بە بڕیاری دادگا دەست بەسەر ماڵ و موڵكی گواستراوە و نەگواستراوەی پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدیندا گیرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بە بڕیاری دادگا دەست بەسەر ماڵ و موڵكی گواستراوە و نەگواستراوەی پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدیندا گیرا

دوای ئەوەی مانگی ئایاری ڕابردوو بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق، عەمار جبووری، پارێزگاری سەڵاحەدین بە تۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەكەی لا درا، بە بڕیاری دادگا دەست بەسەر ماڵ و موڵكیدا گیرا.

دادگای لێكۆڵینەوەی دووی كەرخ بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵكی گواستراوە و نەگواستراوەی عەمار جەبر جبووری، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدیندا.

دادگاكە پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدینی بە تۆمەتبار وەسف كردووە و بەهۆی گەندەڵییەكانی ئەو بڕیارەی بەسەردا سەپاند.

ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق لەسەر سكاڵاكانی دەستەی دەستپاكیی عێراق و لە غیابی ئەنجوومەنی پارێزگادا بڕیاری دا بە لادانی عەمار جەبر جبووری، پارێزگاری سەڵاحەدین لە پۆستەكەی و دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقیش عەمار جبووری دەیویست بە زەبری هێز پۆستەكەی وەربگرێتەوە، بەڵام سەرەنجام جیگرەكەی بە شێوەی وەكالەت كرایە پارێزگاری سەڵاحەدین.

پارێزگای سەڵاحەدین لە ڕووی ڕووپێوی زەوییەوە یەكێكە لە گەورەترین پارێزگاكانی عێراق و قەزای خورماتوو كە ناوچەیەكی كوردستانییە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بەو پارێزگایەیە.