كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نەهرۆ مەحموود: بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، پێویستە فراکسیۆنە کوردستانیەکان مەرجیان هەبێ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، باس لە مەترسیی هەنگاوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ململانێی نێوماڵی عەرەبی شیعە بۆ سەر کورد دەکات و دەڵێ: “چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستا قسە لەسەر بابەتی سەرکۆماریش دەکەن و دەڵێن پێویستمان بە ٢٢٠ دەنگ نییە، لەکاتێکدا چوار مانگە کورد خەریکی ئەو بابەتەیە.“

نەهرۆ مەحموود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران خۆی دەبێ کاتژمێر ١١:٠٠ بکرێت، بەڵام هەموو جارێک بۆ کاتژمێر ١:٠٠ یان ٢:٠٠ یان درەنگتر دوا دەکەوێت، بەدڵنیایی کۆبوونەوەی ئەمڕۆش دوا دەکەوێت، چونکە تا ئێستا گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە، هەروەها لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگییش زۆر بابەت هەیە، هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە، لەوانە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لەنێو خۆیان بۆ کام لایەنەیان بێت، لێرە و لەوێ باس لەوە دەکرێ کە گوایە داوایان لە سەربەخۆکان کردووە، کە ئەوان سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکەن، ئەمە راست نییە.“

لەبارەی بەشداریکردنی پارتی و لایەنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، نەهرۆ مەحموود دەڵێ: ”ئەگەر کێشەی دادگای فیدراڵی چارەسەر نەکرێت، کە لە ئەنجامی ململانێی شیعی شیعی دروست بووە و دژی دەستووری عێراقە، بەبێ ئەوەی هەرێمی کوردستان ناكۆكیی دەستووریی هەبێت، لە ئەنجامی دۆخێکی سیاسیی سەد لە سەد دروست بووە، پێویستە نە پارتی و نە لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکەن.“

هاوکات باس لەوە دەکات، کە پێویستە فشار لەسەر چارەسەرکردنی بابەتی دادگای فیدراڵی بە کشانەوەمان لە پەرلەمان بکەین، چونکە دوای کشانەوەی پەرلەمانتارانی موقتەدا سەدر بە ٧٣ پەرلەمانتار، پارتییش بە ٣١ پەرلەمانتاری بکشێتەوە، ئەوا پەرلەمانی عێراق شەرعییەتی لەدەست دەدات، وەک سەرۆک بارزانییش دەڵێت: ”ئەگەر هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی نەبێت، بۆ بەشدار ببین؟“ هەرچەندە بۆ بابەتی کشانەوە دەبێ سەرکردایەتی بڕیاری لەسەر بدات.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ٧٣ پەرلەمانتارە سەرکەوتووەکە کە بڕیارە جێگەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر پڕ بکەنەوە، دەڵێ: ”زۆرینەیان سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگین لە دەوڵەتی یاسا، عەسائیبی ئەهلی حەق، فەتح، هەروەها ١٥ بۆ ١٦ کەسیان سەر بە رەوتی سەدرن، بەشێکیان سەر بە سەربەخۆكانن.“

نەهرۆ مەحمود پێی وایە، کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکرێت ببێتە زۆرینەی پەرلەمان، بەڵام ناتوانن زۆرینەی دەنگەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەدەست بهێنن، گوتیشی: “لەم رۆژانەدا چوارچێوەی هەماهەنگی باس لەوە دەکەن، کە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار مەرج نییە ٢٢٠ پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتن بن، واتە گەڕی یەکەم بە بێ ٢٢٠ پەرلەمانتار بە ئیعتیبار بڕوا، تەنیا پێویستمان بەوەیە، کە نیسابی یاسایی تەواو بێت و گەڕی دووەم پەنجا کۆ یەک، ئەمەش تەواو پێچەوانەی دەستوورە و نایاساییە”.