عێراق بەرگەی ئۆپۆزسیۆنیی موقتەدا سەدر دەگرێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 20/06/2022

عێراق بەرگەی ئۆپۆزسیۆنیی موقتەدا سەدر دەگرێت؟

لەدوای ڕووخانی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن لە عێراق، لەلایەن ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە، موقتەدا سەدر بە کاراکتەرێكی گرنگی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بەدی کراوە، بە مانایەکی دیكە، دەکرێت سەدر وەک یەكێك لە هەڵسووڕێنەرانی گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە عێراق سەیر بکرێت.

سەدر چ وەک کەسایەتییەکی ئایینی، یانیش وەک چوارچێوەیەکی سیاسی، کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەدای پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، لەوەی کە بە چ ئاراستەیەک بێت.

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر بڕیاری دا فراکسیۆنەکەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکێشنێتەوە، سەرۆکی پەرلەمان ڕەزامەندی دا لەسەر داوای فراکسیۆنەکەیان، بۆ کشانەوە لە ئەندامێتیی پەرلەمان. ئەم هەنگاوەی موقتەدا سەدر بە سەرەتایەکی نوێ دادەنرێت لە پڕۆسەی سیاسی، دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەوەی کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لە پەرلەمان بکشێتەوە، ئەمەش دەرگا دەكاتەوە بۆ ئەوەی داهاتووی پڕۆسەی سیاسی بەرەو چەندین گریمانە بچێت.

لێرەدا ئەوەی مەبەستمانە بخەینە ڕوو، باسکردن نییە لە گریمانەکان، بەڵکوو باسکردنە لەوەی، کە ئایا عێراق توانای ئەوەی هەیە بەرگەی ئۆپۆزسیۆنیی هێزێکی وەک موقتەدا سەدر بگرێت؟ چونکەی بەپێی ئاراستەی سیاسەتکردنی سەدر بێت، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا، واتە لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، ناچێتە نێو هیچ پڕۆسەیەکی سیاسی، ئەمەش بەو مانایە دێت کە دژی هەر حکوومەتێکە کە ویستی ئەو ڕەچاو نەکرێت. بۆ شیکردنەوەی ئەم پرسە، یان وەڵامدانەوەی پرسیارەکە، دەبێت ڕەچاوی دوو خاڵی سەرەکی بکرێت، ئەوانیش:

یەکەم: ئەزموونی حوکمڕانی لە عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣، کە چەندین قۆناغی جیا جیای بەخۆیەوە بینیوە، سەدر وەک بکەرێکی کاریگەر هەمیشە توانای ئەوەی هەبووە، کە گرفتی گەورە لەبەردەم حکوومەت دروست بکات. جا لە ڕێگای شەقامەوە بێت، یانیش لە ڕێگای کوتلەی پەرلەمانییەوە بێت. لەسەر ئەم بنەمایە، دەتوانرێت بگوترێت، عێراق ناتوانێت بەرگەی ئۆپۆزسیۆنیی هێزێکی وەک سەدر بگرێت، لەبەر ئەوەی ئێستا پڕۆسەی سیاسی چەندین گرفتی گەورە و بنیاتی هەیە کە ناتوانێت چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.

دووەم: خاڵێکی دیكە، کە زۆر گرنگە ڕەچاو بکرێت، کاتێک خوێندنەوە بۆ حکوومەتێک دەکەین لە عێراق، کە سەدر ئۆپۆزسیۆنی بێت ئەوەیە کە سەرەڕای ئەزموونی ڕابردووی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی، پرسی ناکۆکیی نێو ماڵی شیعە ئالینگاریی گەورە دەبێت لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی. لەلایەکەوە ناکۆکیی سەدر لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، لەلایەکی دیکەشەوە ناکۆکیی ناوخۆیی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگییش گرفتێکی دیكەیە، لەبەرئەوەی زۆرینەی هێزە سیاسییەکان خاوەنی هێزی چەکدارین. لەم چوارچێوەیەشدا، بە حوکمی ئەوەی سەدر خاوەنی هێزی چەکدارییە، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت هەر حکوومەتێک پەک بخات، کە لەژێر چەتری ویست و داواکارییەکانی ئەواندا نەبێت.

کەواتە بەپێی شیکردنەوەی بارودۆخی عێراق، کە ئێستا پێیدا تێدەپەڕێ، حکوومەتی داهاتوو لە عێراق، نەک بەرگەی ئۆپۆزسیۆنیی هێزێکی کاریگەر و خاوەن پێگەی جەماوەریی وەک سەدر ناگرێت، بەڵکوو ناتوانیت لە بەرامبەر هیچ گرووپێکی دیكەی خاوەن هێزی چەکداری بوەستێت، لەبەرئەوەی، هەموو ئەو کێشە بنیاتییانەی کە لە سیستەمی سیاسی و پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەدی دەکرێن، زۆر گەورەترن لە توانا و لێهاتوویی حکوومەتێک کە لەسەر بنەمای ناکۆکی و ململانێی نێوان لایەن و گرووپە جۆراوجۆرەکان دروست بێت.