ئەمشەوی چوارشەممە هاوپەیمانیی "سیادە"ی سوننەكانی عێراق بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی سبەینێ پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.
بەپێی میدیاكانی عێراق، هاوپەیمانییەكە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە بەشداری كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق دەكەن.
پێشتریش وا بڵاو كرابووەوە كە سەركردەكانی هاوپەیمانییەكە ئەم ئێوارەیە لە ماڵی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەماندا كۆبوونەتەوە بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی نائاسایی سبەینێی پەرلەمانی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی ئەو كاندیدانەی پەرلەمانی عێراقی كردبوو كە زۆرترین دەنگیان لە هەڵبژاردنی رابردوودا هێنابوو و بەڵام سەرنەكەوتبوون، تا سبەینێ روو لە پەرلەمان بكەن و لە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی فراكسیۆنی سەدر، سوێندی یاسایی بخۆن و دەستبەكار بن.