربڕین و کێشە هەنووکەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان، رووبەڕوو لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتدا باس کرد.“
بە ڕای من ئەم سەرسامییەی كاك ئاسۆس بە جورئەتی هاوكارە ئازیانەی! لە دوو هۆكارەوە سەرچاوە دەگرێت؛ یەكەمیان: رەنگە هی ئەوە بێت كە كاك ئاسۆس و ئەو هاوكارە ئازیزانەی! لە كەش و دۆخی سیاسیی شاری سلێمانیدا ژیاون، هەمووشمان دەزانین دۆخە گشتییەكە لەو شارەدا بۆ میدیا و ئازادیی رادەربڕین لە چوارچێوەی ئەو سنوورەدایە كە لەوێوە ئەوپەڕی ئازادیت رەخنە لە هەر شتێكی (دەسەڵاتی پارتی!) بگریت، ئازادیت بچووكترین رووداوی هەولێر و دهۆك بكەیتە گەورەترین رووداو و زۆرترین قسەی لەسەر بكەیت، بەڵام بۆ (دەسەڵاتی سلێمانی!) نەخێر ئەو مافەت نیە، بۆ رووداو و خواروخوێچییەكانی ئیدارەدان لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، دەبێ بێ دەم و بێ چاو و بێ گوێ و بێ دەست بیت.
من تەحەداش دەكەم، ئەگەر رۆژێك لە رۆژان كاك ئاسۆس و هاوكارە ئازیزەكانی! ئاوها بەكۆمەڵ لەگەڵ دەسەڵاتداری یەكەمی سلێمانیدا دەرفەتی گفتوگۆیەكی ئاوها درێژخایەن و رووبەڕوو و راشكاویان بۆ رەخسێنرابێت و ئاوهاش وەك چۆن هاوكارە ئازیزەكانی! لەبەردەم مەسرور بارزانیدا هەموو قسەیەكی دڵی خۆیان كرد، لەوێش ئاوها بەو زمانە قسەیان كردبێت و بەرامبەرەكەشیان بەو ئارامی و سنگفراوانیەی مەسرور بارزانی گوێی لێ گرتبن، دڵنیام لە سلێمانی شتی وەهایان نەدیوە، بۆیە كاك ئاسۆس زۆر سەرسامە بە جورئەتی هاوكارە ئازیزەكانی! لەو دیدارەی سەرۆكوەزیرانی كوردستاندا.
هۆكاری دووەمی سەرسامیی ئاسۆس هەردی بە جورئەتی ئەو هاوكارە ئازیزانەی، ئەمەی خوارەوەیە: بەداخەوە ئێمەی كورد زۆربەمان لنگەوقووچ یان پێچەوانە لە هەندێ پرەنسیپ تێگەیشتووین، پێمان وایە گفتوگۆ بۆ ئەوەیە دۆڕاو و سەركەوتووی تیا دەستنیشان بكەین! ئای كە وا نیە چونكە گفتوگۆ پەیوەندییەكی سوودگۆڕكێیە. پێمان وایە رەخنە رووخێنەرە، لێ پێچەوانەكەی راستە. پێمان وایە ئەوەی رەخنە دەگرێ ئازاتر و بوێرترە لەوەی رەخنە قبووڵ دەكات، ئەمەشیان پێچەوانەكەی راستە. پێمان وایە قسەكردن هونەرێكی باڵاترە لە گوێگرتن، ئەویش پێچەوانەكەی راستە.
كاك ئاسۆس هەردی ساڵانێكی زۆرە لە بواری رۆژنامەوانییدا كار دەكات، بەڵام كارەسات ئەوەیە تا ئێستاش پێی وایە، جورئەت و ئازایەتی بۆ رۆژنامەنووس ئەوەیە كە لەبەردەم سەرۆكی حكوومەتدا بە رەهایی بڵێت: ”لەم هەرێمە، ژیان نیە، مووچە نیە، ئاو نیە، كارەبا نیە، ئەمنییەت نیە، جادە نیە، دەرمان نیە، ئازادی نیە، پرۆژە نیە، حكوومەت هیچی نەكردووە، حكوومەت لە هەموو روویێكەوە شكستی هێناوە!“... راوەستە براكەم، راستە هەرێمی كوردستان كەموكوڕی و گەندەڵیی زۆری تیایە، بەڵام ئەگەر هەموو ئەوانەی دەیڵێن لە كوردستاندا نەبێت، ئەدی كوردستان چۆن ماوە؟ خەڵك چۆن دەژی؟ ئاخر چۆن دەبێ رۆژنامەنووس ئاوها بدوێت! پیرەمێردێكی ریشسپی، یان ژنێكی خانەنشینی بەتەمەن كە لە سەرەی مووچەدا بەبەر تینی خۆرهەتاوەوە یان لەبەر سەرمای بەرەبەیاندا لەبەردەم بانكێكدا لە ریزی مووچەدا وەستاوە، زۆر ئاساییە ئاوها بدوێت، بەڵام میدیاكار دەبێ وردتر و بەبەڵگەتر باس لە (نەبوونەكان) بكات.
