بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت مانگانە 80 ملیۆن دینار بۆ چالاکییە وەرزشییەکان خەرج دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت مانگانە 80 ملیۆن دینار بۆ چالاکییە وەرزشییەکان خەرج دەکرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پشتیوانیکردنی هەموو کەرتەکان بەردەوامە و کەرتی وەرزشییش کە شانبەشانی کەرتەکانی دیکە دەبێتە هۆی ناساندنی نەتەوەکان، یەکێکە لەو کەرتانەی کە لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.

شوان عه‌زیز، گوتەبێژی ئۆلۆمپیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/6/2022 بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''خۆشحاڵین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییە وەرزشییەکان دووپات کردەوە و سەرۆکی حکوومەت بڕیاری داوە مانگانە گوژمەیەک پارە بۆ لیژنەی ئۆلۆمپی خەرج بکرێت تاکوو چالاکیی خولە وەرزشییەکان بەردەوام بن''.

گوتەبێژی ئۆلۆمپیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایشی کرد: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە مانگانە بە گوژمەی 80 ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەچونی خولە وەرزشییە جیاجیاکان خەرج بکرێت و بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە ڕۆژی شەممە 25/6/2022 لیژنەی ئۆلۆمپیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و ئەمینداری دارایی یەکێتیی وەرزشی کۆ بێتەوە بۆ ئەوەی بڕیار بدەن چۆن و کەی چالاکییە وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات''.

جێی ئاماژەیە کە لیژنەی ئۆلۆمپیی هەرێمی کوردستان ساڵی 2006 بەفەرمی وەکوو دامەزراوەیەکی فەرمیی وەرزشی دامەزرا و بە مەرجەعی سەرەکیی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی چالاکییە وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستان لەقەڵەم دەدرێت و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە لێژنەی ئۆلۆمپی دەکات بۆ ئەوەی چالاکییە وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستان بەباشی و سەرکەوتوویی بەڕێوە بچن.