كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شوان سدیق: میدیاکاران چییان ھەبێت، باشترە بیگەیەننە حكوومەتی خۆیان نەک لەگەڵ نوێنەری وڵاتان دابنیشن و بەکار بهێنرێن

  رۆژنامەنووسانی كوردستان، دانیشتنی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ میدیاکاران بە ھەنگاوێکی گرنگ و باش دادەنێن، چونکە پێیان وایە، ئەگەر دەسەڵات ئاگای لە رەوشی رۆژنامەوانان نەبێت، رەنگە بە خراپ بەکار بهێنرێن.

 دانیشتنی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ میدیاکاران، دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و رۆژنامەوانان بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی دادەنێن. لەمبارەوە، ڕۆژنامەنووس، شوان سدیق، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، میدیاکاران چییان ھەبێت، باشترە بیگەیەننە حكوومەتی خۆیان، نەوەکوو ئەوان لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی بیانی دابنیشن و بەکار بهێنرێن.

گوتیشی: ”دانیشتنی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ میدیاکاران ھەنگاوێکی باش بوو، ھەرچەندە لەلایەن میدیاکارانەوە ئەرگۆمێنت کەم بوو، بەڵام بەگشتی دەبوو پێشتریش ئەم جۆرە دانیشتنە ھەبوایە، چونکە ناکرێ حکوومەت و میدیاکان دووربەدوور ئاگایان لە یەکدی بێت، بەڵکوو پێویستە بەردەوام گوێ لە بۆچوونە جیاوازەکان بگیرێت.“

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەش دا، باشترین رێگا ئەوەیە، میدیاکاران چییان ھەبێت بیگەیەننە دەسەڵات و حکوومەتی خۆیان، نەوەکوو ئەوان لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی بیانی دابنیشن و ئەو وڵاتانەیش بۆ مەرامی خۆیان بەکاریان بێنن.