كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 20/06/2022

مەسرور بارزانی و میدیاكارانی كوردستان.. گفتوگۆیەكی راشكاو

ئەمڕۆ (دووشەممە ٢٠\٦\٢٠٢٢) نزیكەی ٣٠ میدیاكار كە هەموویان بەڕێوەبەری گشتی و سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری یەكەمی دەزگا میدیاییە دیار و كارا و كاریگەرەكانی هەرێمی كوردستان بوون، لەلایەن بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، بانگهێشت كرابووین بۆ گفتوگۆیەكی دۆستانە و راشكاوانە كە هیوادارم لانی كەم سێ مانگ جارێك ئەم كۆبوونەوانە هەبێت.

میدیاكاران كە بە لێوردبوونەوەیەكی باش لەڕووی چەندێتی و چۆنیتییەوە دەستنیشان كرابوون، لە هەموو جۆرە دەزگاكان و لە هەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەكانی تێدابوو (تی ڤی، رادیۆ، گۆڤار، رۆژنامە، میدیای ئەلیكترۆنی) هەروەها ئەو میدیایانەی بە ئاشكرا حزبیین و ئەوانەش كە ژێربەژێر حزبیین بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە، وێڕای ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە (ئەهلی و سەربەخۆ و بێلایەن)، هەروەها ئەو میدیایانەش كە سەرچاوەی داهاتیان لە دەرەوەی كوردستانەوەیە، وێڕای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و سەنتەری میترۆ.

ئەگەر لە من بپرسن، دەڵێم: وێڕای دانیشتنە ١٠ سەعاتیەكەی ساڵی پاری بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان كە وەڵامی هەموو پرسیارەكانی پەرلەمانتارانی كوردستانی دایەوە، ئەمەی ئەمڕۆ یەكێك لە باشترین و سەركەوتووترین دانیشتن و گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو. هەروەها راشكاوانەترین و ئازادانەترین و كراوەترین گفتوگۆی نێوان میدیا و دەسەڵات یان میدیاكاران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا.

دانیشتنەكە بۆ هەردوو لا گرنگ و پڕ پرسیار و پڕ وەڵام و پڕ زانیاری بوو، كات و ماوەی دانیشتن بەدەست ئێمەی میدیاكاران بوو، تا ئەو ئاستەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان زیاد لە جارێك جەختی لە كرانەوەی كات كرد و گوتی: ”گەر ئێوە پەلەتان نەبێت، من پەلەم نیە و دەمەوێ چی هەیە پێكەوە باسی بكەین“ كاك شەعبان شەعبان بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانیش كە ئیدارەی گفتوگۆ و كاتەكەی كرد، دەرفەتی تەواوی بۆ هەموو میدیاكاران رەخساند و هەموان لە كات و لە قسەكردندا تەواو ئازاد بوون، بێ قسە پێبڕین بە هیچ میدیاكارێك.

بەر لە كۆبوونەوە و دەسپێكی گفتوگۆ، نورەدین سەعید وەیسی بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكوومەت، هاتە لامان و پێی راگەیاندین كە ئەم دیدار و گفتوگۆیە ئەوپەڕی دۆستانە و ئازادە، تەواوی گفتوگۆكەش بە كامێرای ڤیدیۆ تۆمار دەكرێت و دەدرێ بە میدیاكان بۆ بڵاوكردنەوە، هەر كەس ئازادە چی پرسیار و رەخنە و تێبینیی لەسەر حكوومەت و ئەدای حكوومەت و كاروبار و هەنگاوەكانی حكوومەت هەیە، با بەڕاشكاوی ئاراستەی سەرۆكی حكوومەتی بكات.

دوای ئەوە بانگ كراین بۆ هۆڵی كۆبوونەوە، لە بەردەرگای هۆڵەكەدا، بەڕێز مەسرور بارزانی بە روویەكی گەش و بە رووخسارێكی كراوەوە و دەمبەخەندەوە راوەستابوو و بە تەوقەكردنێكی دۆستانەوە، یەكە یەكە بە گەرمی پێشوازیی لێ كردین.. سەرۆك وەزیران زۆر بەكورتی قسەی كرد و رێگەی دا میدیاكاران بە كامی دڵ قسە بكەن، لە گفتوگۆكەدا رەخنەی توند لە حكوومەت گیرا، بەڵام قبووڵكردنی رەخنەكان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە و هەروەها وەڵامە لۆژیكی و پڕ زانیارییە وردەكانی بە داتای زۆر گرنگەوە، جێی دڵخۆشیی هەموان بوو، تەنانەت زۆر لەو رۆژنامەنووسانەی كە بە رەخنەگرتنی بەردەوام لە حكوومەت و خودی سەرۆك وەزیران ناسراون، دوای كۆبوونەوەكە، سەرسامیی خۆیان بە سنگفراوانیی سەرۆك وەزیران لەئاست رەخنەدا، دەربڕی.

