ئەوەی ئارەزوو بکات، تێدەگات!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
یوونس حەمەد 21/06/2022

ئەوەی ئارەزوو بکات، تێدەگات!

کەشوهەوای ڕێڕەوی ژیان ئەگەر ئازادانه دەربڕینی بۆ کرا، بێ گومان بۆچوونەکان به ئازادی دەردەبڕێن، دواتر به ئازادییش وەڵام دەدرێنەوە، ئەمه ئاست و هەستی دیموکراتیانەیە که لەسەر ئەم بنچینەیە دیموکراتی بنیاد و پێناسە کراوە.

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە گفتوگۆیەکی کراوە و دانیشتنێکی بابەتی و ڕاشکاوانەدا لەگەڵ کۆمەڵێک میدیاکار کۆ بووەوە و لەم کۆبوونەوە بەکۆمەڵەدا پەنجەی خستە سەر زۆر لایەنی ژیان؛ چ لایەنی سیاسی، یان ئابووری، یان کۆمەڵایەتی، وێڕای ئەمانەش لایەنی میدیایی و لەگەڵ هەر وەڵام و وتەیەکدا سەرۆک وەزیران زۆر ڕاشکاو و زۆریش جددی بوو لەسەر وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک کە ئاراستەی کرا. نەخشەی وڵات و هەستی نەتەوایەتی، تەوەرێکی گرینگی هەر وەڵامێک بوو که سەرۆک وەزیران تیشکی دەخستە سەری، بەمەش توانایی ئەوەی نیشان دا که گەلی کوردستان لایەنێکی گرینگی ئەم پرسەی فەرامۆش نەکردووە، بەڵکوو ئەوە خەڵکانێکن دەیانەوێت ئەم خەڵکه سارد بکەنەوە و له هەستی نەتەوایەتی دووریان بخەنەوە.

پرسی ئابووری، خاڵێک بوو کە زۆر هەڵوەستەی لەسەر کرا، ئەمڕۆ تەنیا کوردستان نییه کێشەی ئابووریی هەیه، بەڵکوو دەبینین تەواوی جیهان دووچاری قەیرانێکی ئابووریی سەخت بووەتەوە؛ له ئەمریکا و ئەورووپاوە تا دەگاتە ئەفریقا و ئاسیا، ئەمه ڕاستییەکه، چ لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا، یان لەگەڵ هەڵگیرساندنی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا هاتووەتە کایەوە.

میدیا له کوردستاندا ئازادییەکی بەرفراوانی هەیه، پانتای ئەم ئازادییه گەیشتووەتە قۆناخێك که زۆر جار هێڵە ستراتیژییەکان دەبەزێنێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئازادی بەردەوام ڕێڕەوی خۆی گرتووه، بێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان پاشەکشە لەم پرسەدا کرابێت. سەرۆک وەزیران که له نێوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا به (براگەورە) ناسراوە، بە داتا و بەڵگە کار و چالاکییەکانی حکوومەتی کوردستانی خستە ڕوو بۆ ئەوەی میدیاکاران به ئەمانەتەوە بیگەیەنن و هەڵوەستەی لەسەر بکەن، تاوەکوو شێوازێک له ڕاستی و دروستیی هەواڵ و ڕاپۆڕت بگاتە بەردەستی هاووڵاتی و دواتر متمانەی نێوان هەموو لایەک له کۆمەڵگای کوردستاندا دروست بێت؛ چ حکوومەت، یان هاووڵاتی، یان دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەمەش دەتوانرێت ئەم متمانەیە زیاتر بێت و هیوا بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە. سەرۆک وەزیران ئەمەی گوت بۆ ئەوەی بزانرێت خزمەتکردنی هاووڵاتییان لای حکوومەتی کوردستان هەمیشە بە پلەی یەکەم بووە، بەڵام تا چەند دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئارەزوو دەکەن لەم ڕاشکاوییانەی سەرۆک وەزیران تێبگەن، ئەوە تێدەگەن، ئەگەریش تێنەگەن ئەمه خاڵێکی دیکەیه و پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی دیکە هەیه که له بنەڕەتدا نایانەوێت له هیچ بابەت و شتێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگا تێبگەن.

ئەو خاڵەی که زۆر گرینگ و سەرنجڕاکێش بوو، ئەوە بوو کە جددییەت لەم پرسەدا هەبوو، وەڵامەکان له ئاستێکی یەکجار بەرزدا بوون، بەهۆی ئەوەی زۆربەی وەڵامەکانی، بەتایبەت لە بواری ئابووری و پەتڕۆڵدا، بە داتا و بەڵگەی سەلمێندراو خستە ڕوو، بێ ئەوەی وشەیەک لەو بەڵگانه پشتگوێ بخرێت، ئەمەش له جیهانی سەردەمدا کارێکی مەزن و گرینگه بۆ ئەوەی هاووڵاتی له هەموو بابەتە گرینگەکان تێبگات، لێرەدا بارزانی به گرنگییەوە باسی لێوە کرد.

نەخشەسازی بۆ هەر گەل و نیشتمان و دەوڵەتدارییەک، ڕاشکاوییه، حکوومەتی سەرۆک وەزیران پێنووسەکەی زۆر بەڕاشکاوی خستبووە سەر کاغەز بۆ ئەوەی له جددیەتی کارەکانی حکوومەتدا نیشان بدرێت که کورد گەیشتووەتە ئەم قۆناغە گرینگەی بتوانێت ڕێڕەوی دیموکراتی لەگەڵ کۆمەڵگادا بگونجێنێت.

کۆبوونەوەی ئەم جارەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پڕبەها بوو که کوردستان لەو ئازادییەی که لەدوای ساڵی 1991وە بەدەستی هێناوە، به هیچ شێوەیەک پاشەکشەی پێ ناکرێت، بەڵکوو به پێچەوانەوە زیاتر گەشەی پێ دەدرێت. لە ڕوانگەی هەستکردن به بەرپرسیاریەتیی مێژوویی بەرانبەر به کوردستان، ئاخافتنەکانی سەرۆک وەزیران پەیامێک بوو بۆ هەموو لایەک کەوا به هیچ جۆرێک حکوومەت کەمتەرخەم نابێت و حکوومەتی کوردستان هەردەم لە بەرە و ڕیزی گەلدایه .