توركیا، بە بڕیاری دادگا، سەروەت و سامانی 29 كەسی سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش و قاعیدەی ڕاگرت و بڕیارەكەش لە ڕۆژنامەی فەرمیی دەوڵەت بڵاو كرایەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراونەتەوە، توركیا سەروەت و سامانی 29 كەسی ڕاگرتووە، چونكە پشتگیریی ماددیی داعش و ڕێكخراوی قاعیدەیان كردووە.
پێشتر سامانی ئیسماعیل بەیئاڵتوون بە هەمان شێوە ڕاگیرابوو، بە تۆمەتی ئەوەی پاڵپشتیی دارایی داعشی كردووە، بەڵام لە بڕیارێكی تازەدا ڕاگرتن لەسەر سامانی ئیسماعیل هەڵگیرا و بۆی هەیە ئەو سامانەی هەیەتی بەكاری بهێنێت.
یەكێك لەو كێشانەی ڕووبەڕووی توركیا بووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر چەكداری داعش، دوای ئەوەی لە سووریا و عێراق هیچ شوێنێكیان بەدەستەوە نەماوە، ڕوویان لە توركیا كردووە و بە ناوی ئاوارە لەوێ دەژین، بۆیە ڕۆژانە ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانە بەڕێوە دەچێت.