کورد و حكوومەتی عێراق.. كشانەوە یان بەشداریكردن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 21/06/2022

کورد و حكوومەتی عێراق.. كشانەوە یان بەشداریكردن؟

‏‎بیرکردنەوە و ئاراستەی ھەر حزب و كەس و سیاسییەکی کوردستانی سەبارەت بە داھاتووی گەلی کوردستان لە عێراق، دەبێ بەو باوەڕە نەگۆڕە بێت کە ئەو شتە لە عێراقدا ڕاست و دروستە کە بۆ گەلی کوردستان باشە.

بە واتایەکی دیكە، ئەو حکوومەتە بۆ گەلی کوردستان باشە، کە مافەکانی مسۆگەر دەکات، گرنگ نییە ئەو حکوومەتە کێ بەشداریی تێدا دەکات و کێ بەشداری ناکات، کێ سەرۆک دەبێت و کێ ئۆپۆزسیۆن، کێ لایەنگر دەبێت و کێ دژبەر، کێ دەمێنێتەوە و کێ دەکشێتەوە، ئەوەی گرنگە بۆ کورد لەو حکوومەتەدا ئەوەیە، ھەموو مافە دەستوورییەكانی گەلی کوردستان بەدی بێن و گەرەنتیی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ھەبێت، کە دوای ئەوەی ئەوانەی حکوومەت و دەسەڵات دەگرنە دەست، وەکوو ھەموو ئەوانەی پێش خۆیان لە ڕێکكەوتن و بەڵێنەكانیان پاشگەز نەبنەوە.

‏‎بە درێژایی تەمەنی عێراق، کورد کێشەی لەگەڵ ھیچ كەس و دەسەڵاتدارێکی عێراق نەبووە، بەڵکوو ئەوان کێشەیان لەگەڵ کورد ھەبووە. لە مەلیكەوە تا سەرۆك وەزیرانی جمهووری، لە عەبدولکەریم قاسمەوە تا دەگاتە سەدام، لە عەرەبی سوننەوە تا عەرەبی شیعە، لە عەلمانیەوە تا ئیسلامی.

ھەر کاتێک ئەوان ئامادە بوونایە بۆ گفتۆگۆ لەسەر پرس و مافەکانی کورد، کورد چەند بەھێزیش بوایە ئاگربەستی ڕادەگەیاند، چونکە ئامانجی سەرەکیی شۆڕشەكانی کورد نەمانی شەڕ بوو، نەک شەڕ، كە بە ئاشتی بە مافەکانیان بگەن، نەک شەڕفرۆشتن و مەرگەسات، ھیچ جارێکیش کورد بۆ شەڕكردن دەستپێشخەر نەبووە، بەڵکوو ھەر ئەوان بوون دەستپێشخەری شەڕ بوون و لەو ڕێکكەوتن و بەڵێنانەی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە و شەڕیان بەسەر کورددا سەپاندووە، کوردیش لەنێوان تەسلیمبوون و شەڕدا، شەڕی بۆ مانەوەی شوناس و دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی هەڵبژاردووە.

‏‎ئێستا گرنگە کورد درێژە بە بێلایەنیی خۆی بدات، نە لە پڕۆسەی سیاسی بکشێتەوە (کە کشایەوە ئەوکات بە لایەنگری موقتەدا سەدر دادەنرێت) نە بەشداریی لە حکوومەتدا بکات (بۆ ئەوەی نەبێتە لایەنگری بەرەی چوارچێوەی ھەماھەنگی).

کورد دەبێ هەم چاوەڕێ بکات، تا بزانێ پێشھاتەکان بەرەو کوێ دەچن، ھەم پاکێجێک مەرجی کۆنکرێتی ھەبێت، کە کار گەیشتە ئەوەی حکوومەت پێک دەھێنرێت (ئەگەرچی زۆر زەحمەتە حکوومەتێکی دیكە پێکبھێنرێت، بەڵام مەحاڵیش نییە)، ئەگەر مەرجەکانی کورد وەک خۆی جێبەجێ کران و گەرەنتیی نێودەوڵەتی و ھەرێمییش ھەبوو، ئەوکات کورد دەتوانێت بەشداریی لە حکوومەتدا بکات، بەبێ ئەوەی ببێتە ھۆکاری کێشەکان، چونکە لە سەرەتاوە کێشەكە ھی کورد نییە، بەڵکوو کێشەكە ھی ئەوانە، ئەوەش گرنگ نییە حکوومەتی داھاتوو بەرگەی نیو چەپڵەی موقتەدا سەدر نەگرێت. کورد بۆ مسۆگەركردنی مافەکانی گەلی کوردستان بەشداری دەکات، نەک لەبەر ھەڵوێست و ڕکابەریی توندی ئەوان.

‏‎ئەگەر بە مەرجەکانی کوردیش ڕازی نەبوون و بە قورسیان زانی، ئەوکاتیش با کورد لە پرۆسەی سیاسیدا ھەر بەردەوام بێت، بەڵام بەشداری لە پێکھێنانی حکوومەتدا نەکات، بەمەش بێلایەنیی خۆی دەپارێزێت، کە بە ھۆی مافەکانی خۆی بەشداری ناکات، نەک ھەڵوێستی كەسێک، یان فشاری وڵاتێک.

‏‎حکوومەتێک بەبێ موقتەدا سەدر و ھەولێر و عەرەبی سوننە، وەکوو دیواری سەر بەفر دەبێت، بە چەقەنەیەك دەڕووخێت. دوای کشانەوەی موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی، ئێستا چوارچێوەی ھەماھەنگی، یان ھەر كەس و ڕەوتێک، بۆ شەرعییەتدان بە حکوومەتی داھاتوو، (بەڵێ)ی ھەولێر بۆ ئەوان لە نان و ئاو گرنگترە، کوردیش بە پلان و ستراتیژییەت و لۆژیکانە دەتوانێت سوودێكی باش لەو پێشھاتانە وەربگرێت، ھەم مەرجی خۆی بسەپێنێت، بەتایبەتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دوژمنکارییانەی دادگای فیدڕاڵی، کە دژی ھەرێمی کوردستان دراون و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەپێی دەستوور، ھەمیش بێلایەنیی خۆی بپارێزیت، کە ئەوانن ھۆکاری کێشەکانن نەک کورد، بەڵكوو کورد چارەسەر و ئاشتیی بۆ ھەموو گەلانی عێراق دەوێت.