مەسرور بارزانی.. سنگفراوان بۆ رەخنە و بەڵگە و داتا بۆ وەڵام
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 21/06/2022

مەسرور بارزانی.. سنگفراوان بۆ رەخنە و بەڵگە و داتا بۆ وەڵام

لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە شەفافی و زمانی داتا و بەڵگە و لۆژیک، لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە، وەڵامی تەواوی ڕەخنە و سەرنج و پێشنیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

ئەم شێوازە لە گوێگرتن و خوێندنەوە بۆ بۆچوون و دیدگای ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران، مۆدێلێکی نوێی تێگەیشتنی دیموکراسییانەی دروستە، بەتابیەت بۆ پرسێکی گەورەی وەک میدیا، کە وەک دەسەڵاتی چوارەم لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و وڵات ھەژمار دەكرێت.

جیا لەوەی کۆبوونەوە چەند سەعاتیەکەی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، فۆرمێکی نوێی حوکمدارییە، دەتوانین ئەوە بڵێین کە مەسرور بارزانی، بەدەر لەوەی لەسەر کۆمەڵێک پرسی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ھەنگاوەکانی چاکسازیی وروژاند، جەختی کردەوە کە بەردەوام ئەو خزمەتکاری خەڵکە و بۆ ئەوەش ھەموو ڕێگە و ھەنگاوێک دەگرێتە بەر، ھەروەھا دروست لە خاڵێکی دیکەی دیدارەکە، سەرۆکی حکوومەت کۆمەڵێک زانیاریی پێویستی لەبارەی میدیاوە بۆ ڕاگەیاندنکاران خستە ڕوو. ڕەنگە ئەو وتانەی سەرۆک وەزیران، رێنووێنییەکی باشی ھەندێک میدیا بێت، کە ئاگاداری پەیامی پیشەیی خۆیان بن، بە ڕوونی و دروستی ڕاستییەکان ببینن، نەک تەنیا کەموکوڕییەکان بگوازنەوە و ھەواڵی نادروست و ناخۆش و ڕەشبینی بڵاو بکەنەوە.

دونیابینی و تێگەیشتنی قووڵی مەسرور بارزانی و گوێگرتن لە دەیان ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان بەڵگەی ئەوەیە، کە لە کوردستان كەشێكی گەورەی ئازادی بۆ میدیاکاران رەخسێنراوە، کە دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان قسە بکەن، ئەگەر ھەندێک جاریش لە لۆژیک و ڕاستییەکان لابدەن، هەوڵ بدەن هەڵەکان راست بکەنەوە. ھەموو ئەمانەش دەرخەری دیدگا و تێگەیشتنی دروستی سەرۆک وەزیرانن، بۆ پرسی ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان.

ئەگەرچی زۆرجار ھەندێک میدیا، بە ئارەزوو یان بە ئەنقەست، ئامانجیانە وێنای ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە میدیا لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستان خراپ پیشان بدەن، بەڵام دیدارەکەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەوەی سەلماند؛ کە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە ھەرێمی کوردستان ئازادن و چۆن بیانەوێ ئاوا دەتوانن زانیاری و ھەواڵ و مانشێت بۆ بابەتەکانیان بڵاو بکەنەوە، بەمەرجێک بەرژەوەندیی باڵای کوردستان و خەڵکی کوردستانیان لەپێش چاو بێت.