كە لای سەرۆكوەزیران گوتت ئازادی نیە، یەعنی ئازادی ھەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 21/06/2022

كە لای سەرۆكوەزیران گوتت ئازادی نیە، یەعنی ئازادی ھەیە

كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانم لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە بەڕێوەبەرانی كەناڵەكانی میدیای ھەرێمی كوردستان بینی، بەشبەحاڵی خۆم نزیكەی 30 ساڵ دەبێت دوورونزیك بەشی ھەرەزۆری ئەو بەڕێوەبەرانەی كەناڵەكانی میدیا كە بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیەیان كردووە ھەموو كەناڵەكانیشیان دەناسم، كە دەڵێم دەیانناسم، ناسینەكە ھەر ئەوە نیە كە بزانم ناویان چیە و لە چ كەناڵێك ئیش دەكەن، بەڵكوو مەبەستم ناسینی تێڕوانینی خۆیان و كەناڵەكانیانە بۆ ئازادی بەگشتی و ئازادیی كاری ڕاگەیاندن بەتایبەتی، مەبەستیش ئەوەیە كە دەشزانم چی دەكەن و چیشیان دەوێت!

لەبەر ئەوەی لەڕووی پیشەوە بە ھاوكار و ھاوپیشەی یەكتر حسابین، ڕێزی زۆرم بۆ یەك بە یەكیان ھەیە، لەو كۆبوونەوەیەدا ھەندێك تێبینی و سەرنجی جوان و پەسەند و پێویست خرانە ڕوو، بەڵام ھەندێك سەرنج و تێبینییش خرانە ڕوو كە دەكرێت تێبینیت لەسەر ئەو تێبینیانە ھەبێت، بۆ نموونە لەو كۆبوونەوەیەدا باسی ئازادیی كاری ڕاگەیاندن و ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ئازادیی رادەربڕین كرا، ھەندێك لەو بەڕێوەبەری كەناڵانەی میدیا، بە ھەر وشەیەك تەعبیریان لە ڕای خۆیان كردبێت، خوڵاسە مەبەستیان بوو بڵێن: ”لە ھەرێمی كوردستان ئازادیی ڕۆژنامەوانی نیە“ بەڵام:

1- ئەگەر پێوەری نەبوونی ئازادی ئەوە بێت كە لە ھەندێك ڕووداو یان كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا گشت كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ھەرێمی كوردستان بانگھێشت بكرێن بۆ ڕووماڵی ئەو ڕووداوە یان ئەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیە و ئەگەر ھەموویان بانگھێشت نەكرێن ئیتر ئەوە بە مانای ئەوەیە ئازادی نیە یان ئازادی لەكەدار بووە، بەڵام بۆ نموونە كاتێك كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكا دەكرێت، ئایا ھەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ئەمەریكا بۆ ئەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیانە یان ڕووماڵی ھەندێك ڕووداو بانگھێشت دەكرێن؟

ئەمەریكام بە نموونە وەرگرت، چونكە میدیاكارێكی ئەو كۆبوونەوەیەی دوێنێی سەرۆك وەزیران گوتی: ”لە رووماڵی ھەندێك لە ڕووداوەكان و ھەندێك لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكاندا، جیاوازی لەنێوان كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكرێت و ھەموویان بانگھێشت ناكرێن“ یەكێكیشیان گوتی: ”نابێت خۆمان بەراورد بكەین بە دەوڵەتانی چواردەورمان، بەڵكوو دەبێ خۆمان بەراورد بكەین بە وڵاتانی ئەورووپی و پپێشكەوتوو.“