وردەكاریی هەموو گفتوگۆكە بەتەواوی لە میدیاكاندا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە من زۆرتری لەسەر ناڵێم، بەڵام دەكرێ بڵێم، دیارترین رەخنە و گلەیی سەرۆك وەزیران لە میدیاكاران ئەمانە بوون: ”گرنگە میدیاكاران بە گیانی بەرپرسیارێتیی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ پەیامی گرنگی پیشەكەیان بكەن، گرنگە جیاوازی لەنێوان (رەخنەگرتن لە دەسەڵات و حكوومەت) لەگەڵ (لەبەرچاوخستنی كوردستان وەك نیشتمانی هەموان) بكەن، حكوومەت دێ و دەڕوات بەڵام كوردستان وەك نیشتمانی هەموان دەبێ بمێنێت و پارێزراو بێت و پێش بكەوێت، نابێ بێئومێدكردنی خەڵكی كوردستان لەم ئەزموونە و لە هەموو دەستكەوتێك ببێتە پیشەی میدیاكاران، دەبێ رەخنەی میدیاكاران لەپێناو باشتركرنی رەوشەكە بێت، گرنگە میدیا بە باش بڵێت باش و بە خراپ بڵێ خراپ، هەردوو دیوی رەش و سپیی رەوشەكە ببینێت، گرنگە سەرچاوەی داهاتی میدیاكانی كوردستان دیار بێت، نابێ خەڵكێك لەژێر ناوی رۆژنامەنووس و بە ناسنامەی رۆژنامەنووسەوە كاری خراپ دژی كوردستان و ئەمنییەتی خەڵكی كوردستان بكات، دەبێ میدیاكاران پێش هەموو كەس لەدژی ئەو جۆرە خەڵكە بوەستنەوە“

دیارترین رەخنە و گلەیی میدیاكارانیش لە حكوومەت و سەرۆكی حكوومەت ئەمانە بوون: ”حكوومەت زانیاری و داتای پێویست بە میدیاكان نادات، زۆر لە بەرپرسانی حكوومەت قسە بۆ میدیاكان ناكەن و دەرگایان داخراوە، سەرۆكی حكوومەت دروشمی چاكسازیی هەڵبڕیوە و كاری بۆ دەكات، بەڵام لەو پرۆسە گرنگەدا میدیا ناكاتە شەریك و هاوبەش تا پرۆسەكە سەركەوتوو بێت، لە سەروبەندی رووداو و هێرشە تیرۆریستییەكاندا، هێزە ئەمنییەكان ئەزیەتی میدیاكاران دەدەن، پێویستە حكوومەت پلانی وردی هەبێت بۆ پاراستنی زمانی كوردی، ئازادیی رادەربڕین هەڕەشەی لەسەرە، رۆژنامەنووس نابێ زیندانی بكرێت، حكوومەت پێویستە لە پرۆسەی چاكسازییدا گەندەڵكاران بخاتە زیندانەوە، نابێ جیاوازی لەنێوان شارەكاندا بكرێت لە پرۆژەی خزمەتگوزارییدا و.. هتد“

لە دیمەنی گشتیی گفتوگۆكەدا، دوو شت بەلامەوە جێی سەرنج بوو، یەكەمیان: بەشبەحاڵی خۆم وەك میدیاكارێكی پیاو، شەرمم لەوە كرد كە لەنێو ٣٠ بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری دەزگای میدیایی كوردستاندا، تەنیا یەك خانمی میدیاكارمان تێدابوو، ئەمە گلەییەكە لە خۆمان وەك دەزگا میدیاییەكانی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستاش یان متمانەمان بە تواناكانی خانمانی میدیاكار نیە، یان رێگە خۆش ناكەین ئافرەتێك سەرپەرشتیی پرۆژەیەكی میدیایی بكات، یان مافی ئافرەت لای ئێمەی (رۆشنبیر و میدیاكار) پێش هەر كەسێكی تر پێشیل كراوە.. لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانیشەوە ئەمەمان وەك توانجێك پێ گوترا!

خاڵی جێ سەرنجی دووەمم ئەوە بوو، كاتێ پێمان گوترا تەواوی دانیشتن و گفتوگۆكە لە میدیاكاندا بڵاو دەكرێتەوە. ناڵێم هەموان، بەڵكوو هەندێ لە میدیاكاران جۆش و خرۆشی گەنجانە گرتنی و وەك پەرلەمانتارە گەنجەكانی كوردستان، كە كاتێ دەزانن تەلەڤزیۆن راستەوخۆ دانیشتنەكان دەگوازێتەوە، جۆرێك لە موزایەدە دەكەن، بەداخەوە هەندێ لە میدیاكارانیش لەو دانیشتنەی ئەمڕۆدا وایان كرد، ئاخر ئەو رستەیەی هەندێ هاووڵاتیی كاسبكار یان وەستاو لە سەرەی مووچەدا بە تووڕەیی دەیڵێن: ”ژیان نیە، مووچە نیە، ئاو نیە، كارەبا نیە، ئەمنییەت نیە، جادە نیە، دەرمان نیە، ئازادی نیە، حكوومەت هیچی نەكردووە، حكوومەت لە هەموو روویێكەوە شكستی هێناوە!“ ئاساییە ئەو خەڵكە لە تووڕەییدا بیڵێن، بەڵام رۆژنامەنووس دەبێ وردتر و بەدیقەتتر بدوێت، دەبێ داتا و بەڵگە و ناو بدركێنێت، ئاخر ئەگەر هەموو ئەوانە لە كوردستاندا نەبێت، ئەدی كوردستان چۆن ماوە؟