دێمە سەر تەوەری (داهاتی دەزگا میدیاییەكان) من لەو دیدارەدا ئامادە بووم و گوتم: ”بۆچی ئەو دەزگا میدیاییانەی لەنێو كوردستاندا، جا لە حزب یان لە هەر شوێنێكی نێوخۆی كوردستان، داهات و بودجەیان بۆ دابین بكرێت، جێی گومانن! بەڵام ئەو دەزگا میدیاییانەی لە دەرەوەی كوردستانەوە بودجەیان بۆ دێت، جێی گومان نەبن؟ ئاخر ئەگەر بڕیارە (گومانكردن لە نیەتی ئیشی میدیایی) هەبێت لە وڵاتێكدا، دەبێ پێش هەموو شت گومان لەو میداكارانە بكرێت كە لە دەرەوەی كوردستانەوە پارەیان بۆ دێت؟“ ئاسۆس هەردی لەو وتارەیدا زۆر لەسەر ئەم قسەیەی من وەستاوە، بەڵام من دیسان لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە: ”بەڵێ من گومانی زۆرم لە هەر دەزگایەكی میدیایی هەیە كە لە دەرەوەی كوردستانەوە، ساڵانە سەدان هەزار دۆلاری بۆ تەرخان دەكرێت.“

چونكە ئەو میدیایەی لەنێو هەرێمی كوردستانەوە بودجەی بۆ دابین دەكرێت، جا راستەوخۆ لە حزبەكانی كوردستانەوە، یان دەزگایەكی نێو حزبەكان، یان كەسایەتییەكی نێو حزبەكان، یان كۆمپانیاییەكی سەر بە حزبەكانەوە پێیان دەگات، ئامانجیان دیار و روونە، ئاسۆس هەردی كە ماوەیەكی باش سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ئەو جۆرە دەزگایانە بووە، لە من باشتر دەزانێ ئامانجەكانی ئەو دەزگایانە چین! ئامانج خراپ بێت یان باش، ئاشكرایە و پێویست ناكات كەسمان درۆ بۆ خەڵك بكەین.

بەڵام تۆ وەرە پێم بڵێ: دەزگایەكی میدیایی كوردستان كە بە زمانی كوردی خزمەتگوزارییە میدیاییەكانی پێشكەش دەكات، بۆچی و لەبەر چی و بە چ مەبەستێك، لە توركیا یان ئێران یان لە نووری مالیكییەوە، یان لە هۆڵەندا و ئەمەریكا و هەر وڵات و رێكخراوێكی بیانیەوە، ساڵانە سەدان هەزار دۆلاری پێدەدرێت؟ ئەگەر پێم دەڵێیت: ”ئەوە بۆ پەرەپێدانی میدیای سەربەخۆ و بێلایەن و ئازادە لە هەرێمی كوردستان!“ ئەوە منیش دەڵێم: ”ئەوە بۆ حەلاوی باس كە“ چونكە بەشبەحاڵی خۆم، میدیای سەربەخۆ و ئازاد و بێلایەنم لە كوردستاندا نەدیوە. خۆ لە توندبوونەوەی ململانێی نێوان حزبەكانی كوردستان و لەنێو ململانێی باڵەكانی نێو خودی حزبەكاندا، زۆر جوان ئاشكرا دەبێت چ میدیایەك بۆ كێ ئیش دەكات!
هەر بۆ ئاگاداریی كاك ئاسۆس هەردی و هاوكارە ئازیزەكانی! مەسرور بارزانی لەو دیدارەدا نەیگوت: ”نابێ هیچ میدیایەكی كوردستانی لە دەرەوە بودجە و پارەی بۆ بێت!“ وەك كاك ئاسۆس هەردی بانگەشەی بۆ دەكات، قسەكانی هەمووی وەك خۆی لە میدیاكاندا ماون، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روون و راشكاو و بە زمانێكی كوردیی فەسیح گوتی: ”پێویستە سەرچاوەی داهاتی هەر دەزگایەكی میدیایی ئاشكرا بكرێت، كە لە چ لایەن و دەزگایەكەوە بۆی دابین دەكرێت.“ لەوە بترازێت ئیدی باسی قەدەغە و شتی وەهای نەكرد.