زۆر باشە، دە ئنجا منیش خۆمان بەراورد دەكەم بە ئەمەریكا، چونكە ھەتا ئێستاش ئەمەریكا سەركردایەتیی وڵاتانی دیموكراسی لە دنیادا دەكات. لە ئەمەریكا 11 ھەزار و 300 ڕادیۆ ھەیە، زیاتر لە 1500 تەلەڤزیۆن ھەیه 1600 ڕۆژنامەی ڕۆژانە ھەیە، 7 ھەزار گۆڤاری ھەفتانە و نیمچە ھەفتانە ھەیە، ئەمانە ھەمووی بەیەكەوە كۆ بكەرەوە دەكاتە 21 ھەزار و 400 كەناڵی ڕاگەیاندن، جا ئایا كێ بینیویەتی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیی جۆ بایدن یان وەزیری دەرەوە یان وەزیری بەرگریی ئەمەریكا یان گوتەبێژەكانی كۆشكی سپی یان وەزارەتی دەرەوە یان پێنتاگۆن واتە بەرگری 21 ھەزار و 400 ڕۆژنامەنووس وەك نوێنەری ئەو 21 ھەزار و 400 كەناڵەی ڕاگەیاندنی ئەمەریكا بانگھێشت كرابن و ئامادە بووبن؟

ئەی كێ بینی كە 21 ھەزار و 400 ڕۆژنامەنووسی ئەمەریكی، ڕووماڵی شەڕی ڕزگاركردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن لە عێراقدا بكەن؟ ئەسڵەن لەو شەڕەدا پێنتاگۆن خۆی وێنەی ڤیدیۆیی ئەو شەڕەی دەگرت و دوای مۆنتاژكردن! ئنجا ھەندێك وێنەی ڤیدیۆیی دەدایە ھەندێك لەو كەناڵانەی ڕاگەیاندنی خۆیان بۆ بڵاوكردنەوە! جا ئایا ئیتر ئەمەریكا بەمە لەوە كەوت كە پێی بگوترێت ئازادیی تیا نەما و بوو بە وڵاتێكی نادیموكراسی؟

2- با بەریتانیاش نموونەیەكی تر بێت، خۆ بڕوا ناكەم ھەر كەس ئەلف و بێیەكی دیموكراسی بزانێت، نەزانێ كە بەریتانیا وڵاتێكی دیموكراسییە و ھەر لەبەر خاتری ھەندێك لە برادەران! سیستەمە دیموكراسیەكەشی پەرلەمانییە! بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەم بەریتانیا دیموكراسییە پەرلەمانییە، بە ھۆی شەڕی ئۆكرایناوە، لە كۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵدا، مۆڵەتی كاركردنی لە نۆڤۆستی تی ڤی كە خاوەنی كەناڵەكانی (R . T) واتە (روسيا اليوم) سەندەوە و فەرمانیشی دەركرد كە نابێت ھیچ كەس و ھیچ كۆمپانیایەكی بەریتانیا، كار لەگەڵ ئەو كەناڵانەی ڕووسیا بە ئاژانسی ھەواڵی سپۆتنیكی ڕووسیاشەوە بكات، چونكە ئەو كەناڵانە لە شەڕی ئۆكراینا پروپاگەندە بۆ ڕووسیا دەكەن.

باشە ئێوە بیھێننە پێش چاوی خۆتان، سەفین دزەیی خۆمان كە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، فەرمانێك دەربكات و بڵێت: ”نابێت ھیچ كەس و كۆمپانیایەك، لەگەڵ ھیچ كەناڵێكی عێراقی یان ئەم كەناڵە كوردییە دیاریكراوانە مامەڵە بكات، چونكە ئەو كەناڵانە لە ناكۆكیی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق بەتایبەتی لەسەر مەلەفەكانی نەوت و غاز و بودجە و مووچە و مادەی 140ی دەستوور، پروپاگەندە بۆ عێراق دەكەن“ و ئنجاش مۆڵەتی كاركردنیش لە ھەرێم لەو كەناڵانە بستێنێتەوە، ئاخۆ ئەو كاتە چی بە ھەرێمی كوردستان دەڵێن؟

3- بەڵام ھەر ئەوەی كە ڕۆژنامەنووس بەوپەڕی ئازادیی خۆیەوە لە بەردەم سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، خوڵاسەی قسەكانی ئەوە بێت كە ”ھەرێمی كوردستان ئازادیی تیا نیە!“ ھەر ئەوە خۆی لە خۆیدا یەعنی لە ھەرێمی كوردستان ئازادی ھەیە، چونكە ئەگەر لە ھەرێمی كوردستان ئازادی نەبێت، ناتوانرێت ڕووبەڕوو بە سەرۆكی حكوومەتەكەی بگوترێت ئازادی نیە!