پرۆسەی سیاسیی عێراق بەبێ موقتەدا سەدر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بێوار ڕه‌حمان 22/06/2022

پرۆسەی سیاسیی عێراق بەبێ موقتەدا سەدر

لە بنچینەدا، کەسایەتیی پڕ پێناسە و کاراکتەرێتیی (موقتەدا سەدر)، هێندەی هەموو ئاڵۆزی و گرفتە قووڵەکانی عێراق بووەتە جێگەی قسەوباسی شەقام و ناوەندە عێراقی و دەرەکییەکان.

لەلایەک پێگەی سەدر، پێگەی مێژوویی خێزانەکەیەتی کە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، باپیرەی لە لوتکەی حوکمڕانیی عێراقدا بووە و لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمیشدا، باوکی موقتەدا سەدر، (سەید موحەمەد سەدر) و براکانی، بەهۆی بەرهەڵستیکردنی ڕژێمی بەعس، بە فەرمانی سەدام حوسێن لەناو براون. ئیتر موقتەدا وەک کوڕی سێیەمی خێزانەکەی، پەنای بردە بەر (حەوزەی قوم) و پلەی (حوجەتولئیسلام)ی لە حەوزەی قوم بەدەست هێنا. بە ئێستاشەوە، سەید موقتەدا بۆ بەدەستهێنانی پلەی موجتەهید هەر خەریکی خوێندنە.

بۆچی چاوەکان لەسەر موقتەدا سەدرن؟

لەو بارودۆخەی ئێستای ئابووریی جیهان پێیدا گوزەر ئەکات، لەو ناکۆکی و جەمسەرگیرییە جیهانییانەی بەهۆی قەیرانی ئۆکرایناوە هەموو جیهانی تەنیوەتەوە، بۆ ئەمریکا و خۆرئاوا بەگشتی، گرنگە دۆخی عێراق نەگاتە ئاستێکی وەها کە گێرە و چەڵەمەی زیاتریان بۆ دروست بکات. لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا دەرکەوت، شەپۆلی سەدرییەکان هەڵکشاوە و دەنگ و سەنگی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، کە ئێستا بە (چوارچێوەی هەماهەنگی) ناسراون، بەتەواوی داکشاوە.

ئەمە لەلایەک جێگەی خۆشحاڵیی ئەمریکا و ئەورووپا و کەنداوییەکان بوو، لەلایەکی دیكە، لە ناوخۆدا ئاماژەی ئەوەی ئەدا کە لەگەڵ ئەوەی سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە و ٧٣ کورسیی بەدەست هێناوە، هاوکات دەکرێت لێرەوە گوتاری گەڕانەوەی سەروەریی عێراق بۆ خودی خۆی بچەسپێت.

سەرەڕای ئەمانەش، سەدر لەگەڵ شەقام و گرووپە ناڕازییەکاندا تەریب دەڕوات، ترسی جووڵاندنی شەقام لەلایەن سەدرەوە، تەواوی نەیارەکانی تۆقاندووە.

سەدر و کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی

دوای نۆ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و مقۆمقۆی لایەنەکان، بۆ پێکهێنانی حکوومەت نەگەیشتنە ئەنجام. چوارچێوەی هەماهەنگی بە پاڵپشتیی ئێرانییەکان سەرکەتوو بوون لە ڕێگریکردن و پەکخستنی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی ڕزگاركردنی نیشتمان (سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان، سیادەی عەرەبە سوننەکان). سەرەنجام، موقتەدا سەدر فەرمانی دا و تەواوی پەرلەمانتارەکانی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و قبووڵیش کرا.

دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی لیستی سەدر کارا نابێت، تا ئەو کاتەی شوێنگرەوەکان سوێندی دەستووری دەخۆن. ئەو سوێندخواردنەش بەدی نایەت، تەنیا لە دانیشتنێکی پەرلەماندا نەبێت! ئەو دەستلەکارکێشانەوانەش، تەنیا لە کاتی تەواوبوونی ژمارەی پێویستی ئەندامانی پەرلەمان دەبێت، ئەوەش بە گوێرەی بڕگەی (٥٩/ یەکەم)ی دەستووری عێراق، واتە پێویستە ١٦٥ ئەندام پەرلەمان ئامادە بن.

ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان ٣٢٩ ئەندامە. ژمارەی ئەندامانی دەستلەکارکێشاوەی لیستی سەدر ٧٣ كەسە، لەگەڵ چوار ئەندامی دیکەی سەربەخۆ، کە چوونە نێو لیستەکەی سەدر و ئەویش ڕازی نەبوو بە دەستلەکارکێشانەوەیان، واتە ژمارەی ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کە ماونەتەوە ٢٥٢ ئەندامە. کوردیش ٦٣ کورسیی هەیە، عەرەبە سوننەکانیش هەموویان ٧٧ کورسییان هەیە. هەروەها نوێنەرانی کۆتای کەمینەکان ٩ ئەندامن، کۆی ئەوانە ١٤٩ ئەندامن، ئەوانەش شیعە نین. ئەوەی ماوەتەوە ١٠٣ ئەندامی عەرەبی شیعەیە. پرسیارەکە ئەوەیە؛ چۆن چوارچێوەی هەماهەنگی، کە هەر هەموویان ٧٦ کورسییان هەیە، ڕێژەی یاسایی بەبێ عەرەبی سوننە و کورد و ئیمتیداد و ئەوانی دیكە پێک دەهێنێت، بۆ تێپەڕاندنی جێگرەوەی ئەندامانی سەدر و دواتریش سوێندخواردنی دەستووری؟

لە هەموو بارێکدا، پرۆسەی تێپەڕاندنی شوێنگرەوەکان، تەنیا لە یەک باردا دەکرێت، ئەویش بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی لیستی سەدر و تەواوکردنی (نیسابە یاساییەکە). ئامادەبوونی ئەندامانی (سەدر)یش، پێویستی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و عەرەبی سوننەیە، لەپێناو تەواوکردنی (نیساب)ە یاساییەکە، ئەوەش زەحمەتە، لە ئەگەری ئامادە-نە-بوونی ئەندامانی (سیادە و پارتی دیموکراتی کوردستان).

بۆیە، لێرەدا دەرئەکەوێت، کە (سەدر) لێکدانەوەیەکی وردی بۆ کردووە و چوارچێوەی هەماهەنگیی خستووەتە ژێر باری تەنگەتاوی و شەرمەزارییەکی زۆرەوە، چونکە بەو شێوەیەی باسمان کرد، زۆر زەحمەتە (نیسابی یاسایی و دەستووری) تەواو بکرێت بەم جۆرە، دوای دەستلەکارکێشانەوەی (لیستی سەدر)یش، دەبینین هەموو شتێك بە دەست (سەدر)ەوەیە.

سەدر لەنێوان ئێران و سعوودییەدا

لە ڕووکەش و ناوەڕۆکدا، دیارە کە سەدر لە لایەن وڵاتانی کەنداو (بەتایبەتی سعوودییە)وە پاڵپشتی ئەکرێت، بەڵام هەڵکشانی پێگەی سەدر بەبێ ئاگاداریی ئێران نییە. سەدر پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئێران هەبووە. خێزانەکەی ئامۆزای خۆیەتی، باوکی خۆی و خێزانەکەی لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا حزبی دەعوەیان لە عێراق دامەزراندووە، کە ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی بەعس بوون و بە قازانجی ئێران بووە، کە هەڵقوڵاوی حەوزەی قوم بوون.

کاتێکیش لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی سەدام ڕووخا، موقتەدا سەدر وەک باڵێکی سەربازیی دژ بە داگیرکار (ئەمریکا) دەرکەوت و سوپای مەهدیی دروست کرد و دژی بوونی ئەمریکا بووە لە عێراق، بەم جۆرە هەتا دەگاتە ساڵی ٢٠٢٢، لە دوا کاریدا لە پەرلەمان، پرۆژەیاسایەکی پێشکەش کرد، بۆ دژایەتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلدا و ئەوەش کرا بە یاسا.

لە کۆتاییدا، ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە؛ کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، مانای وا نییە کە ئەو لەدەرەوەی یاریگاکە تەماشای دیمەنی سیاسیی عێراق ئەکات. هەروەها بە بێ سەدر پرۆسەی سیاسی و پێکهاتنی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا ناتەواوە.