كاك ئاسۆس نووسیویەتی: ”پاشان خۆ هەر خودی میدیای حیزب و سێبەر و رێکخراوەکانی سەر بە حزب، سوودمەندی گەورەی هاوکاریی رێکخراوە قازانج نەویستەکانی خۆرئاوان، بە هاوکاری و پرۆژەی هاوبەشی کۆنسوڵخانەکانیشەوە. باشە بۆ بۆ ئەوان حەڵاڵە و بۆ خەڵکی تر حەرام؟“... كاك ئاسۆسی برام، تكایە تكایە بوێر بە و ورد دەستنیشانی بكە، لەمەیاندا مەبەستت كام حزبە؟ من خەڵكی شاری سلێمانیم و لەمێژە لە هەولێر كاری میدیایی دەكەم، ئەوەندەی من بزانم و دڵنیا بم لێی، لای پارتییەوە هیچ پرۆژەیەكی میدیایی نیە بودجەكەی لەو رێکخراوە نێودەوڵەتی و کونسوڵخانانە وەربگرێت كە تۆ باسی دەكەیت، ئەو پارە دەرەكییە هەمووی بۆ میدیاكانی سلێمانیە و هەر هەمووشی بە واستە و وەساتەی بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو، بۆیان تەرخان كراوە و بۆ ئەوان ئیش دەكەن.
ئازیزم كاك ئاسۆس هەردی، ئەو قسەیەی سەرۆكی حكوومەت لەبارەی (میدیای سەربەخۆ و بێلایەنە)ەوە كردی و گوتی كەستان سەربەخۆ و بێلایەن نین، ئەوە خۆ تەنیا قسەی ئەو نیە، بەڵكوو لەم ساڵانەی دوایی و لەنێو تەقینەوەی ململانێ نێوخۆییەكانی كوردستاندا، هەموو هاووڵاتیانی كوردستان، لە نەخوێندەوارەوە تا خاوەن بڕوانامە باڵاكان، گەیشتنە ئەو راستی و قەناعەت و بڕوایەی كە (میدیا سەربەخۆ و بێلایەن) هەر لە سەرەتاوە درۆیەكی گەورە و بانگەشەیەكی بێبنەما بوو، مەسرور بارزانی بە هیچ شێوەیەك نەیگوت: ”من بڕوام بە میدیا ئازاد و سەربەخۆ و بێلایەن نیە!“ نەخێر ئەو گوتی: ”لە هەرێمی كوردستاندا ئەم جۆرە میدیایەمان نیە.“
كاك ئاسۆس باسی (ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رەخنەگرتن)ت كرد و وەهات بانگەشە كرد گوایە سەرۆكی حكوومەت پێی قبووڵ نیە و ئەوەی ئەو كارانە بكات بەلای سەرۆكی حكوومەتەوە، دەچێتە ریزی دوژمنەوە! لەمەشدا نموونەی (گیراوانی بادینان)ت هێنایەوە.. پێش هەموو شت سەرۆكی حكوومەت گوتی: ”لە میدیاكانتانەوە دژایەتیی كوردستانی نیشتمانی هەموومان مەكەن“ نەیگوت دژایەتیی خۆم و حكوومەتەكەم مەكەن و رەخنەمان لێ مەگرن! ئنجا دەبێ ئەو راستیە بزانین، ئەگەر هەر كەسێك لە هەرێمی كوردستان لە میدیاكانەوە رەخنەی گرت، یان لە سۆشیال میدیا كۆمێنتێكی نووسی دژی حكوومەت، یان خۆپیشاندانێكی كرد، لەسەر ئەمانە خرابێتە زیندانەوە، ئەگەر ئەو قسەیەی خۆت و هاوكارە ئازیزەكانت راست و دەقیق بێت، نەك هەموو زیندانەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو هەموو زیندانەكانی عێراقیش بەشی ئەو كەسانە ناكات!
پاشان من لە بەڕێزت و لە هاوكارە ئازیزەكانت! دەپرسم: ئەگەر بەڕاستی بێلایەن و سەربەخۆن و لە خەمی كوردستان و خەڵكی ستەملێكراودان؛ كاتێ ئەو كەركووكە نازدارە فرۆشرا، كاتێ مستەفا سەلیمی تەسلیمی ئێران كرایەوە و لەسێدارە درا؟ كاتێ محەمەد سیاسی بەهۆی پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی برادەری خۆتانەوە دیار نەما، كاتێ ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان خڵتانی خوێن كران، كاتێ رۆژنامەنووسێك لە پێنجوێن گیرا و هاوسەرەكەیان رووت كردەوە تا دەستدرێژیی بكەنە سەر، كاتێ هەردوو رۆژنامەنووس بەهرۆز جەعفەر و ناسیح عەبدولڕەحیم چەند مانگێك لە زیندان ئاخنران، لە زۆر رووداوی تری هاوشێوەشدا، بەس پێم بڵێن: ئێوەی سەربەخۆ و بێلایەن و ئازادیخواز، لە كوێ بوون؟