رێگای بەردەڕەش بۆ کەله‌ک به‌ بڕی 80 ملیار دینار دەکرێتە دوو ساید
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

رێگای بەردەڕەش بۆ کەله‌ک به‌ بڕی 80 ملیار دینار دەکرێتە دوو ساید

رێگای قەزای بەردەڕەش بۆ ناحیەی کەلەک رێگایەکی ستراتیژییە و هاتوچۆی زۆری لەسەرە، بەتایبەت ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و بەهۆی زۆریی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە رێگای مەرگ ناسراوە. کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگیی بە پرۆژەی رێگاوبانەکان دەدات، لەم ڕووەش بەڕێوبەرایەتیی رێگاوبانی پارێزگای دهۆک پلانی رێگای قەزای بەردەڕەش بۆ ناحیەی کەلەک لە سنووری پارێزگای دهۆکی داڕشتووە و پرۆژەکە لە ریزبەندی یەکەمی پرۆژەکانی رێگاوبانە لە سنووری پارێزگای دهۆک.

لەمبارەیەوە، خەدیجە محەمەد، بەڕێوەبەری رێگاوبانی پارێزگای دهۆک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پرۆژەی رێگای قەزای بەردەڕەش بۆ ناحیەی کەلەک رێگایەکی ستراتیژی و گرنگە، هەر لەبەر ئەمە، ئەم پرۆژەیە لە ریزبەندی یەکەمە لە پرۆژکانی رێگاوبانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان”.

گوتیشی: “تێچووی رێگاکە بە دیزاین و جێبەجێکردن، بە گوژمەی 80 ملیار دینار خەمڵێنراوە و بەدرێژایی 30کم دەکرێتە دووساید، کە هەر سایدێک سێ ئۆتومبێل هاوتوچۆی تێدا بکات”.

خەدیجە محەمەد ڕایشی گەیاند، بە فەرمی پلانی رێگای بەردەڕەش بۆ کەلەک بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نێردراوە و چاوەڕێی رەزامەندین، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت.

بەڕێوەبەری رێگاوبانی پارێزگای دهۆک، سەبارەت بە پرۆژەیەکی دیکە ڕایگەیاند، پردی گوندی گرێگا بۆ ناحیەی کەلەکچی لەسەر رووباری خازر، هەردوو قەزای شێخان و بەردەڕەش بەیەک دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆی کورتکردنەوەی رێگاکە، درێژیی پردەکە 300 مەترە، پلان و دیزاین و پشکنینی شوێنەکە تەواو کراوە و بەهۆی قەیرانی دارایی، ماوەی چەند ساڵێکە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت بەڵام پردەکە هەر دروست دەکرێت، ئەوەش بەپێی گرنگیی شوێن و پرۆژەکان جێبەجێ دەکرێن، ئێستاش پرۆژەی گرنگتر هەیە و پێشینە دەدەینە ئەو پڕۆژانە.