گەنجێکی کورد کە دانیشتووی ناحیەی کەلەکچییە لە سنووری پارێزگای دهۆک لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی کردووە لە قارەمانیی سکای کە لکێنراوە بە تیکۆنجتسۆی و یەکێکە لە یارییەکانی ئۆلۆمپیاد لە هەرێمی کشمیری هیندستان و توانیی مەدالیای زێڕ بباتەوە و پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.
سەلمان سابر محەمەد، یاریزانی سکای کە لکێنراوە بە تیکۆنجتسۆی کە یەکێکە لە یارییەکانی ئۆلۆمپیاد لە هەڵبژاردەی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ئەم پاڵەوانییە نێودەوڵەتییە و گەڕی 11یەمە و هەردوو سال جارێک لە وڵاتێک بەڕێوە دەچێت و یارییەکە لەلایەن ئۆلۆپیادی جیهانییەوە دانی پێدا نراوە، ئەمساڵیش بە بەشداریی چەندین وڵات لە هەرێمی کشمیری وڵاتی هیندستان بەڕێوە چوو.
گوتیشی: من وەکوو گەنجێکی کوردی دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی لە سنووری پارێزگای دهۆک لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشدار بووم لەم قارەمانییە نێودەوڵەتییە و دوای چەندین جەولەی یاریکردن توانیم مەدالیای زێڕ و پلەی یەکەم بەدەست بهێنم.
ڕایشیگەیاند: لەکۆی هەشت یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق تەنها دوو یاریزان توانییان مەدالیای زێڕ و پلەی یەکەم بەدەست بهێنن کە یەکێکیان من بووم، بەمەش هەڵبژاردەی عێراق توانیی بە پلەی دووەم لەسەر ئاستی وڵاتان، لەدوای وڵاتی هیندستانەوە بێت و پلەی دووەم لەم قارەنییە بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەگەر من و یاریزانەکەی دیکەی هەڵبژاردەی عێراق مەدالیای زێڕ و پلەی یەکەممان بەدەست نەهێنابا، هەڵبژاردەی عێراق نەیدەتوانی پلەی دووەم لەسەر ئاستی وڵاتان بەدەست بهێنێت.
سەلمان سابر محەمەد لە سالی 1982 لە ناحیەی کەلەکچی لە سنووری پارێزگای دهۆک لەدایک بووە و هەرلەو ناحیەیەش نیشتەجێیە و ماوەی 24 ساڵە پێشمەرگەیە لە فەرماندەیی کارۆخی پاراستنی ژینگە لە فەرماندەیی هەولێر سەر بە یەکەی 80ی وەزارەتی پێشمەرگە و لە هەمان کاتیشدا ڕاهێنەر و دامەزرێنەری یانەی کەلەکچییە بۆ یاریی سکای کە لکێنراوە بە تیکۆنجتسۆی کیکو شنگای و دامەزرێنەری وەرزشییە لە هەمان یاری لە قەزای بەردەڕەش و کۆمەڵگای چڕە