لە كاتێكدا هاووڵاتییانی توركیا لەبەر نەبوونی و برسیەتی و گرانیی خۆراك هاواریان لێ هەستاوە، كەچی مووچەی پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد كرا.
ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، مووچەی مانگانەی پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە 17 هەزار لیرەی بۆ زیاد كرا و لە 39 هەزارە بۆ 56 هەزار لیرە بەرز بووەوە، هەروەها مووچەی پەرلەمانتارانی خانەنشینیش لە 18 هەزار لیرەوە بۆ 25 هەزار لیرەی توركی بەرز بووەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، مووچەی مامۆستا لە تورکیا دوو هەزار و 600 لیرە زیاد بووە و مووچەی فەرمانبەرانی خانەنشینیش هەزار و 600 لیرە زیاد بووە.
ئەم زیادبوونە بەهۆی ئەو گرانییەیە كە ڕووی لە توركیا كردووە، بەڵام زیادكردنی مووچەی پەرلەمانتار بەو شێوە زۆرە، هاووڵاتیانی نیگەران كردووە و لە سۆشیالمیدیاوە ناڕەزاییان دەربڕیوە و دەڵێن، خەم لە میللەت بخۆن، نەك لە خۆتان.