لە تاراوگە منداڵانی کورد فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی دەکرێن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە تاراوگە منداڵانی کورد فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی دەکرێن

ناوەندی رەوەندی کوردستانی ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە و تیایدا رایدەگەیەنێت کە کۆرسێکی دیکەی فێرکردن و نووسین و خوێندنەوەی زمانی کورد بۆ منداڵانی تاراوگە بە هەماهەنگیی وەزارەتی پەروەردە بە شێوازی ئۆنڵاین دەکاتەوە.

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی کۆرسی دووەمی فێرکردنی نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی بۆ منداڵانی تاراوگە، بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوازی ئۆنلاین دەکاتەوە، کە هەر سێ شێوەزاری سۆرانی و بادینی و کرمانجی لە خۆ دەگرێت.

ناوەندەکە رایگەیاندووە کە کۆرسەکە بە هەر سێ شێوەزاری سۆرانی و بادینی و کرمانجییە، لەمبارەیەوە هەورامان عەلی تۆفیق، جێگری سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و بەرپرسی راگەیاندنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، رایگەیاند، پڕۆژەکەیان بۆ ساڵی رابردوو بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجێگەیاندووە و لەو رێیەوە توانیویانە چەندین منداڵی کوردی تاراوگەنشین فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی شیرینی کوردی دایک بکەن.

ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە خوێندنی ئۆنڵاین، کە بە شێوەزارەکانی سۆرانی و بادینی، بۆ منداڵانی تاراوگەنشین، لە رێککەوتی 6ی3ی2022 کەوتە باری پراکتیکییەوە و ئەوەش لەڕێگەی تۆمارکردنی ناوی بەشداربووان لە رێی لینکێکی تایبەت.

هەورامان ئەوەشی خستەڕوو، کە ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، بەهۆی خەمخۆرییان بۆ زمانی دایک، پڕۆژەیەکی خوێندنی ئۆڵاینی پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، خۆشبەختانە لەلایەن ئالان حەمەسەعید، وەزیری وەزارەتەکەوە، پشتیوانی خۆیانی بۆ بە گەڕخستنی پڕۆژەکە پیشاندا، کە بریتییە لە خوێندنی زمانی کوردی بۆ منداڵانی کوردی تاراوگە نشین، ئەوەش لەپێناو ئەوەی منداڵانی کوردی دانیشتووی وڵاتانی دیکە، لە نووسین و خوێندنەوەی زمانی دایک بێ بەش نەبن.

روونیشی کردەوە کە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستای بۆ دابین کردووە، هاوکات پرۆسەی خوێندنەکەش وێڕای فێربوونی زمانی دایک لە وڵاتانی دەرەوە، هاوکات لە کۆتاییشدا بڕوانامەی دەرچوونیشیان بە شێوەی فەرمی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەدرێتە بەشداربووان.

بەرپرسی راگەیاندنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، داواش دەکات، هەر کەسێ ویستی بەشداری پێکردنی منداڵەکەی هەیە، ئەوا بە دروستی ژمارە تەلەفۆنێک، کە واتساپی لەسەر بێت، هاوکات ئیمەیلەکانیان دروست بن، ئەوەش لە پێناو پەیوەندیکردن پێیانەوە.

گوتیشی: "بەداخەوە کۆرسی یەکەم، ئەو کێشانەمان هەبوو، کە چەندین منداڵ بەهۆی ئیمەیلی ناردوست، یا ژمارەی بێ وەتسئاپ، نەیانتوانیوە بەشداری کۆرسەکە بن، بە هیوام بۆ ئەمجارە ئەو هەڵانە دووبارە نەکرێنەوە".

هەورامان عەلی، جارێکی دیکە داوا لە دایک و باوکانی کوردی دانیشتوانی تاراوگە دەکا، دەتوانن لەڕێی ئەم لینکەی خوارەوە، منداڵەکانیان تۆمار بکەن، کە بڕیارە مانگی 9 کۆرسی دووەمیان دەست پێبکەن.

لێرە کلیک بکە