گفتوگۆیەكی پێویستی نێوان حكوومەت و میدیاكاران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەڵمەت حاجی 22/06/2022

گفتوگۆیەكی پێویستی نێوان حكوومەت و میدیاكاران

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی دیدارەكەی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاكانی راگەیاندن، راست و لۆژیکییانە وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لای راگەیاندنكارانەوە ھەبوون یان دروست بووبوون، بە ئاشکرا و بەباشی دیدی حکوومەتی خستە ڕوو، بەوردییش باسی كێشەی میدیای لە كوردستان كرد.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەنجەی لەسەر ئەو میدیایانە دانا کە بەرنامەیان نەبووە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی لەنێوان ھاووڵاتی و نیشتمان، بەئاشكراش پێی گوتن مەبەستم ئەوە نیە رەخنە لە حكوومەت و دەسەڵات نەگیرێت، بەڵکوو مەبەستم پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و نیشتمانە، ئاماژەشی بەوە دا کە کار لەسەر ئەوە کراوە، خەڵک لە بەھا نەتەوەییەکان داببڕێن و خۆشەویستییان بۆ وڵاتەکەیان نەبێ.

مەسرور بارزانی، خزمەتکردنی خەڵکی خستەوە ئەولەویەت بە ھەموانیشی گوت: ”ئەو ھەنگاوانەی ئێمە گرتوومانەتە بەر، لە داهاتوودا بەری دەبێت، چونکە ئەمە بینایەکی بچووك و پرۆسەیەكی كورتخایەن نییە تا بەخێرایی و راستەوخۆ بەرھەمی دیار بێت". راشکاوانەش گوتی: "ماوەیەکی تر باشتر و روونتر دەزانن ئێمە چیمان کردووە."

لە لایەكی دیكەوە، ئامادەبوان ڕاشکاوانە بەبێ سانسۆر، ڕای ئازادی خۆیان و رخنە و سەرنجی خۆیان بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند، سەرۆکی حکوومەتیش زۆر بە بەرپرسیارانە و زۆر بە ھێمنی، بە بەڵگە و داتا قسەی مەنتقیی خۆی بۆ بەیان کردن و بە خەڵکیشی گەیاندەوە، خۆی لە هیچ بەرپرسیارەتییەكی شێوازی حوكمڕانیی کابینەی نۆیەمیش نەدزییەوە، کە ئەمە پێمان دەڵێت سەرۆکی حکوومەت رەخنەکانی بە سنگفراوانییەوە وەرگرت، بەڵام زۆر لۆژیکییانەش وەڵامی دروستی ھەموانی دایەوە.

لە باسی كێشەی ئاسەواری دووئیدارەیی و ھەبوونی بازگە لەنێوان ھەولێر و سلێمانی، گوتی: لەنێوان هەولێر و دهۆك و ھەموو شارەکان ئەمە ھەیە... ئاخر دەرکەوت کە ھەبوونی بازگە مەسەلە حزبیەکە نییە کە باسی لێ دەکرێ، رێوشوێنی ئەمنی گرێدراوە بە ژیانی خەڵك و ھەڕەشەی تیرۆر، ئارامیی کوردستان ئەولەویەتە، چونکە ئەو بازگانە ھەر لەنێوان ھەولێر و سلێمانییدا نییە، بەڵکوو لەنێوان ھەولێر و دھۆک و هەموو شارەکاندا بە گشتی هەن و کە بۆ رێگەگرتن لە تێکچوونی ئارامییش رۆڵیان ھەیە.

سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەم کۆبوونەوە سەرکەوتووەدا نەیشاردەوە رەخنەگرتن ھەیە و دەبێ هەبێت، بەڵام گەیاندنی ڕاستی و لایەنە گەش و باشەكانی كوردستانیش لە پاڵ ئەمانەدا ھەیە و پێویستە راستگۆ بین لەگەڵ خەڵک، کە ئەمەش پەیامی راستەقینەی ڕاگەیاندنە.

سەرۆکی حکوومەت بە گرنگییشی زانی سەرچاوەی دارایی ھەر میدیایەک لە کوردستان، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دیاری بکرێت، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی بزانرێت كی تەمویلی دەزگا جیاوازەكانی راگەیاندن دەكات؟

مەسرور بارزانی نەیشاردەوە کە بەڵێ راستە کەموکورتی ھەن، بەڵام پێشی گوتن کە سەرەڕای ئەو ھەموو قووتبڕین و دەست لەیەخەنانەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن عێراق و سزادانی کوردستان، ئەوە ئێمەین بەردەوامین لە خزمەت و ئاوەدانی و نەك پڕۆژە نەوەستاوە، بەڵکوو بەردەوامیشین، ھەرێمی كوردستان لە سەختترین دۆخدا لەسەر پێی خۆی وەستا و نەکەوت، وێڕای دژایەتیی زۆر و ھەبوونی قەیرانەکانی دارایی و سروشتی و جیھانی کە بینیمان وڵاتانی پێشکەوتووش کەوتوونەتە قەیرانەكانەوە.

سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەراوردێکی مەنتقییانەی شارەکانی تری عێراقی کرد بە شارەکانی ھەرێم، بە ھەموانی گوت کامە شار لە عێراق خزمەتگوزاریی لە کوردستان باشترە؟
ئەم قسەیە زۆر راستە، گەر سەیری شارەکانی تری عێراق بکەیت لە رووی ئەمنییەوە وێرانەیە و کەس بەتەمای ژیانی خۆی نییە، لەڕووی ئاوەدانییەوە ئەوە لە ھەموو سێکتەرەکان لە کارەساتدان، لەڕووی قەیرانی جیھانییشەوە ئەوە عێراقیش ھەر بەدەر نییە و لە گەندەڵییشدا پێشڕەون.

سەبارەت بە کێشەی ئەمڕۆی کەمئاوییش، خۆمان بینیومانە کە رووباری دیجلە لە عێراق ئێستا یاریی تۆپی بالەی لەنێودا ئەنجام دەدرێ، بەھۆی کەمبوونی ئاوی رووبارەکە، ھەروەھا بەھۆی دەرکەوتنی لمەکە لە ئەنجامی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکە، خەڵك وای کردووە لە ناوەندی رووبارەکە وابزانێ لە كەنار بەحرە و بخەوێ. سەرۆکی حکوومەت پێی گوتن خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی تری عێراق روویان لە ھەرێمی كوردستان کردووە، لەبەر ھەر ھۆکار و بارودۆخێک بووبێت.

بەگشتی ئەو گفتوگۆیەی نێوان سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و میدیاكاران، زۆر گرنگ و پێویست بوو، نەك تەنیا بۆ هەردوو لا، بەڵكوو بۆ هەموو خەڵكی كوردستان بەتایبەتی ئەوانەی لەڕێی شاشەكانی تیڤییەوە ئەو گفتوگۆیەیان وەك خۆی بینی، سوودبەخش بوو، لانی كەم، كۆمەڵێك قسە كەوتبوونە بازاڕەوە و خەڵكێك بەردەوام دەیگوتنەوە، هەمووی بە روون و راشكاوی وەڵام درانەوە، راستیی زۆر بابەت لەو گفتوگۆیەدا بۆ هەموان ئاشكرا بوو، گرنگییشە ئەم گفتوگۆیانە ناو بەناو بەردەوام بن، بەتایبەتی سنگفراوانی و ئارامیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، روویەكی زۆر گەش و جوانی ئەو گفتوگۆیە بوو.