لە سلێمانی لە كۆگایەكی خۆراكدا لە نێو برنج، رۆن، فاسۆلیا، پاقلە، نیسک، نۆک، کشمیش، پاشماوەی مشك و جرج دۆزراوەتەوە.
قایمقامیهتی سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێک بڵاوی کردەوە "بەهۆی نەبوونی هیچ مەرجێکی تەندروستی و دانانی موادی خۆراکی بەشێوەی نا تەندروست لەگەڵ ئامێری کارەبایی، کۆگای بیکۆ لە گەڕەکی ژاڵەی جەزا جاف داخرا و رێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر".
هاوڕێ ئەمین، سەرۆکی لیژنەی کۆگای لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیهتی سلێمانی رایگەیاند: لە چوارچێوەی سەردان و بەدواداچونەکانمان سەردانی کۆگای بیکۆمان کرد، دەرکەوت تێیدا لەگەڵ ئامێری کارەباییدا بڕی دەیان تۆن مەوادی خۆراکی وەکوو (برنج، رۆن، فاسۆلیا، پاقلە، نیسک، نۆک، کشمیش) هەڵگیراوە و بەشێوەیەکی ناتەندروست داندراون و پاشماوەیەکی زۆری قرتێنەرەکانی وەکو مشک و جرجی تێدایە کە ناکرێت لە کۆگادا هەبن".
ئەو بەرپرسەی قایمقامیهتی سلێمانی گوتیشی: "لە كۆگاكە هیچ ئامێرێکی فێنککەرەوە و هەواکێشی نییە و پلەی گەرمی ناو کۆگاکە بەرزەو بۆ هەڵگرتنی خۆراک شیاو نییە".
دیار جەمال، ئەندامی لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكان رایگەیاند: "لەسەر فەرمانی قایمقامی سلێمانی، ئەو کۆگایە داخرا تا ئەوکاتەی پابەندی رێنماییەکان دەبێت و نمونەی خۆراکەکانیش دەنێرین بۆ پشکنین، ئەگەر لەپشکنین دەرنەچوون تەواوی خۆراکەکان لە ناودەبردرێن".







