بۆچی سواڵكەرەكان لە دەرگای هەندێك له‌ ماڵه‌كان نادەن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بۆچی سواڵكەرەكان لە دەرگای هەندێك له‌ ماڵه‌كان نادەن؟

 بەشێك لەو ماڵانەی كە كامێرای چاودێرییان هەیە، باس لەوە دەكەن كە سواڵكەرەكان، لە دەرگای ئەو ماڵانە نادەن، كە كامیرایان هەیە، دەزانن لێیان ناكرێتەوە، پۆلیسی هەولێریش جەخت لەوە دەكاتەوە، كە حاڵەت هەبووە، سواڵكەر دزی كردووە و بە كامیرای چاودێری دۆزراوەتەوە.

هیوا خوشناو، ماڵی لە شاری منارەی هەولێر، باس لە زۆربوونی ژمارەی سواڵكەر دەكات، كە بەردەوام لە گەڕەكەكاندا هه‌ن و ده‌گه‌ڕێن، بۆ (باسنیوز)، ئەو ئاماژە بەوە دەدات، كە لەوەتەی كامێرای چاودێریی داناوە، سەیری كردووە، سواڵكەرەكان كەمتر لە دەرگا دەدەن و دەڵێت: ”جارێك دوو دەرۆزەكەر لە دەرگایان دەدا، منیش لە ژوورەوە سەیرم دەكردن، بینیم یەكیان سەیری سەرەوەی كرد و گوتی ئەوە كامێرایان هەیە و وا دەمانبینینن، بڕۆ دەرگای ناكەنەوە“.

ئەو هاووڵاتییە، كە پێی سەیرە لەوەته‌ی كامێرای چاودێریی داناوە، كەمترین سواڵكەر لە دەرگای دەدەن، ”زۆربەیان دەزانن، لە كامێراكان دیارن، بۆیە ئەو ماڵانەی كامیرایان هەبێت، لە دەرگا نادەن، تەنیا ئەگەر لە حەوشەی ماڵەكە بن و دەنگیان بێت، ئینجا دەست بە پاڕانەوە دەكەن، ئەگەرنا بینیومە لەو ماڵانەی كامیرایان داناوە، یان لەدەرگا نادەن، ئەگەر لێش بدەن، جارێك لە دەرگاكە دەدەن و سەیرێكی كامیراكە دەكات و دەڕوات“.

بەختیار حوسێن، هاووڵاتی ئەویش جەخت لەوە دەكاتەوە، كە تێبینیی ئەوەی كردووە، سواڵكەرێك لە كۆڵانەكەیان لە هەندێك دەرگای دا و لە هەندێكی نەدا، ”تەنانەت ماڵ هەبوو لە ماڵ نەبوون لە دەرگای دا و هەبوو ئۆتۆمبێڵیان لەبەر دەرگا نه‌بووه‌ لێیان نەدا، كە هاتە لای من و داوای یارمەتیی كرد، لێم پرسی بۆچی له‌ هەموو دەرگاكانت نەدا، گوتی ئەوانە كامیرایان هەیە، لە ژوورێ دەمانبینن، دەرگامان لێ ناكەنەوە“.

بەختیار، بە پێكەنینەوە، دەڵێت: ”دانانی كامیرا سەرباری بارە ئەمنییەكەی، ئەو سوودەشی هەیە، سواڵكەرت لە كۆڵ دەكاتەوە“.

موقەدەمی مافپەروەر، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، لەوبارەوە بۆ (باسنیوز)، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە كامێراكانی چاودێریی ماڵان، زۆر یارمەتیی دەزگا ئەمنییەكانیان داوە، بۆ دۆزینەوەی تاوانباران ”ئەو كامێرا تایبەتییەی ماڵان، هۆكارێكی زۆر باشبوونە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، لەكاتی پێویست زۆر سوودی هەبووە بۆ لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس“

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، نایشارێتەوە، كە حاڵەتی دزی هەبووە، كە سواڵكەرەكان چوونەتە ناو ماڵەكان و دزییان كردووە، كامێرای چاودێریی هۆكاری دۆزینەوە بووە و دەڵێت: ”لە رێگەی كامێراوه‌ دیار بوونە، لێكۆڵینەوەكانی ئێمەش هۆكار بووە، چونكە خاوەن ماڵ نەیزانیوە كێ بووە، ئێمە زانیاریی كەسی ئەو سواڵكەرانەمان لا بووە، ئەمەش هاوكار بووە، بەتایبەت ناسینەوەی رووخسارەكان كارێكی باش بووە، كە بەهۆی كامێراكانەوە دیار بوونە“.

بۆیە گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر،  پێی باشە ماڵەكان هەموویان كامیرای چاودێری خۆیان هەبێت، ”باشترین هۆكارە بۆ پاسەوانیی ماڵەكەت“.