باڵوێزخانەی پۆڵۆنیا ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی هەواڵی كوژرانی هاووڵاتییانی عێراق لە پۆڵۆنیا بڵاوكردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

باڵوێزخانەی پۆڵۆنیا ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی هەواڵی كوژرانی هاووڵاتییانی عێراق لە پۆڵۆنیا بڵاوكردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە باڵوێزخانەی پۆڵۆنیا لە عێراق، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی هەواڵی كوژرانی هاووڵاتییانی عێراق لە پۆڵۆنیا بڵاو كردەوە و هەواڵەكەی رەت كردەوە.

باڵوێزخانەی پۆڵۆنیا لە عێراق لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "تویتەر" بڵاوی كردەوە هەواڵێكی ناڕاست بڵاو كراوەتەوە گوایە لە پۆڵۆنیا هاووڵاتییانی عێراقی كوژراون، ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە و بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتییە دژی دەوڵەتی پۆڵۆنیا.

جێی باسە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌ت كرده‌وه،‌ كه‌ باس له‌ كوژرانی به‌كۆمه‌ڵی په‌نابه‌رانی‌ عێراق له‌لایه‌ن سه‌ربازانی پۆڵۆنیا له‌ نزیك سنووری بێلاڕووس ده‌كه‌ن و رای گەیاند هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی پشتڕاستكراو‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابەتە نییه‌.

لەمبارەیەوە ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رای گەیاندووە كە پێشتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه،‌ باڵوێزخانه‌ی عێراقی له‌ وارشۆ راسپاردبوو‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نی پۆڵۆنی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و زانیارییانه‌ بكات، كه‌ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد، سه‌ربازانی پۆڵۆنی مه‌ترسییان له‌سه‌ر ژیانی په‌نابه‌رانی عێراقی دروست كردووه‌، لە ئەنجامدا هیچ بەڵگەیەك لەمبارەیەوە دەست نەكەوتووە و هەواڵەكە بۆ چەواشەكاری بڵاو كراوەتەوە.