کەریم سلێمان: کار دەکەین بۆ فرەسەرچاوەیی داهات لە هەرێمی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کەریم سلێمان: کار دەکەین بۆ فرەسەرچاوەیی داهات لە هەرێمی کوردستان

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی (باسنیوز)دا ئاماژەی بۆ ئەوەی کرد کە لەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا گرنگییەکی زۆر بە کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دراوە و لەو پێناوەشدا کار دەکەن کشتوکاڵ بکەنە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی هەرێمی کوردستان و خەڵک بەرەو هزری کشتوکاڵی ببەن و گرنگی بە کشتوکاڵ بدەن و هەموو جۆرە هاوکارییەکی جووتیاران بکەن و هانیان بدەن زیاتر بەرهەمی کشتوکاڵییان هەبێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆکاری گەشەسەندنی داهاتی هەرێمی کوردستان.

باسنیوز: ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چی کردووە بۆ کەرتی کشتوکاڵ؟

کەریم سلێمان: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی خوێندنەوەی کارنامەی حکوومەتدا باسی کەرتی کشتوکاڵی کرد و زۆر بە گرنگییەوە باسی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد، چونکە هەرێمی کوردستان نایەوێت پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەستێت، بەڵکوو دەیەوێت داهات بکاتە فرەسەرچاوەیی، لەم پێناوەشدا سەرۆکی حکوومەت گرنگییەکی زۆری بە کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو داوە و لە زۆر بواردا کار دەکەین ئەم کەرتە گرنگە ببووژێنینەوە و وەک وڵاتانی دیکە زیاتر گرنگیی پێ بدەین و بە شێوازێکی پێشەسازی و مۆدێرن خەڵک ئەم کەرتە بەکار بهێنێت، بۆیە یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵە.

باسنیوز: پلانی داهاتووی وەزارەتەکەتان چییە؟

کەریم سلێمان: زیاتر لە سێ ساڵ لە تەمەنی کابینەی حکوومەت تێ پەڕیوە، لەم کابینەیەدا ژمارەیەکی زیاتر لە کابینەکانی پێشوو مۆڵەتی پرۆژەی کشتوکاڵی و ئاو دراوە و بە داتا و ژمارە زۆرترین پرۆژەی کشتوکاڵی کراوە.

باسنیوز: سەرۆکی حکوومەت سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی کرد، مەبەست لەم سەردانە چی بوو؟

کەریم سلێمان: سەرۆکی حکوومەت سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری پڕۆسەی کشتوکاڵ بێت لە هەرێمی کوردستان، ئێمە باسی ئەو پێشنیار و پرۆژە و گلەیی و گازندە و داخوازیانەمان کرد لە وەزارەت بۆ ئەوەی زیاتر  گرنگی و گەشەسەندن بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت و ڕاپۆڕتیكمان پێشکەش جەنابیان کرد بۆ ئەوەی زیاتر پشتیوانی لە کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بکات و بە تەئکیدەوە سەرۆکی حکوومەت پشتیوانێکی سەرسەختی کەرتی کشتوکاڵە.

باسنیوز: بۆ جووتیاران و هاوکاریکردنیان بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ چیتان کردووە؟

کەریم سلێمان: پێشنیاری ئەوەمان بۆ حکوومەت کردووە کە لە گازوایل و تۆو و دەرمان هاوکاریی جووتیاران بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر بەرەو کشتوکاڵ بچن، چونکە ئەم جووتیارانە دەبنە هۆکار بۆ زیادبوونی داهاتی هەرێمی کوردستان.

باسنیوز: بۆ دروستکردنی بەنداو و ئاسایشی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی چیتان کردووە؟

کەریم سلێمان: لە کاتی هاتنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا باسی ئەوەمان کرد کە دەبێت کار بکەین بۆ ئاسایشی ئاو، بەتایبەت ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی، چونکە بۆ کشتوکاڵ ناکرێت تەنیا پشت بە ئاوی باران ببەسترێت، ئەوە دوو ساڵە وشکەساڵییە، ئێستا دەبێ پلانمان بۆ نەوەکانی داهاتوشمان هەبێت بۆ ئاوی ژێر زەوی و دروستکردنی بەنداوەکان، لەم کابینەیەدا بریار دراوە ١٧ بەنداو دروست بکرێن، ئێستا یەکێکیان تەواو بووە و دوویان لە  قۆناغێ تەواوبووندان و پێنج بەنداوی دیکە پێویستیان بە پارەیەکی کەم هەیە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن، لەم کابینەیەدا هەشت بەنداو تەواو دەکرێن، هەندیك لەمانە پێشتر دەست بە دروستکردنیان کرابوو، بەڵام ڕاوەستێندرابوون، لەم کابینەیەدا لەبەر گرنگیی ئاو بڕیار درا تەواو بکرێن، نۆ بەنداو ماون کە تا ئێستا دروست نەکراون، لەوانە سێ بەنداویان زۆر گرنگ و ستراتیژین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی ئەم سێ بەنداوە دروست بکرێن، ئەم سێ بەنداوە دەبنە هۆکاری گەورە و گرنگ بۆ کشتوکاڵ و کارەبا و گەشتوگوزار و بەخێوکردنی ماسی.