48 سەعات دوای كۆبوونەوەكەش راستگۆییمان نەبینی!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 23/06/2022

48 سەعات دوای كۆبوونەوەكەش راستگۆییمان نەبینی!

دوای كۆبوونەوەی ڕووبەڕووی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری بەڕێوەبەری كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ھەرێمی كوردستان، كە لە بەشێكیدا سەرۆكی حكوومەت گوتی: ”دەبێ لەگەڵ خۆمان و خەڵكی خۆمان ڕاستگۆ بین.“ كەچی 48 سەعات دوای ئەو كۆبوونەوەیە، ھەندێك لەو كەناڵانەی ڕاگەیاندن ڕێك بەپێچەوانەوە، لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ خۆیان و خەڵكی خۆمان ڕاستگۆ بن، لەگەڵ خۆیان و خەڵكی خۆمان ڕاستگۆ نەبوون.. چۆن؟

1 - پەرلەمانی كوردستان بۆ ھەمواری یاسای نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی ئەندامێك بۆ ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی ھەرێم زیاد بكات و ئەو ئەندامەش سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بێت، كەچی ھەندێك لەو كەناڵانەی ڕاگەیاندن دەڵێن، ئەمە بۆ ئەوەیە كە پارتی لەو ئەنجوومەنەدا زۆرینە بێت، یان دەست بەسەر ئەو ئەنجوومەنەدا بگرێت، بەڵام بۆ ئەوەی وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرنەچن، وەرن با ئەو چەواشەكاری و ناڕاستگۆییەی ئەو بەشە لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەربخەین، فەرموون:

2 - دەستنیشانكردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز بە گوێرەی لایەنی حكوومی، پەیوەندیدارە بە نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان، نەك حزب و حزبیبوون. پێشتر ھەریەك لە سەرۆكی حكوومەت، جێگری سەرۆكی حكوومەت، وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەكان و وەزیری پلاندانان لەو ئەنجوومەنەدا بوون، ئێستا سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ زیاد دەكرێت، ئنجا ئەمە بەو مانایە نییە كە پارتی لە ڕێگەی ئەم گۆڕانكارییە لە پێكھاتەی ئەو ئەنجوومەنەدا بیەوێت دەست بەسەر ئەو ئەنجوومەنە و نەوت و غازی ھەرێمی كوردستاندا بگرێت، چونكە بێجگە لەوەی كە پەرلەمانی كوردستان ئەو ھەموارە دەكات نەك پارتی، لە ھەمواركردنەوەی ئەو یاسایەشدا باسی پۆستی حكوومی دەكرێت نەك شتی دیكە.

بۆ زیاتر ڕوونكردنەوە، ئەگەر ئەمڕۆ لەناو حكوومەتدا پارتی سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی دیوان و وەزیری سامانە سروشتییەكانی ھەیە، بەڵام ئەگەر لە ھەر خولێكی ھەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی كوردستان، حزبێكی غەیری پارتی خۆی بەتەنیا، یان بە هاوپەیمانیی لەگەڵ حزبی دیكەدا ببنە زۆرینەیەكی وەھا كە بتوانن خۆیان حكوومەت پێكبھێنن و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ خۆیان بێت و خۆ ئەگەر زۆرینەكە بگاتە دوو لەسەر سێ و سەرووتر، ڕەنگە داوای وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكانیش بكەن و ئەگەر زیاتریش بڕۆن پارتی ببێتە ئۆپۆزسیۆن و ئەسڵەن ھەر بەشداریی حكوومەتیش نەكات، كەواتە لەم حاڵەتەدا كوا و كام پارتییە لەناو حكوومەت و ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی ھەرێم دەست بەسەر ئەو ئەنجوومەنەدا دەگرێت؟

جا ئەوە بۆیە لەسەرەتاوە گوتم 48 سەعات دوای كۆبوونەوەی ڕووبەڕووی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەشێكی زۆر لە بەڕێوەبەری كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ھەرێم، بەشێك لەوان لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ خۆیان و خەڵكی خۆمان ڕاستگۆ بن، لەگەڵ خۆیان و خەڵكی خۆمان ڕاستگۆ نەبوون و ھەر 48 سەعات دوای ئەو كۆبوونەوەیە، دەستیان كردەوە بە چەواشەكاری و سەرلێشێواندنی خەڵك. لە گوتارێكی پێشووترمدا و ھەر لێرەدا و تایبەت بەو كۆبوونەوەیە، لە خۆمەوە و بەخۆڕایی نەمگوت من نزیكەی 30 ساڵە بەشێكی زۆری بەڕێوەبەرانی ئەو كەناڵانەی ڕاگەیاندن و كەناڵەكانیشیان باش دەناسم و دەزانم چی دەكەن و چیشیان دەوێت!