مەلایەکی نزیک لە عەلی باپیر: پەکەکە بارێکی قورس و گرانە بەسەر شانی گەلی کوردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مەلایەکی نزیک لە عەلی باپیر: پەکەکە بارێکی قورس و گرانە بەسەر شانی گەلی کوردەوە

”ھەر ھاووڵاتییەکی مەدەنی بە بۆردومانەکانی تورکیا بكوژرێت، پەکەکە تاوانبارە“

مه‌لا مه‌حموود ئازادی، به‌رپرسی پێشووی (مه‌كته‌بی زانایانی كۆمەڵی دادگەری) و كەسی نزیك لە عەلی باپیر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بارێکی قوس و گرانە بەسەر شانی گەلی کوردەوە، ھەرچی ئێش و ئازارە تووشی کورد دەبێت و ئۆباڵەکەی دەچێتە ملی پەکەکەوە، چونکە بەھۆی پەکەکەوە سوپای تورکیا بەردەوام ھێرشی سەربازی دەکاتە سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.“

ئەو مامۆستا ئایینییە نەیشاردەوە: ”پەکەکە لە چەندین شوێنی کوردستان پێگەی سەربازیی ھەیە، سوپای تورکیا گوندەکانی شارباژێڕ تا کەلار بۆردومان دەکات، چونكە پەکەکەی لێیە، باشە پەکەکە لەو ناوچانە چی دەکات؟ بۆچی ناڕواتەوە بۆ باکووری كوردستان لەوێ خەباتی خۆی بکات؟ ھەروەھا پەکەکە لە شنگالیش پێگەی سەبازیی ھەیە، بێگومان ھەرچی ئێشوئازار ھەیە کاتێک ڕووبەڕووی خەڵکی شنگال دەبێتەوە، پەکەکە لێی بەرپرسیارە.“

مه‌لا مه‌حموود ئازادی، ئەوەشی خستە ڕوو: ”ئەگەر ھاووڵاتییەکی سڤیل بە ھۆی بۆردومانی سوپای تورکیاوە بکوژرێ، پەکەکە گوناھبارە! چونکە بەھۆی ئەوانەوە خەڵک دەکوژرێت، ئەگەر پەکەکە نەبێت، سوپای تورکیا نایەت بۆردومانی گوندەکانی کوردستان بکات، بۆیە باشترە بڕۆن لە ناوچەکانی خۆیان شەڕ بکەن، تاوەكوو چیدیکە لێرە ماڵی کورد وێران نەکەن.“

ئەو بەرپرسەی پێشووی مه‌كته‌بی زانایانی كۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەش کرد، پەکەکە عەقیدە و بڕوای نییە، ئەوان حزبێکن گاڵتەبە ئایینی ئیسلام دەکەن، ئەوەی بە لای پەکەکەوە گرنگ نەبێت ئاكار و دینە! بۆیە حزبێکی وەک پەکەکە کاتێک بڕوای بە دین نەبێت، بێگومان زەرەری بۆ میللەتی موسڵمان ھەیە.

مەلا مەحمودی ئازادی، باسی لەوەش کرد: ”ئەگەر پەکەکە شۆڕش دەکات، پێویستە بچێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، لەوێ چی دەکات با بیکات، بۆچی وڵاتی ئێمەی پێوە کاول ببێ؟ پەکەکە ناچێتە ھیچ شوێنێکی دیکەوە شەڕ بکات، تەنیا لەم بەشەی کوردستان شەڕی سەربازی دەکات، بۆیە ئەگەر ھەرێمی کوردستان بەھۆی پەکەکەوە ڕووبەڕووی شەڕی وڵاتان بووەوە، پەکەکە تاوانبارە.“