كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەکەکە هەڕەشەی کوشتن لە پەرلەمانتارانی کوردستان دەکا

دوای دەست پێكردنی هێرشی پەكەكەیە بۆ سەر میدیاكاران

پەکەکە دەزگایەکی تایبەتی بۆ سەرکوتکردن و هەڕەشەکردن لە میدیاكاران و پەرلەمانتاران پێکهێناوە، تەنانەت زۆر لەوانەی هەڕەشەیان لێ کراوە و لەو ناوچانەن کە پەکەکە هەژموونی بەسەریاندا هەیە، نایانەوێ باس لەو هەڕەشانەی سەریان بکەن، کە لەلایەن پەکەکەوە لێیان کراوە. پەرلەمانتارێکی کوردستانیش لە زاخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پەکەکە نامەی هەڕەشەی کوشتنی بۆ ناردووە.

پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان

پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بە چەندین ناو و ئاڵای جیاوازەوە لە رۆژئاوای کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستاندا هەیە، بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان، کە لە رووی سیاسی بە ناوی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) و لە رووی چەکدارییشەوە بە ناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هەژموونی خۆی بەسەر کوردانی رۆژئاوادا سەپاندووە و ئێستا ئەو هێزە لەناو هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە.

ئەو لایەنانەی پەکەکە، تۆمەتبارن بە چەندان پێشێلکاریی گەورە لە بەرامبەر بە پارتەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و رۆژنامەنووسان و خەڵکی مەدەنی، تەنانەت بەهۆی بوونی ئەو هێزانەی سەر بە پەکەکە، ملیۆنان کورد لە رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی هەرێمی کوردستان، تورکیا، ئەورووپا و وڵاتانی دیکە بوون، بە شێوەیەک، بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پەکەکە لە ناوچەکانی ژێر هەژموونی خۆی، ڕێگەی لە بیروڕای ئازاد گرتووە و منداڵان دەڕفێنێت و چەکداریان دەکات، هەروەها هێرش دەکاتە سەر بارەگای پارتەکانی دیکەی دەرەوەی ئەو چەترەی پەکەکە، بە ناوی جیاوازی وەکوو تەڤدەم و ناوی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان پێکی هێناون، تاوەکوو ئێستاش زیاتر لە 50 سەرکردەی پارتەکانی دیکەی دەرەوەی پەکەکە کوژراون و بێسەروشوێنن، بە دەیان جاریش بارەگای ئەو حزبانەی دەرەوەی پەکەکە سووتێنراون.

هێرشی سەر میدیاكاران لە هەرێمی کوردستان

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستان ماوەیەکە لەدوای هێرشەکانی سەری بە درۆن لەلایەن تورکیاوە، کە لە زۆر لە ناوچەکان، بەتایبەتی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان، کادیران و سەرکردەکانی کراونەتە ئامانج، دەزگایەکی تایبەتی پێکهێناوە، ئەرکی ئەو دەزگایە هێرشکردنە سەر میدیاكارانە، لەو کاتانەی ئۆتۆمبێل و بارەگاکانی دەکرێنە ئامانج، هەروەها ئەرکێکی دیکەی ئەو دەزگایە، هەڕەشەکردنە لەو میدیاكارانەی کە بابەت و ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکاری و سنووربەزاندنە یاسایی و مرۆڤایەتییەکانی پەکەکە بڵاو دەکرێنەوە.
لەمبارەیەشەوە، لە سنووری سلێمانی نامەی هەڕەشەی بۆ چەندین رۆژنامەنووس و میدیاکار و نووسەر ناردووە، بەڵام ئەو میدیاکارانە بە شێوەیەک ترسیان لە پەکەکە هەیە کە ناوێرن باس لەو هەڕەشانە بکەن، کە لێیان کراوە.

لە ماوەی رابردوودا، ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر) لە راپۆرتێکی تایبەتی خۆیدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، باسی لە هێرشی لایەنگرانی پەکەکە لە سلێمانی بۆ سەر تیمی رۆژنامەنووسان و هەروەها رفاندن و چەکدارکردنی منداڵان لەلایەن پەکەکەوە لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کردووە.

لە راپۆرتەکەی (ئەلمۆنیتەر)دا باس لەو هێرشانەی پەکەکەش کراوە، کە لە چەند خاڵێکەوە کردوویەتییە سەر پێشمەرگە.
هەروەها باس لەوەش کراوە، کە رۆژی 5ـی حوزەیران، چەکدارانی پەکەکە لە شنگال پێشمەرگەیەکیان لە ماڵەکەی خۆی رفاندووە و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای دهۆک. ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش داوە، پەکەکە لە هەمان رۆژی ساڵی پێشوودا، لە بۆسەیەکدا پێنج پێشمەرگەیان کردبووە ئامانج.

(ئەلمۆنیتەر) په‌لاماری ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نگرانی په‌كه‌كەش‌ له‌به‌رده‌م پزیشكی دادی شاری سلێمانی بۆ سه‌ر تیمی (كوردستان24) و داخستن و قەدەغەکردنی رووماڵی رووداوەکان لە نووسینگەی (کوردستان24) لە سنووری دەسەڵاتی (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان، بە نموونەی ئەو هەڕەشانە هێنایەوە کە پەکەکە بۆ سەر رۆژنامەنووسان دروستی کردوون.

هەڕەشە لە رۆژنامەنووسانەوە بۆ سەر پەرلەمانتاران

هەڕەشەکانی پەکەکە هەر لەسەر رۆژنامەنووسان نەوەستاوە، بەڵکوو گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە نامەی هەڕەشەی کوشتنی بۆ پەرلەمانتارانی کوردستان ناردووە. یەکێک لەو پەرلەمانتارانە، چیا شەریف، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستانە لە زاخۆ کە لە تویتێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئەوەی ئاشکرا کردووە، هەروەها بۆ (باسنیوز) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڕەشەکان نوێن و لەم ماوەیەدا لەلایەن پەکەکەوە لێی کراون، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە بووە لەسەر پەکەکە کە رەخنەی لەو سیاسەتە گرتووە، پەکەکە لە هەرێمی کوردستان گرتوێتییە بەر.