زانکۆی دهۆک دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی یەکەمین لوتکەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ کە پایزی ئەمساڵ لە دهۆک بەڕێوە دەچێت.
عسمهت خابور، گوتەبێژی زانکۆی دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/6/2022 بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، زانکۆی دهۆک دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی یەکەمین لوتکەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ کە پایزی ئەمساڵ لە دهۆک بەڕێوە دەچێت و گوتی: ''ئەم لوتکەیە بە یەکەمین لوتکەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت''.
گوتەبێژی زانکۆی دهۆک ئاشکرایشی کرد، لەو لوتکەیە نێودەوڵەتییەدا کە لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی دهۆک بەڕێوە دەچێت، چەندین بەرپرسی هەرێمی و بیانی بەشدار دەبن و دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پێش بکەوێت.
عسمهت خابور گوتیشی: سەرۆکی زانکۆی دهۆک لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەتەوە و هەردوولایان پشتیوانیی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی لوتکەی نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک دەربڕیوە.