راهێنەرێك لە ساتەوەختی نقوومبووندا یاریزانێكی مەلەوانی لە خنكان رزگار دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

راهێنەرێك لە ساتەوەختی نقوومبووندا یاریزانێكی مەلەوانی لە خنكان رزگار دەكات

 دوای ئەوەی خاتوو ئەنیتا ئەلفارێس، مەلەوانی ئەمریكی، رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە بۆدابێستی پایتەختی هەنگاریا بەشداریی لە پێشبڕكێیەكی پاڵەوانێتیی مەولەوانیی جیهانیدا كرد، لە خنكان رزگار كرا.

ئەلفارێسی تەمەن 25 ساڵ، لە كاتی مەلەوانی لە گەڕی كۆتایی تاكەكەسی لە پاڵەوانێتیی مەولەوانیی جیهانیدا، لە مەلەوانگەیەكدا نقووم بوو و توانای هەناسەدانی نەما و لە هۆش چوو، بەڵام لەوكاتەدا، فۆینتێسی راهێنەری فریای كەوت و توانیی لە خنكان رزگاری بكات.

فۆینتێسی راهێنەر لەمبارەوە گوتی: “دیمەنەكە زۆر ترسناك بوو، ناچار بووم خۆم فڕێ بدەمە ناو مەلەوانگە و رزگاری بكەم، چونكە پیاوانی تیمی فریاگوزاری بەفریای نەچوون”.

فۆینتێسی راهێنەر تەمەن 39  ساڵ، بە كراس و پانتۆڵەوە خۆی فڕێدایە ناو مەلەوانگە و توانیی ئەلفارێس رابكێشێتە سەر رۆخی مەلەوانگە و رزگاری بكات.

فۆینتێسی راهێنەر، كە چوار خەڵاتی ئۆلۆمپی بەدەست هێناون، گوتیشی: “دەترسام، چونكە دەمزانی ئەلفارێس هەناسە نادات و لە هۆش چووە، بەڵام ئێستا زۆر باشە”.

دواتر ئەلفارێس گوازرایەوە بۆ سەنتەری پزیشكی، لەكاتێكدا هاوڕێكانی و هاندەرانی تووشی شۆك ببوون.

راهێنەرەكە دەشڵێ: “ئەنیتا ئێستا سەلامەتە و پزیشكان پشكنینیان بۆ كردووە و لێدانەكانی دڵ و ئۆكسجین و ئاستی شەكر و فشاری خوێنی ئاسایی بوونەتەوە”.

ئەنیتا ئەلفارێس بۆ جاری دووەمە بەشداریی پاڵەوانێتیی جیهانی بۆ مەولەوانی دەكات، پاریش لە كاتی گەڕی هەوڵاوێركردنی ئۆلۆمپی لە بەرشلۆنە لە هۆش خۆی چوو.

فۆنتێسی راهێنەر سەبارەت بە هەڵوێستی تیمی پیاوانی فریاگوزار گوتی: “كاتێ ئەلفارێس نقووم بوو، تەماشام كرد پیاوانی فریاگوزار هیچ كاردانەوەیەكیان نییە، بۆیە بەپەلە خۆم فڕێ دایە ناو ئاوەكە و گوتم نابێ من وەك تەماشاكار بمێنمەوە، پێم وایە ئەمە یەكەم و خێراترین حاڵەتی فریاگوزارییە لە ژیانی پیشەیی مندا، بەڵام كە هەڵمگرت زۆر قورس بوو، شتەكە هەروا ئاسان نەبوو”.

فۆینتێس جەختی لەوەش كردەوە، كە ئەلفارێس تا رۆژی پێنجشەمە پشوو ئەدات، دواتر پزیشكەكان بڕیار دەدەن كە ئامادەیە بۆ بەشداریكردن لە گەڕەكی كۆتایی یارییەكە لە رۆژی هەینی، یان نا.