مەسرور بارزانی لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەک زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان کۆ بووەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مەسرور بارزانی لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەک زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان کۆ بووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 20 ی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان کۆبووینەوە.


لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ئەوە دا کە مەبەست لە کۆبوونەوەکە، ئەوەیە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لەگەڵ ڕاگەیاندن و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە، لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکرێت بۆ بەرچاوڕوونی و خستنەڕووی زانیاری و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی حکومەت لە بارەی چەندین بابەتی گرنگ.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد، کە هاوکار و یارمەتیدری حکومەت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی . ئاماژەشی بەوە دا کە ڕاگەیاندن ئەرکێکی پیرۆز و گرنگی هەیە و پێویستە بە بەرپرسیارییەتیەوە، ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەبڕین و ڕەخنەگرتن دەکات بۆ چاکسازی و باشترکردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی کوردستان. بەڵام لە هەمانکاتدا، پێویستە ڕاگەیاندن داکۆکیش لە پرسە نیشتمانییەکان و دەسکەوتەکان بکات کە لە ئەنجامی قوربانیدانێکی زۆری خەڵکی کوردستانەوە، بەدەست هاتوون.

مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد کە کابینەی نۆیەم، زۆرترین زانیاری بڵاوکردووەتەوە و ڕوونکردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانی کوردستان و ڕای گشتی داوە.

گوتیشی، ئێمە لەناوچەیەکی قەیراناوی و نائارامدا دەژین،لە ساڵانی ڕابردووشدا ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، وەک کۆڕۆنا و قەیرانی تەندروستی و دارایی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوام بووین لە ئەنجامدانی پڕۆژە و چەندین چاکسازیمان لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجامدا. بەڵام چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە و ئامانجیش لەم چاکسازییانە، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە.

جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت هی هەموو هەرێمی کوردستانە و بەبێ جیاوازیيش، خزمەتی هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی کوردستان دەکات.

لە بارەی پەیوەندییش لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات، هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە و داواش دەکات مافە دەستوورییەکانی پێشێل نەکرێت .

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت، وەڵامی سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەی ئامادەبووانی دایەوە و کورتەیەکیشی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا خستەڕوو.